شاندی ژنانی شەنگال ئەمڕۆ سەردانی یەنەکەیان کرد

لە بەردەوامی سەردانەکانی ژنانی شەنگالدا، ئەمڕۆ شاندەکە سەردانی ژنانی یەکێتیان کرد و وا بڕیاری کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ سەردانی ڕێکخراوی ئازادی ژنانی کوردستان بکەن.

ئەمڕۆ شاندی ژنانی شەنگال بە سەرپەرشتی ریهام حەجۆ سەردانی ژنانی یەنەکەیان کرد لە شاری سلێمانی و لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە پرسی شەنگال گفتوگۆیان کرد.

شاندەکەی شەنگال لە لایەن کنێر عەبدوڵا و پۆلێک لە ژنانی یەنەکەوە پێشوازی لێکرا، سەرەتا ریهام حەجۆ لەسەر ناوی شاندەکە دەربارەی ڕەوشی ناوچەکە و ئامانجی سەردانەکەیان چەند خاڵێکی گرینگی باس کرد کە یەکێک لەو خاڵانەش سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەی پەدەکە و عێڕاق بوو. هاوکات داوای کرد کە یەنەکە هەڵوێستی خۆی ئاشکرا بکات، دەربارەی ئەم پرسە و چیتر بێدەنگ نەمێنێت لە ئاست ئەو دەستدرێژیەی پەدەکە بۆ سەر شەنگال. هەروەها لە چوارچێوەی کێشەی ژنان و ئاستەنگیەکان لە بەردەمیان، شاندەکەی شەنگال بە گرنگەوە باسی لە بونیادنانی یەکێتی ژنانی چوار پارچەی کوردستان کرد.

ژنانی یەنەکەش جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە هەماهەنگ بن و داواکاریەکانیان بگەیەنن بە سەروی خۆیان. هەروەها ئاماژەیان بەوەش کرد کە کێشەی شەنگال و بە تایبەتی کێشەی ژنانی شەنگال پەیوەندی بە ژنانی هەمو باشوری کوردستانەوە هەیە و پێویستە بە یەک دەنگی ژنانی باشور هەڵوێستیان هەبێت.

ز.ش