تەرمی ٤ کرێکارەکەی کەمپی مەخمور بە مەراسیمێک بەخاکسپێردران

بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی ئەو چوار کرێکارەی مەخمور ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدا، لە کامپەکەدا بەخاکسپێردران.

ئەمڕۆ شەش گەنجی مەخمور کە دەیانویست بۆ بژێوی ژیانیان بچنە بەغدا، لەسەر ڕێگای نێوان شارەدێی شەرگات و بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ بوون، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا ٤ کەسیان گیانیان لەدەستدا و دووی تریش برینداربوون دوو بریندارەکە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی گیارە، دانیشتوانی کامپەکەش تەرمی هەریەکە لە دەنیز خەلیل دەنیز، محەمەد سیسۆ تاهیر، هۆگر موسا یوسف، جیهاد محەمەد حەجی محێ-یان بە خاکسپارد.

دوای ڕووداوەکە بۆ وەرگرتنەوەی تەرم و بریندارەکان، چەندین کەس لە دانیشتوانی کامپەکە بە کاروانێک بەرەو شوێنی ڕووداوەکە بەڕێکەوتن، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکان و گەڕانەوەیان بۆ کامپەکە، خەڵکی کامپەکە لەبەردەم مزگەوتی سێی ناوچەکە پێشوازییان لە کاروانەکە کرد لەوێ دوای جێبەجێکردنی پێویستییە ئاینییەکان، بە مەراسیمێکی گەورە لە ناوەندی چاند و هونەری مەخمورەوە هەر چوار تەرمەکە بەرەو گۆڕستان بران و بەخاکسپێردران.

لە سەر ناوی خەڵکی کامپەکە، حاجی کاچان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل قسەی کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەر چوار گەنج کرد و وتی: ئەمڕۆ خەڵکی مەخمور زۆر خەمبارن، دڵی خەڵکی کامپەکە لەلایەن هۆگر، مەحمود، جیهاد و دەنیزەوە شکاوە وەک خەڵکی کامپەکە، چەندین ڕۆژی لەو جۆرەمان بەسەر برد ئەمڕۆ چوار گەنجی جوان کە بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەستداوە، ئەمڕۆ ماڵئاواییەکی گەورە لە گەنجان دەکەن لە کاتێکدا لە ڕابردوودا بە و بە ویرادەیەکی بەهێزەوە رۆژانی وەها سەخت و پڕ ئازارمان تێپەڕکردووە، دیسان بە هەمان هێز ئەو رۆژە پڕ ئازارانە تێپەڕدەکەین.

لە کۆتایشدا کاچان سەرەخۆشی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شەڕڤانانی ئازادی، خانەوادەی هەر چوار گەنج، گەلی کورد و کەمپەکە کرد.

پاشان بنەماڵەی هەر چوار شەهیدەکە سوپاسی خەڵکی کامپەکەیان کرد بۆ ئامادەبوونی خەڵکی کامپەکە و هاوبەشی خەمیان .

مەراسیمەکە بە درووشمەکانی ‘بژی سەرۆک ئاپۆ، شەهید نامرن’ کۆتایی هات و تەرمی هەر چوار کرێکارەکە لە گۆڕستانی کامپەکە بەخاک سپێردران.

جێگای ئاماژەیە، کە هەر چوار شەهیدی کرێکاریی، ئەندامی ناوەندی چاند و هونەری مەخمور بوون بارودۆخی هەردوو بریندارەکە باشە.

لە کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان بۆ هەر چوار شەهیدی کرێکار چادرێکی سەرەخۆشی هەڵدرا.

ف.ق