تەژەکە ئەوروپا کەمپینی '١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر'ی راگەیاند

تەژەکە ئەوروپا لەبارەی ٢٥ی تشرینی دووەم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بە کەمپینی خۆیان بەناوی '١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر' حساب لە ئەردۆغان دەپرسن کە بەرپرسی سەرەکی کوشتنی ژنانە.

بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا (تەژەکە – ئەوروپا) راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە دەست بە کەمپینەکە دەکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا کە ژنان بۆ ژیانێکی ئازاد، یەکسان و بە هاوسەنگی ئیکۆلۆژی، لەدژی سیستمی داگیرکەری کاپیتالیستی پیاوپەرست، لە کوردستان تا چیلی، لە پۆلۆنیا تا سوودان، لە ئێران تا ئەمریکا، لە هیندستان تا ئەوروپا و تورکیا، لە هەموو جیهان لەدژی زۆردەستی، دەستدرێژی، قڕکردنی ژن و پشتگوێخستنیان بە شێوەیەکی بێوەستان خەبات دەکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەخرایەڕوو، "سەرەتا دڕندەیی داعش، قڕکردنی ژنان، رفاندن، فرۆشتن، بەکۆیلەکردن، ئەشکەنجە، دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە سوریا، شەنگال و رۆژئاوا، گەورەترین تاوانی دەوڵەتی تورک و ئەو کەسانەیە کە پشتگیریی دەکەن و لە کەسایەتی ژناندا لەدژی مرۆڤایەتی لە سەدەی ٢١ دا تاوان ئەنجام دەدەن.

تەژەکە ئەوروپا راشیگەیاند، بەرپرسیاری سەرەکی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانەکانی دژی ژنان، حکومەتی ئەردۆغانە کە دەوڵەت بەڕێوە دەبات.

هەروەها باسی ئەوەشی کرد، "لە زۆر شاری تورکیا و باکووری کوردستان، توندوتیژی لەدژی ژنان ئەنجام دەدرێت، دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان و ژنان دەکوژرێن. لە شڕنەخ، جزیر، سلۆپی، هەزەخ، نسێبین، سوور، عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی، کۆبانێ، مەخموور، شەنگال، لە گوندەکانی باشووری کوردستان، هێرش دەکرێتە سەر ژنان، منداڵان و خانەوادەکانیان و بێ دادگاییکردن دەیانکوژن. زۆربەی کۆمەڵکوژیەکان بە هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئەنجام دەدرێن. توندوتیژی پۆلیس، ئەشکەنجە، دەستدرێژی، هەڕەشەی کوشتن و رفاندن و دەستگیرکردنی ژنان ئەوە پیشان دەدەن کە لەدژی ژنان سیاسەتی شەڕی تایبەت بەڕێوە دەبرێت. بە دەیان هەزار ژن، بەهۆی بیرکردنەوەیانەوە دەستگیرکراون. کاتی ئەوە هاتووە کە حساب لە پارێزەرانی ئەو ڕژێمە فاشیستە بپرسین."

کەمپینی'١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر'

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، "بەناوی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا، لەدژی قڕکردنی ژنان لە وڵاتی خۆیان، تا ئیستا زۆر کەمپین و چالاکیمان راگەیاند و بەرخۆدانمان کرد. ئەمڕۆش لە ڕێگای کەمپینی '١٠٠ هۆکار بۆ دادگاییکردنی دیکتاتۆر' ئێمە حساب لە ئەردۆغان دەپرسین کە بەرپرسیاری سەرەکی کۆمەڵکوژکردنی ژنانە. بێگۆمان لەماوەی ١٨ ساڵی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا نەک ١٠٠ بەڵکو بە سەدان تاوان ئەنجام دراون و ئەنجامدەدرێن. بەڵام ئێمە لە ڕێگای ڕووداوە سەرەکیەکانەوە کە کاریگەری لەسەری بیری مرۆڤایەتی دادەنێن، حساب لە بەرپرسیاری سەرەکی دەپرسین کە تا ئەو حسابە نەپرسین، ویژدانمان ئاسوودە نابێت. هەروەها داوا لە دەزگا نێودەولەتیەکان بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە فیمەنساید (کۆمەڵکوژکردنی ژنان) وەک قڕکردن بناسرێت.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ئێستا ئەوەى داوای لێدەکرا جێبەجێی دەکرد، ئەوەش چاونەترسی و بوێریی دەدا بە دیکتاتۆرێکی وەک ئەردۆغان، کە نوێنەرایەتیی عەقڵییەتی باڵادەستی پیاو دەکات. هەزاران ژن بەو هۆیەوە کوژراون. ئێمە دەمانەوێت لە رێگەى ئەم کەمپەینەوە سەرنجەکان راکێشینە سەر سیاسەتەکانی ئاکەپە بۆ پاکتاوکردنی ژنان. ئێمە دەمانەوێت لە رێگەى ئەم کەمپەینەوە ببینە دەنگی هەموو ژنان و ئەو تاوانانەى ئەنجامدراون بە سەرتاسەری جیهانی رابگەیەنین. لە رێگەى ئەم کەمپەینەوە دەمانەوێت رێگری لە توندوتیژیی دژ بە ژنان لە تورکیا بکەین، کە هەموو رۆژێک بە لانیکەمەوە ژنێک لەلایەن پیاوەوە دەکوژرێت و توندوتیژیی دژ بە ژنان لە ئاستی پاکتاوکردندایە. بەو کەمپەینە دەمانەوێت ئاکەپە دادگایی بکرێت و دادپەروەری بچەسپێت. لە رێگەى ئەو کەمپەینەوە دەمانەوێت بابەتی پاکتاوکردنی ژنان لە ئاستی نێونەتەوەیدا و بە شێوەیەکی فەرمی وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پەسەند بکرێت.  

کەمپەینەکەمان بە ناوی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠دا دەستپێدەکات و لە قۆناعی یەکەمدا تاوەکو ٨ی ئاداری ٢٠٢١ بەردەوام دەبێت، ئێمە هەموو رۆژێک دەڵێین، کە هۆکارێکی نوێمان هەیە و چیرۆکی ژنێکی کوژراو دەگێڕینەوە و بڵاوی دەکەینەوە. لە دژی دیکتاتۆرێک، کە هەموو رۆژێک کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، ئێە دەبینە دەنگی ئەو ژنانە، کە کوژراون تاوەکو لە ناو لاپەڕەکانی مێژوودا ون نەبن و لە بیری مرۆڤایەتی نەچنەوە. لە چوارچێوەی کەمپەینەکەماندا هاوکات لەگەڵ کارە کۆمەڵایەتییەکاندا، سیاسەت، مافەکان و چالاکییەکان بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر، لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکان بە فەرمانی دیکتاتۆر و بە دەستی چەتەکانی، هێزی حقوقی و مافەکان، سەربازی و پۆلیسەکانی دیکتاتۆر ئەنجامدراون، ١٠٠ هەزار ئیمزا کۆ دەکەینەوە. هەر کارێک، کە لە چوارچێوەی کەمپەینەکەدا بکرێت، هەر ئیمزایەک کۆ بکرێتەوە، ئەوا دیکتاتۆر زیاتر لە دادگایکردن نزیک دەکاتەوە. هەر چالاکییەک ئێمە ئەنجامی بدەین، هەر دەنگێک کە بەرزبکرێتەوە ژیان زیاتر لە دیکتاتۆر – دیکتاتۆرەکان تەنگ دەکاتەوە.

بانگەواز بۆ بەشداریکردن

ئێمە؛ بزووتنەوەى ژنانى کورد لە ئەوروپا (تەژەکە ئەوروپا / TJK-E) بە دروشمی "لە دژی پاکتاوکردنی ژنان، پاراستنی کۆمەڵگەى ئازاد" پێشوازی لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ دەکەین. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە لە هەموو گۆڕەپانە بە رێکخستنکراوەکانماندا چالاکی ئەنجام دەدەین.

بەڵێ، ئێمە؛ ژن لە دژی پاکتاوکردنی ژن، کۆمەڵگەى ئازاد و ژنی ئازاد دەپارێزین، چونکە پاکتاوکردنی ژن هێشتا بە تاوان لە دژی مرۆڤایەتی نازانرێت و قبوڵ نەکراوە، دەوڵەت و دیکتاتۆرەکان، کە بە سیاسەتی پاکتاوکردنی ژنان خۆیان لەسەر پێ دەهێڵنەوە، لە دادگایکردن بەهۆی ئەو تاوانانەوە ناترسن، تاوەکو پاکتاوکردنی ژنان وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی قبوڵ نەکرێت، لە دژی دیکتاتۆرە پاکتاوکەرەکانی کۆمەلگە تێکۆشانێکی ریشەیی و ئەنجامگیر بەڕێوەناچێت. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە داوا لە هەموو کەسێک دەکەین، کە بەشداری چالاکییەکانمان لە ٢٥ی نۆڤەمبەر ببێت و بە بەهێزی بەشداری لە کەمپەینەکەماندا بە نای "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر" بکات".

ف.ق / ژ.ت