سوپای تورک ناوچە مەدەنییەکانی بۆردومان کرد

سوپای تورکی داگیرکەر جارێکی دیکە ناوچە مەدەنییەکانی بۆردومان کرد و زیانێکی گەورەی بە دانیشتوانی باشوری کوردستان گەیاند. ئامانج لە بۆردومانکردنی ناوچە مەدەنییەکان ئەوەیە ناوچەکە لە خەڵک چۆڵ بکرێت.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و کۆمەڵکوژ ماوەیەکی زۆرە ناوچە مەدەنییەکانی باشوری کوردستان بە پاساوی بوونی گەریلا دەکاتە ئامانج و بەوەش داگیرکاریی خۆی لە باشووری کوردستان بە ڕەوا نیشان دەدات. لە ڕۆژانی ڕابردوودا جارێکی دیکە سوپای تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی جەنگی لە ناوچەی گارە ڕێگای گوندەکانی کردە ئامانج و بە ناپاڵمی چەند تۆنی ئەو ڕێگایانەی بۆردومان کرد.

ئاژانسەکەمان چووە شوێنی ڕووداوەکە و پەیامنێری ئاژانسەکەمان دلارا نورحق ئەو هێرشانەی تۆمار کرد، کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەر و پاکتاوکارەوە کراونەتە سەر ناوچە مەدەنییەکان. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە زیانێکی زۆر بە ناوچەکە گەیشتووە و ڕێگای گوندنشینان وای لێهاتووە، کە ئیدی ناتوانرێت بە کار بهێنرێت.

ئەو ڕێگایانە، کە لە دیمەنەکاندا دەردەکەون، لە دهۆک و ئامێدی تاوەکو ئاکرێ، زۆرێک لە گوندەکان و ناوچەکان، شار و شارۆچکەکان پێکەوە دەبەستنەوە. بە تایبەتی ئەو ڕێگایانە لە بەهار و لە وەرزی کشتوکاڵدا ڕێگای سەرەکییی گوندنشینانە بۆ سەر بێستان، ڕەز، باخ و باخچەکانیان.

دانیشتوانی ناوچەکە ئەو ئۆپەراسیۆن و هێرشانە بۆ سەر ڕێگاکانی گارە بە سیاسەتێکی تایبەت لە دژی کۆمەڵگای باشووری کوردستان لێکدەدەنەوە. پێشتریش گوندنشینانی گارە لەلایەن بەرپرسانی پارتی (پەدەکە)وە هەڕەشەیان لێکرابوو، کە نابێت بچنە ناوچەکانیان و نابێت ئەو ناوچانە بەکاربهێنن. بەڵام گوندنشینانی ئەو ناوچانە بەهۆی بژێویی ژیانیان ناچارن ئەو ڕێگایانە بەکاربهێنن. سەرەڕای گوشاری بەرپرسانی پارتی (پەدەکە) بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە، بەڵام خەڵک ئامادە نییە دەستبەرداری ماڵ و حاڵ و ڕەز و کێڵگەکانیان ببن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە، کە ڕەنگە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار ئەمجارە ڕێگای جیاوازتر بگرێتە بەر.

بۆردومانکردنی ناوچەکە بەتایبەتی بۆردومانکردنی ڕێگاکان نیشانی دەدات، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار دەیەوێت دانیشتوانی ناوچەکە بترسێنێت و ناوچەکە لە دانیشتووەکانی چۆڵ بکات. بێدەنگی و بێهەڵوێستیی بەرپرسانی هەرێم ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەو هێرشە دڕندانانە زیاتر ببن.

ژ.ت