"تورکیا دەیەوێت پارتی وەک هێزیکی کۆنترا (دژە گەریلا) بەکار بهێنێت!"

راپەڕین مونزور ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پاژک رایگەیاند، تورکیا بە دوای شەڕەوەیە و دەیەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وەک هێزێکی کۆنترا (دژە گەریلا) بەکار بهێنێت. مونزور هۆشداریی دا، ئەو دۆخە کۆتایی بە پەدەکە دەهێنێت.

راپەڕین مونزور ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، ئەگەر لەو دۆخەدا شەڕ رووبدات، ئەوە نابێتە براکوژی، بەڵکو دەبێتە خۆپاراستنی کوردان لە دژی هێرش و کۆمەڵکوژییەکان. داوای لە مرۆڤە شکۆمەند و خاوەن کەرامەتەکان و ئەوانەى لە ناو پەدەکەدا پێشمەرگایەتی دەکەن کرد، خۆیان لەو سیاسەتە نۆکەرییە بە دوور بگرن و هەڵوێست لە خۆیان نیشان بدەن.

"ژنان دەبێت لە هەموو شوێن و ئاستێکدا خۆیان بپارێزن"

مونزور لە سەرەتای وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باکووری کوردستان لە دژی ژنان و وتی، "کۆمەڵکوژی، دەستدرێژی، توندوتیژیی زایەندی لە دژی ژنان و کچان لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک، کە ئیدی ناکرێت وەک رووداوێک لێکدانەوەى بۆ بکرێت. ئێمە ئەوە بە پاکتاوکردنی بەرنامە بۆ دانراو و سیستماتیکی ژنان پێناسە دەکەین. سیاسەتێکی دەوڵەتە و هاوکات پەیوەندیی بە فاشیزمیشەوە هەیە. فاشیزم، بە سیاسەت و کردارە پاکتاوکارانەکانیان زۆرترین هێرش دەکەنە سەر ژنان. هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەى کوردستان بەرەو داڕمان و داتەپین ببەن و ئەو دەستدرێژییانەی پیاو بکەن بە نەریت و کولتورێک. لە دژی ژنان و منداڵان سیاسەتێکی شەڕ بەڕێوەدەچێت، کە بە شکۆ، ئەخلاق و داهاتووی کۆمەڵگە یاری دەکەن و تێکیدەدەن".

راپەڕین مونزور باسی لە تێکۆشانی ژنان لە دژی ئەو هێرشانە کرد و وتی، "ئێمە سڵاو لە تێکۆشان و پێداگریی ژنان لە دژی ئەو هێرشانە دەکەین. ئەوە وەستانەوە و بەرخودانێکی گەورەیە لە دژی فاشیزم. لە هەموو چالاکی و کارێکدا ژنان لە پێشەوەن. لە کەمپەین و هەڵمەتەکاندا لە پێشەوەن. پێویستی بە تێکۆشانێکی هاوبەش و چالاک هەیە. لە دژی فاشیزم پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەشی پشتبەستوو بە بەرخودان و بەرەنگاری هەیە. لەلایەنی ژنانەوە گەورەترین و گرنگترین بابەت، کە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەن، بابەتی خۆپاراستنە، چونکە هێرشی قورس، کۆمەڵکوژی و کوشتنی ژنانی زیادیکردووە. پێویستە ژنان لە هەموو ئاست و گۆڕەپانەکاندا خۆیان بپارێزین".  

"ئەو هێزانەى هێرش دەکەن، پێشمەرگ نین، بەڵکو کۆنتران"

راپەڕین مونزور ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان (پاژک) لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی لە هێرشەکانی پەدەکە بۆ سەر ناوچەکانی گەریلا کرد و وتی، "هێرش و گەمارۆ لەسەر ناوچەکانی گەریلا زیادیان کردووە. ئەو هێرشانە بۆ ئەوەیە، کە رێگا بۆ داگیرکەریی دەوڵەتی تورک خۆشتر بکەن و رەوایەتیی حیزبەکەمان لە باشووری کوردستان لە ناو ببەن. سەرباری نزیکایەتی و هەڵسوکەوتی دانبەخۆدانان و بەرپرسیارانەى بزووتنەوەکەمان، ئەوە دەبینرێت، کە ئەوان پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتەیان دەکەن. روون و ئاشکرایە، کە لەو بابەتەدا ئەرکیان پێدراوە و ئەوانیش لە چوارچێوەی ئەو ئەرک و دیدەدا، کە پێیاندراوە دەجوڵێنەوە".

راپەڕین مونزور باسی ئەوەیکرد، ئەو هێزانەى روویان کردووەتە ناوچەکانی گەریلا و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی گەریلا، هێزی کۆنترا (دژە گەریلا)ی تایبەتی هەواڵگری و سیخوڕین و وتی، "لەبەر ئەوەش دەبێت ئەو هێزە وەک پێشمەرگە سەیر نەکرێت. ناوی 'رۆژ، گوڵان و... هتد'یان بۆ داناون. پێشمەرگە خاوەنداری لەم خاکە دەکات، خاوەنی شکۆ و کەرامەتە و ناوێکی هەیە. بۆیە پێویستە بەو هێزانە نەوترێت پێشمەرگە. ئەو هێزانە، هێزی کۆنترای تایبەتن. لەو هێزە کۆنترایانەن، کە دەوڵەتى تورک بۆ شەڕ لە دژی ئێمە دروستیکردوون و بەکاری هێناون. ئەوان و تۆڕە سیخوڕییەکان هیچ جیاوازییەکان نییە. هەر خۆی ناتوانن پێشمەرگەى ئاسایی بنێرن بۆ ناوچەکانی گەریلا. پێشمەرگە خاوەن شکۆکان لە دژی ئەوە وەستانەوە. لەبەر ئەوەیە تاکتیکەکانی دەوڵەتى تورک تاقی دەکەنەوە. ئەوە عەقڵی دەوڵەتی تورکە، لە فاشیزمی ئەردۆغانەوە وەریانگرتووە.

دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى شەڕ هەڵگیرسێنت، بۆ ئەوەى شەڕ قورس بکات، گەنجانی کورد و هاووڵاتییانی کورد بکوژێت، وەک دوژمنێکی سوێندخواردوو دوژمنایەتیی کوردان دەکات. ئەوە لە هەموو پارچەکاندا دەکات. لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و ناوچەیشدا لە دوی هاندان و هەڵگیرساندنی شەڕە. دیپلۆماسییان، رێککەوتنە ئابوورییەکانیان، سیاسەت، ئایدۆلۆژیایان و هەموو شتێکیان لەسەر دوژمنایەتیکردنی کوردان بونیات ناوە. هیچ هێزێک نییە، کە سازشیان لەگەڵ نەکردبن بۆ لەناوبردنی تێکۆشانی کوردان، لەو چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدات پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وەک هێزیک کۆنترا (هێزێکی دژە گەریلا) بەکار بهێنێت. دەبێت پەدەکە خۆی نەخاتە ژێر ئەوبارە و رێگا نەدات بەو شێوەیە بەکار بهێنرێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی کۆتایهێنان بە پەدەکە. ئەوە لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان لە باشووردا نییە، سوودی بۆ کوردان نییە".

"پێویست ناکات سەبری پەکەکە تاقی بکەنەوە"

راپەڕین مونزور ئاماژەی بە هەوڵەکانی گەل و هێزە سیاسییەکانی کورد بۆ رێگریکردن لە شەڕی ناوخۆیی کرد و وتی، "بە ناوی حیزبەکەمانەوە ئێمە بە بەرپرسیارانە لە دژی هێرشەکانی پەدەکە دەجوڵێینەوە، لە دژی هاوکارییان بۆ دەوڵەتی تورک بە دان بە خۆدانان و سەبرەوە دەجوڵێینەوە. بۆ؟ بۆ ئەوەى کورد بەهۆی ئەو شەڕەوە زیانی بەرنەکەوێت. بۆ ئەوەی دوژمن پێمان دڵخۆش نەبێت، تاوەکو ئەوە نەکەنە دەرفەت بۆ کوشتنی کوردان، بەڵام سەبریش سنوورێکی هەیە. ئەگەر لە دژی تۆ هێرشێک هەبێت، ئەو کاتە خۆپاراستن سروشتیترین کاردانەوەیە. هەر خۆی ئێمە هێزی پاراستنی گەلەکەى خۆمانین".

مونزور رایگەیاند، ئەو دۆخە و پێگەی ئێستای پەدەکە بۆ کوردان بە مانای خیانەت و نۆکەرییە و وتیشی، "دەوترێت با شەڕی براکوژی روونەدات، بەڵام هەر خۆی لە دژی ئێمە شەڕ دەکرێت. ئێمە وەڵام نادەینەوە. ئێمە گولـلە ناتەقێنین. دەبێت ئەوە بە پەدەکە بوترێت. ئەو لە دژی پەکەکە شەڕی راگەیاندووە. ئەو لە دژی گەریلا شەڕی راگەیاندووە، هەموو رۆژێک لە باشترین و جوانترین رۆڵەکانی ئەم گەلە دەدەن  و دەیانکەنە ئامانج. ئێوە پشتیوانی لۆجستی، هەواڵگری و هەموو جۆرە هاکارییەک پێشکەشی دەوڵەتی تورک دەکەن".

مونزور ئەوەشی وت، "بۆیە لە شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورک دا، لە راستیی ئەو شەڕەی ئێستادا پەدەکە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا بووەتە لایەن. لە دژی ئێمە شەڕ دەکات. دەبێت بە دڵنیاییەوە دەست لەو کارانەیان هەڵگرن، پێویست بەوە ناکات سەبری پەکەکە تاقی بکەنەوە".

"شەڕ لە بەرژەوەندیی باشووردا نییە"

راپەڕین مونزور ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پاژک داوای لە گەلی باشووری کوردستان کرد، لە دژی ئەوە خاوەنداری لە باشوور بکەن و وتی، "دەبێت لە بەرامبەر ئەو خیانەتەدا، لە بەرامبەر ئەو سیاسەتی نۆکەرایەتییەدا راپەڕن و بوەستنەوە. بەو خیانەتە، بە نۆکەری و رژاندنی خوێنی گەنجانی کورد سەرکەوتن بە دەست نایەت. ئەو گەلە سەری لەبەرامبەر سەدام دا نەچەماند".

مونزور ئەوەشی وت، "دەبێت پەدەکە ئەوە بزانێت، کە سیاسەتەکانیان بە مانای کۆتایهێنانە بە باشوور، کۆتایهێنانە بەو گەلە. مەسەلەکە تەنها هێرشکردنە سەر پەکەکە نییە، تەنها هێرشکردنە سەر ناوچەکانی گەریلا نییە. دەوڵەتی تورک باشوور داگیر دەکات. ئەوەش بە پشتبەستن بە پارتی دیموکرتی کوردستان (پەدەکە) دەکات. چەندین کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشوور، دەیان بنکەى سەربازیی دروستکردووە، لە هەموو شوێنێکدا میت تۆڕی سیخوڕیی دروستکردووە. بازاڕی باشووریشی خستووەتە ژێر دەستی خۆی. لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە لەسەر نەوت و زۆر شتی تر رێککەوتن و بازرگانی دەکەن. لەبەر ئەوانە دەبێت گەلی باشوور خاکەکەى خۆی بپارێزێت، لە دژی دادۆشین و چەوسانەوە و داگیرکەری راپەڕێت. بۆ ئێمەى گەریلا و بزووتنەوەکەمان، ئەرکە کە باشوور بپارێزین. گەریلا بۆ ئەوە بە شێوەی فیداییانە شەڕ دەکات. ئێمە هەزاران شەهیدمان بۆ پاراستنی ئەم خاکە داوە. دەوڵەتی تورک و ناتۆ دەیانەوێت بە لاوازکردنی پەکەکە ئەو پاراستن و بەرگرییە نەهێڵن و دۆخ و کەشێکی وا دروست بکەن، کە دەست لە باشوور وەربدەن. لەبەر ئەوەش هێرشکردنە سەر پەکەکە بۆ بەرژەوەندیی باشوور نییە، بۆ بەرژەوەندیی عێراقیش نییە. بەپێی بەرژەوەندییەکانی گەلی باشوور نییە. رەنگە پەدەکە لەوەدا بیر لە بەرژەوەندیی خۆی بکاتەوە و بە بەرژەوەندیی خۆی بزانێت، بەڵام لە راستیدا لە بەرژەوەندیی ئەوانیشدا نییە.

لەو دۆخەدا ئەگەر شەڕێک رووبدات ئەوە بە مانای شەڕی براکوژی نییە. ئەوە دەبێتە خۆپاراستن لە دژی خیانەت، لە دژی نۆکەری، لە دژی کۆمەڵکوژکردنی کوردان. ئەو مرۆڤە خاوەن کەرامەتانەى لە ناو پەدەکەدا پێشمەرگایەتی دەکەن دەبێت خۆیان لەوە بە دوور بگرن و هەڵوێست نیشان بدەن. ئەو مرۆڤانەى بە ناوی کوردایەتییەوە خاوەن هەڵوێست و تێکۆشانن، دەبێت هەڵوێستیان هەبێت. گەلی کورد، گەلی باشوورمان، پێویستە بگەنە ئەو ئاستە، کە بەپێی راستیی خۆیان و بەرژەوەندیی خۆیان سیاسەت بکەن و خۆیان بەڕێوەببەن. لەو بابەتەدا گرنگترین ئەرک دەکەوێتە سەر شانی گەلی باشووری وڵاتپارێزمان. هەستانەوە لە دژی خیانەت و نۆکەری ئەرکی سەرەکییانە. دەبێت رێگا نەدەن، پێگە و کیان، دەستکەوت و دەوڵەمەندییی باشووری کوردستان رادەستی دەرەوە بکرێت، دەبێت رێگا نەدەن خاکەکەیان داگیر بکرێت".

ژ.ت