'تا ئازادبوونی زیندانیان ئێمە خۆڕاگری دەکەین'

ئێشکگری دادپەروەری کە کەسوکاری زیندانیان لە ئامەد دەستیان پێکردبوو لە ٥٨هەمین رۆژدا بەردەوامە. بنەماڵەکان باس لەوە دەکەن تا ئازادبوونی زیندانیان ئەوان بەرخۆدان دەکەن.

 

ئێشکگری دادپەروەری کە کەسوکاری زیندانیان لە ئامەد دەستیان پێکردوە لە رۆژی ٥٨ هەمیندا لە بینای سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بەردەوامە. بنەماڵەکان دەیانەوێت زیندانیانی نەخۆش و ئەوانەی کە دەبێت ئازاد بکرێن، دەستبەجی ئازاد بکرێن.

ئەحمەد کۆلاکان کە لە زیندانی جۆری تی ژمارە دووی باندرمایایە نامەی بۆ ئێشکگری دادپەروەری ناردووە و نامەکەی خوێندرایەوە.

ئینجی گولەر کە خزم و کەسوکاری ئەویش زیندانین وتی، "ئێمە ٥٨ رۆژە لە ئێشکگری دادپەروەریداین، بەڵام کاربەدەستان بێدەنگن. تائەوکاتەی داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن ئێم بەردەوام دەبین لە ئێشکگرییەکە".

رەشاهەت ئادا خزمی زیندانیانیش باسی لەوەکرد، ئەوان دەست لە ئێشکگری هەڵناگرن و وتی "ئەگەر پێویست بکات لە پێناو رۆلەکانمان، گیانی خۆشمان دەبەخشین. لە شەقامەکان بێت، لەبەردەم دادگا بێت، لە کوێ دەبێت با ببێت، ئێمە لەپێناو رۆڵەکانمان بەرخۆدان دەکەین".

وان

بەهەمان مەبەست لە وانیش دەست بە چالاکی کرابوو. ئەو ئێشکگرییە لە ٣٤هەمین رۆژدا لە سەندیکای پارێزەرانی وان بەردەوامە.

رێکخستنی هەدەپەی وەستان چوونە سەردانی بنەماڵەکان. باسری ئاسڵان بەڕێوەبەری هەدەپەی وەستان رایگەیاند، گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەسەر هەموو کۆمەڵگادا بڵاوبووەتەوە و وتی، "لەرێگەی گۆشەگیرییەوە دەیانەوێت کۆمەڵگا بێدەنگ بکەن. لەپێناو شکاندنی ئیرادە و ویستی کۆمەڵگا گوشار دەکەن. بەڵام ئێمە دەزانین کە بە گۆشەگیری و گوشار ناتوانن بگەنە ئەنجام و سەرناکەون".

هـ . ب