سۆزدار ئاڤێستا: دەوڵەتی تورک دەیەوێت کوردی ئازاد لە ناو ببات

سۆزدار ئاڤێستا شیکاریی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کرد و وتی، "دەوڵەتی تورک بۆ پاکتاوکردنی کوردانی ئازاد، کە پاکەکە و رێبەر ئاپۆ خۆڵقاندوییانە، دەیەوێت ناوچەکە داگیر بکات و خەونی عوسمانیی خۆی بەدی بهێنێت".

 

 سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى سەرۆکایەتیی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداری بەرنامەی کەناڵی ئاسمانیی ستێرک تیڤی بوو و شیکاریی بۆ هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس و هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە" و بەرخودانی گەل لە شەنگال کرد.

ئاڤێستا لەبارەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و داوای پارێزەران بۆ چاوپێکەوتن وتی، "پێش وەڵامدانەوەى پرسیارەکەتان دەمەوێت بە رێزەوە یادی هاوڕێ سینان دێرسیم و هاوڕێ هەورام فەرماندەی ئەیالەتی مێڕدین و هەر چوار هەڤاڵە شەهیدەکەى بکەمەوە. ئێمە لە مانگی ئایارداین، کە بۆ ئێمە مانگی شەهیدانە. بەم بۆنەیەوە یادی شەهیدی گەورەی ئینتەرناسیۆنالیست حەقی قەرار، هۆزان مزگین، محەمەد قەرەسونگور، لەیلا قاسم، شۆڕشگێڕانی گەورەی چەپی تورک دەنیز گەزمیش و هەموو هاوڕێکانی و شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکەی هەولێر بە رێزەوە بەرز رادەگرم. ئەگەر ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا تێکۆشان دەکەین، ئەو تێکۆشانە لە سایەی ئەو شەهیدانەدا بەدیهاتووە.

بێگومان گۆشەگیری هەموو کات لەگەڵ سیستمی ئیمراڵی شیکار دەکرێت. رێبەر ئاپۆ دیلکراوە، بەڵام دیلێکی ئاسایی نییە. گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆش گۆشەگیرییەکی ئاسایی نییە. ئەو گۆشەگیرییە لەسەر گەلی کوردستان، ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان بەڕێوەدەبرێت. لەبەر ئەوەش دیدی کوشتارکردن و کۆمەڵکوژییەکانی پێشوو لە ئیمراڵییەوە دەستپێدەکەنەوە. دەیانەوێت ئەو دید و خواستە لەسەر رێبەر ئاپۆ پێکبهێنن و ئەنجامێک بە دەست بهێنن.  ئەو بەرخودانەى گەریلا لە گارە ئەنجامیدا، ئیرادەیەک کە ژنان لە ٨ی ئاداردا خستیانەڕوو، هاواری ئازادی کە لە نەورۆزدا لەلایەن ملیۆنەها کەس لە گەلەکەمانەوە خرایەڕوو، گۆشەگیریی دەوڵەتی تورکی پووچ کردەوە. دەوڵەتی تورکی فاشیست لە بەرامبەر ئەوانەدا کرداری بێ ئەخلاقانە و بەدەر لە مرۆڤایەتیی خستەکار. بە گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ خواستیان ئیرادە و سەبری گەلی کورد تاقی بکەنەوە. لەبارەی ژیانی رێبەر ئاپۆ هەندێک هەواڵیان لە راگەیاندنەکانیاندا بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر بەهۆی ناڕەزایەتیی گەلەوە ناچار بوون و رێگایان بە پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دا، کە تەنها ٤ خولەک بەردەوام بوو. لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا رایگەیاند، ئەوە فریودانێکە و ئەو ناوکەوێتە ناو ئەو یارییەوە. رایگەیاند، ئەو زیندانییەکی ئاسایی نییە. وتبوی، ئەگەر دەخوازرێت چارەسەرییەک پێکبێت، دەبێت پارێزەران بێن بۆ چاوپێکەوتن. بێگومان گۆشەگیری بەو پەیوەندییە تەلەفونییە کۆتایی پێنەهاتووە. بەپێچەوانەوە توڕەیی گەلەکەمان زیاتر بووە. دۆخی رێبەر ئاپۆ، چارەنووسی کوردستان و ناوچەکە پێکەوە بەستراونەتەوە. تاوەکو ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییە کۆتایی پێ نەیەت گۆشەگیری بەردەوامیی دەبێت".

ئاڤێستا باسی هێرشەکانی سەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کرد و وتی، "ئەوە یەکەم هێرش نییە. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هێرشەکان زیاتر بوون. دەچنە کوێ دەیانەوێت داگیری بکەن. بە تایبەتی دەیانەوێت هێدی هێدی باشووری کوردستان داگیر بکەن و خۆیانی تیادا جێگیر بکەن. ئامانجی ئەو ئۆپراسیۆنە زۆر روونە. ئەوان بۆ خۆشیان بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە فەرمان و مۆڵەتی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا ئەو ئۆپراسیۆنانە ئەنجام دەدرێن. مێژووی دەستپێکردنی ئەم ئۆپراسیۆنەشیان سەرنجڕاکێشە. ٢٤ی نیسان رۆژی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانە. لە هەمان رۆژدا دەیانەوێت کوردیش پاکتاو بکەن. لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٧دا هێرشیان کردە سەر قەرەچۆغ، لەوێ هێزەکانی هەپەگە و یەپەگە هەبوون. لە هەمان کاتدا لە شەنگال هێرشیان کردە سەر گەلی ئێزدی. پەیامی ئەو کات لەو هێرشانەدا هەر ئەوە بوو، کە پاکتاوتان دەکەین و ئێستاش هەمان ئەو پەیامەیان هەیە.

لە مێژوودا چۆن گەلی ئەرمەنیان پاکتاوکرد، ئەمڕۆش دەیانەوێت هەمان شت بەسەر کورددا بهێنن. ئێمە لە بەرامبەر سیاسەتی نیو عوسمانییاندا بووینەتە لەمپەر و گرفت، چونکە لە ناوچەکەدا تاکە لەمپەری بەردەم هێرش و  داگیرکەری و خۆسەپاندنیان ئێمەین و ئەوانیش هێرشمان دەکەنە سەر. پێش ئەم ئۆپراسیۆنە ئێمە لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی ئەوانمان لە راگەیاندنەکاندا چاودێری دەکرد. ئەردۆغان هەموو رۆژێک چاوەڕێ بوو بایدن تەلەفونێکی بۆ بکات. پێش ئۆپراسیۆنەکە بۆ ماوەى ٣ کاتژمێر پەیوەندیی تەلەفونیان ئەنجامدا. وەزیری دەرەوەى تورک لەگەڵ مەسرور بارزانی پەیوەندیی ئەنجامدا. نێچیرڤان بارزانیش چەند چاوپێکەوتنێکی نێونەتەوەیی ئەنجامدا. ئێمە زۆر باش دەزانین، کە دید و خواست بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە نوێ نییە، چونکە نەک تەنها باشووری کوردستان، بەڵکو هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکاتە ئامانج.   

ئەو هێرشە لە دژی دەستکەوتەکانی تێکۆشانی ٤٠ ساڵەیە. لە دژی ئیرادەی کوردانی ئازادە. دەیانەوێت کوردی ئازاد، کە پەکەکە و رێبەر ئاپۆ بونیاتیان ناوە لە ناو ببەن و خەونی عوسمانیی خۆیان پێکبهێنن. بەو مەبەستە دەستیان بە ئۆپراسیۆن کردووە و ئەو ئۆپراسیۆنە تا ئێستا بەردەوامیی هەیە. لە زاپ، ئاڤاشین، مەتینا، لیجە، ئامەد و باکووری کوردستان ئەو ئۆپراسیۆنە بەردەوامیی هەیە. لەلایەکی ترەوە شەڕی دەروونی و پیسکۆلۆژیکیش بەڕێوەدەبەن، بەڵام ئێمە دەزانین ئەو ئۆپراسیۆنە بە ئامانجەکەى خۆی ناگات.

چونکە لە رووی سیاسیشەوە دەزانن، کە بە ئامانجەکەیان ناگەن و دەیانەوێت رۆژەڤ بگۆڕن. لە راستیدا لە خاڵی یەکەم و لەو شوێنەوە کە ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە، هەر لەوێدا تێکشکاون. ئێستا نازانن چۆن خۆیانی لێ زرگار بکەن. ئێمە ئەوە رادەگەیەنین، دەرەنجامەکانی ئەم ئۆپراسیۆنە لەوەی گارە خراپتر دەبێت. گورزێکی گەورە دەخۆن. لە گارە تووشی شڵەژان و شپرزەیی بوون و ناچار بوون رابکەن. وەک ئەوەى لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە کاتی ئۆپراسیۆنی زاپ دا رایانکرد".

ئاڤێستا لەبارەی ئەم تێکۆشانەى گەلی کوردەوە وتی، "من سەرەتا سڵاو لە قارەمانانی زاگرۆس، هێزەکانی شەڕی خابوور و حەفتانین و هەموو هێزە فیداییە ئاپۆییەکان دەکەم، کە گۆڕەپانە ئازادەکانی کوردستانیان کردووە بە گۆڕەپانی تیکۆشان و بەرخودان. ئەوان بە دونیایان نیشاندا، کە هیچ هێزێک لە ئیرادەی گەریلا گەورەتر نییە. هیچ تەکنەلۆژیایەک لە ئیرادە و پێداگری و بە بڕیاربوون بەهێزتر نییە. گەریلا قارەمانەکان ئەوەیان سەلماند. هەموو کەس سەیری ئەو داستانە قارەمانێتییە دەکات. هێزەکانی گەریلامان لە بەرامبەر هەموو جۆرە تەکنەلۆژیایەکی هێزەکانی ناتۆدا بە ئیرادەیەکی بەهێز و تەکنەلۆژیا و تاکتیکی گەریلای سەردەمی نوێ تێدەکۆشن. تاوەکو ساتەکانی ئەم قسەکردنەمان و بەپێی ئامارەکان ١٤٠ سەربازی تورک کوژراون و سێ ئەوەندەی ئەو ژمارەیەش برینداریان هەیە.

لە بەرامبەر ئەوانەدا و وەک ئەوەى شتێک نەبوو بێت وەزیری دەرەوەی تورک بە گۆترە و چەواشەکارانە قسە دەکات و دەیەوێت رۆژەڤی تر بێنێتە پێشەوە. ئەوە دەریدەخات، کە دەوڵەتی تورک چەند داماو و زەلیلە. شێوازی بێ ئەخلاقانەى وەهایان هەیە، کە ئیدی بۆمب بە ئاژەڵەوە دەبەستنەوە و لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا دەیان تەقێننەوە. گەیشتوونەتە ئاستێکی وەها لە بێ چارەیی و بێ ئەخلاقیدا. گەلەکەمان ئەوە دەبینێت. گەلەکەمان لەم کاتەدا چۆن پشتیوانییەک لە گەریلا دەکات؟ ئەوە پرسیارێکی گرنگە. لە دوو رۆژی سەرەتادا  گەلەکەمان لە گەورەیی ئۆپراسیۆنەکە تێنگەیشتبوو، بەڵام دوای ئەوە گەلەکەمان رژایە سەر شەقامەکان و گۆڕەپانەکان و پشتیوانییان لە گەریلا کرد. ئەوە بەس نییە. دەبێت گەلەکەمان ئەوە بزانێت، کە ئێمە شەڕی هەبوون و نەبوون دەکەین.

ئەم جارە تێکچوونی ئەردۆغان و باخچەلی لە زاپ. ئاڤاشین و مەتینا گۆشەگیری کۆتایی پێ دەهێنێت. هەتاکوو ئەم تێکۆشانە سەر نەکەوێت ئەوا گۆشەگیری لە ئیمرالی بەردەام بێت. هەتاکوو لێرەدا تێکنەچێت ئەوا هێرش بۆسەر ڕۆژئاوای و شەنگال دەکرێت. لەبەر ئەوە دەبێت گەلی ئێمە لە دەوری گەریلا ببنە یەک، شەو و ڕۆژ لە مەیدانەکاندابن. ئەم شەڕە تەنیا شەڕی گەریلا نییە، ئەمە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕە. ئەم شەڕە شەڕی مان و نەمانە. گەلی کوردستان، دۆستانی ئێمە  هێزە دیموکراسیخوازەکان ڕاگەیاندراویاندا و ئەم ئۆپەراسیۆنەیان ئیدانەکرد. ئەم پشتگیرییە گرانبەهایە، بەڵام بەس نییە. دەبێت لە ناو ژیانی پراکتیکیشدا هەوڵ بدرێت.

چۆن هەموو کەسێک لە سەرکەوتنی گەریلا لە گارە مۆراڵی وەرگرت، دەبێت لەئیستاشدا هەموو کەس ڕاپەڕێتە سەر پێ. دەبێت بەرخۆدانی گەریلا ببێتە هۆکاری یەکگرتن و پشتگیری. لەسەر ئەو باوەڕەدام کە گەلەکەمان بەم شتە دەزانێت. دەبێت کە لە پێش ئەوانیشدا ئاستەنگی هەبێت. لە قەیرانی کرۆنادا هێزە کاپیتالیستەکەن بەمەیلی خۆیان دەجووڵێنەوە. کاتێک کە دەخوازن نەخۆشی کرۆنا لادەبەن و کاتێک بیانهەوێت مرۆڤەکان دەخەنە ماڵەوە. ئەردۆغان کاتێک کە کونگرە دەگرێت کۆبوونەوە ئازادە، بەڵام رێگە بە کۆبوونەوە و چالاکی گەل نادات کە بێنە مەیدانەکان.

بەتایبەتی دەبێت گەلی باشووری کوردستان ناڕەزایەتی نیشان بدەن. دەبیت بزانن کە دەوڵەتی تورک بچێتە هەر شوێنێک دەیەوێت داگیری بکات. هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە تایبەت پەدەکە لە دەرەوەی ئەم پلانە نین. لەوانەیە کە بەشیوەی کردەیی لەناو ئۆپەراسیۆنەکەدا نەبن بەڵام ئێمە دەزانین، کە چۆن لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکەدا لە جموجوڵدان. ڕۆژانە ئۆپەراسیۆن دەکرێت و خاکی باشووری کوردستان بۆردومان دەکرێت. کاتێک کە ئەمانە ڕوو دەدەن، مەسروور بارزانی دەڵێت، هۆکاری ئەمانە پەکەکەیە. کاری بارزانی بەرگری لە ئاکەپە نییە. دەبێت خۆیان نەخڵەتێنن.

هەنگاوی دووەمی دەوڵەتی تورک هەولێر و سەلاحەدینە. دەبێت گەلی باشووری کوردستان خاوەنداریەتی لە بەهاکانی خۆیان بکەن. گەلی باشووری کوردستان گەلێکی بەرخودێر و بەشەرافەتن. گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات دەبێت بە شیوازی هەمەگیر و چڕ خاوەندارێتی لە تێکۆشان بکەن. گەریلاش ئەرکی خۆی ئەنجام دەدات و داستانی مێژوویی تۆمار دەکات. هەنگاوی هەڵۆکانی زاگرۆس ئامانجی ئەمەیە. هەنگاوی خابوور و هەفتانین بەم واتایەیە. گەریلا ئیرادەیەکی مەزن نیشان دەدات، دەبێت گەل پشتگیری ئەم ئیرادەیە بکات."

ئاڤێستا باسی لە رێکەوتنی سەر شەنگالی کرد کە لە نێوان پەدەکە، تورکیا و عێراقدا و وتی، " هێرشی سەر شەنگال پلانێکی ئەم شەڕەیە. ئەمە پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەمە. لە ٩ی تشرینی یەکەمدا گەلەکۆمە لەسەر رێبەر ئاپۆ دەستیپێکرد . لە ١٥ی شوباتدا کاتێک سەرۆک ئاپۆ بە دیلگیرا هێرشی سەر گارە دەستیپێکرد و لە ٢٤ی نیساندا ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان هێرش بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کرا. ئەمانە هەمووی لەلایەن یەک هزرەوە دەکرێت. لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە هەتاکوو ئێستا  لە شەنگاڵ بەرخۆدانیکی مەزن هەیە. ئەویش بۆ مافەڕەواکانی خۆیانە. هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ لەسەر گەلی شەنگال گەلێک فەرمان کراوە. هەرە دوایی لەساڵی ٢٠١٤لە بەرچاوی هەموو جیهان داعش هێرشی کردە سەر شەنگال. ئێمە دیمان لەوکاتەدا گەل خۆیان چۆن پاراست. گەل لە گوندی گرێ زەرک بە چەک لە ئەو شەوەی  کە هێرش دەستیپێکرد  و هەتاکوو نیوەڕۆ بەرخۆدانیان کرد. بەدەیان گەنج شەهید بوون لەوکاتەی، کە کەس بەرخۆدانی نەکردایەت لەماوەی نیو کاتژمێردا شەنگال داگیر دەکرا. هەر بۆیە ئیرادەی بەرخۆدانی گەلی شەنگال هەیە. گەلی شەنگالیش شەڕی مان و نەمان دەکەن.

من دەزانم کە حکومەتی عێراق بە زۆری پەدەکە و تورکیا پەیمانێکی ئاوەهای واژۆکردووە. ئەم پەیمانەش لەسەر گەلی شەنگال دەکەنە کەرەستەی هەڕەشە. گەل دەخوازیت سیستمی خۆی بەردەوام بکات. ئەو هێزانەی کە لەوکاتەدا گەل بڕاوی پیان هەبوو لە کاتی هێرشی داعشدا پشتی گەلیان چۆڵکرد. ئێستا گەل بۆچی باوەڕی پێیان هەبێت؟ دایکێک کە لەهەمبەر سوپای عێراق لە زووڵمی داعش رزگار بوونە. ئەو هێزانەی کە دەخوازن شەنگال داگیر بکەن، لەو دایکانە شەرم ناکەن. گەلی شەنگال هیچکات ئەو هێرش و پەیمانە قەبووڵ ناکات.

لە یاسای بنەڕەتیی عێراقدا مافی گەلان هەیە، کە بە باوەڕی و زمانی خۆیان بژین. دەبێت حکومەتی عێراقیش بە پێی یاسای بنەڕەتیی خۆی  کار بکات. ئەوەی کە گەلی شەنگال لەحکومەتی عێراق داوای دەکەن ئەوەیە، کە ڕێگەبدەن بە پێی یاسای عێراق ژیان بکەن.  بەم بۆنەیەوە من سڵاو لە بەرخۆدانی گرێ زەرک دەکەم. ئەم بەرخۆدانە گرینگە. ئێمە ئەو دایکە بەرخودێرانە دەناسین. ساڵانێکە لەهەمبەر هێرشەکان بەرخۆدانی دەکەن. ئەوان خۆیان خەندەقی پەدەکەیان لە خانەسوور گرتبوو. لەبەر ئەوەی کە کچی ئەوان لەو بەرخۆدانەدا شەهیدبوون.

پەدەکە دەخوازێک کۆمەڵگەی ئێزدیی بەکار بهێنێت. شەڕڤانانی ئازادی بە دەیان هەزار هاووڵاتیی شەنگالیان ڕزگارکرد. کۆریدۆر و رێڕەوی مرۆییان کردەوە، بەڵام ئێستا پەدەکە ئەوکەسانەی بەدیل گرتووە. پەدەکە باش دەزانیت کە گەلی شەنگال رێکەوتنەکە قەبووڵ ناکەن. لە مانگەکانی داهاتوودا لە عێراق هەڵبژاردن هەیە، ئەوان دەکەنە کەرەستەی هەڕەشە. پەدەکە بۆ ئەوەی دەنگی ئێزدییەکان بەدەستبهێنێت، ئەوان بەکاردەهێنێت. داوا لە گەلی ئێزدیی لە کەمپەکانی باشووری کوردستان دەکەم؛ ئەو فریوکاریانەی پەدەکە ببینن. بگەڕێنەوە بۆ شەنگال و لە ناو ڕێکخراوەکانی خۆتاندا جێ بگرن. دەنگی خۆتان بدەنە پادێ. دەنگ بدەنە پارتەکەی خۆتان، دەنگ نەدەنە کەسیک کە کۆمەڵگەی ئێوەی قڕکردووە."

ئاڤێستا دەربارەی دۆزی کۆبانێ، کە سیاسەتمەدارانی کوردی تێدا دادگایی دەکرێت وتی، " ڕاست ئەوەیە کە بەم دۆزە نەڵێین دۆزی کۆبانێ. ئاکەپە ئەم ناوەی داوەبەم دۆزە. کاتێک ئێمە دەڵێین، کۆبانی بەرخۆدان و سەرکەوتن دێتەوە یادی ئێمە. ئەم دۆزە، کە هەیە دۆزی پاراستنی داعشە. ئەردۆغان بەرگری لە داعش دەکات. دەخوازیت داعش پاک نیشان بدات. بەم دۆزە دەخوازن پێواژۆی کۆبانی پێچەوانە بکەنەوە. ئەو کەسانەی کە لەم دۆزەدا دادگایی دەکرێن سیاسەتمەداری ئازادیخوازن و لەهەمبەر چەتەکانی داعشدا گەلەکەی خۆیان پاراست. ئینتەرناسیۆنالیستەکانی هەموو جیهان هاتنە کۆبانێ، هێزەکانی هاوپەیمانان هەبوون. دەی با ئەوکەسانەش بخرێنە ناو ئەم دۆزە. هەموو کەسێک خاوەندرێتیی لە کۆبانی کرد. لەو سیاسەتمەدارانەی کە دادگایی دەکرێن تۆڵەی کۆبانی دەستێننەوە. دەبێت گەلی ئێمەش خاوەندارێتی لە سیاسەتمەدارانی خۆی بکات. نە تەنیا بۆ پاراستنی داعش، بەم شێوەیە دەخوازن پاراستنی هەموو چەتەکان لە تورکیا بکەن."

 ئاڤێستا لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەرخۆدانی گەریلا بەردەوامە و وتی ، "داوا لە هەموو گەلی کوردستان دەکەم. بەتایبەتی دەبیت ژنان و گەنجان، خاوەندارێتی لە بەهاکان بکەن. دەبێت گەلی کوردستان و گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە بەرخۆدانییەکی مێژوویی دەکەن، دەبیت خاوەندارێتی لە پێوەرەکانی خۆیان بکەن. بۆ ئەوەی کە یەکی گوڵان (ئایار) پیرۆز نەکرێت و خاوەنداریەتی لە گەریلا نەکرێت ٢٠ ڕۆژ قەدەغەی راگەیاندبوو، بەڵام لەهەمبەر ئەوەشدا کرێکاران و رەنجدەران  خاوەندارێتییان لە یەکی گوڵان کرد. ئێمە وەک پارتی کرێکارانی کوردستان جەژنی یەکی گوڵان لە هەموو کرێکاران و ڕەنجدەران پیرۆز دەکەین، جەژنیان پیرۆز دەکەین."

ژت/ ک-ش