شاندی هەدەپە سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد

شاندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد.

شاندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە شاری هەولێر سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی کرد و لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) کۆبوونەوەى ئەنجامدا بوو.

سەردانی هەدەپە بۆ لای کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر

شاندی هەدەپە بۆ ئەوەى سەرنجەکان رابکێشێتە سەر چالاکیی مانگرتنی زیندانیان لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، کە بە پێشەنگایەتیی زیندانیانی پەکەکە و پاژک لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لە پێناو کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و پێشێلکاریی مافی زیندانیان بەڕێوەدەچێت، سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد.

شاندەکەى کۆمەڵی ئیسلامی پێکهاتبوون لە عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و شوان رابەر بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی.

شاندی نوێنەرایەتیی هەدەپەش لە هەولێر پێکهاتبوون لە ناهیدە ئەرمیش و حیکمەت خەتیب.

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی پێشوازیی لە شاندەکەى هەدەپە کرد. عەبدولستار مەجید لە چاوپێکەوتنەکەدا رایگەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی پشتیوانی لە چالاکییەکانی مانگرتن و هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنیی گەلی کورد دەکات. راشیگەیاند، لەگەڵ دۆزی رەوای گەلی کورددان.

کۆبوونەوەى هەدەپە لەگەڵ نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)

راحیبە حەمەد عەبدوڵا وەک نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی پێشوازیی لە شاندەکەى هەدەپە کرد. لە چاوپێکەوتن لەگەڵ راحیبە حەمەد عەبدوڵا نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە)، راحیبە حەمەد عەبدوڵا بە ناوی یەکێتیی نیشتمانییەوە هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی چالاکییەکانی مانگرتنی زیندانیانی پەکەکە و پاژک خستەڕوو.

 راحیبە حەمەد رایگەیاند، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت وڵاتێکی ئارامی هەبێت، دەبێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پێکهاتەکان و گەلانی تورکیا بە تایبەتی لەگەڵ گەلی کورددا باش بکات.

راحیبە حەمەد عەبدوڵا لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستە سەر ئەشکەنجەى ناو زیندانەکان لەسەر زیندانیان و وتی، "ئەمڕۆ بزووتنەوەى ئازادیخوازی گەلی کورد و رێبەرەکەى سەرۆک ئاپۆ، هەروەها ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتاران و چالاکوانانی کورد لە زیندانەکاندا رووبەڕووی ئەشکەنجە دەکرێنەوە و لە رووی دەروونییەوە گوشاریان لەسەرە و دۆخیان باش نییە. بە تایبەتی ماوەیەکە رێگا  نادەن پارێزەران و بنەماڵەکەى لەگەڵ سەرۆک ئاپۆ چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی گەل و چالاکوانان لە ناوخۆ و جیهاندا بەرامبەر تورکیا. لەبەر ئەوەش ئەگەر تورکیا دەیەوێت پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەى بکات، پێویستە زۆربەى ئەو زیندانییانە، کە بەبێ تاوان زیندانیکراون، ئازاد بکات، بە تایبەتی ئەگەر سەرۆکی بزووتنەوەى ئازادیخوازی گەلی کرد ئازاد بکات، بۆ ئەو زۆر باش دەبێت".

راحیبە حەمەد عەبدوڵا هەروەها هیوای خواست، کە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانیانی تر، کە بە دەنگی خەڵک بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان هەڵبژێردرابوون ئازاد ببن.

 راحیبە حەمەد عەبدوڵا لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند، هەڕەشەى داخستنی هەدەپە رەفتار و هەڵسوکەوتێکی هەڵەیە، کە تورکیا بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامی دەدات.

ژ.ت