یادی شەهید بڕیار لە سەیدسادق لە سەر گۆڕەکەی کرایەوە

حەوتەمین ساڵیادی شەهید ‘بڕیار حەسەن’ بەرز ڕاگیرا و کەسوکارەکەی دەڵێن، وێڕای بەڵێنی بەرپرسان بۆ جێبەجێکردنی بەشێک لەو داواکارییانەی، کە بڕیار حەسەن لەپێناویدا گیانی بەخشی، هێشتا ٢٠٪ی جێبەجێ نەکراوە.

ئەمڕۆ حەوتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی “بڕیار حەسەن”ە، کە لە خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی سەیدسادق-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی شەهیدکرا، بە دەستپێشخەریی بنەماڵەی شەهیدانی ١٧ی شوبات و بە ئامادەبوونی کەسوکارەکەی و بەشێک لە چالاکوانان، لەسەر مەزارەکەی یادی ئەو شەهیدە بەرز ڕاگیرا.

خۆپیشاندانەكەی ئەو كاتەی سەیدسادق سێ‌ ڕۆژی خایاند، كاربەدەستانی حكومەت لەسەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەڕلەمان هاتنە سەر خەت و کۆمەڵێک بەڵێنیان بە خەڵکی ناوچکە دا، لەوانە، دابینکردنی پەنجا ملیارد دینار بۆ تەواوكردنی پرۆژە تەواونەکراوەکانی سەیدسادق، دامەزراندنی ٥٠٠ دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان، بەڵام جگە لە ئاڵوگۆڕی هەندێک لە بەرپرسە ئیدارییەکان، داواکارییە سەرەکییەکانیان جێبەجێ نەکران.

سەبارەت بەو بەڵێنانە، بەرهەم حەسەن، برای شەهید بڕیار، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەو كاتە بەرپرسانی حكومەت كۆمەڵێك بەڵێنیان بەسەیدسادق دا، بەڵام ٢٠٪ی جێبەجێنەكراوە، ئێمە وەك هەمان ئەو ڕۆژە نیگەرانین لەدەسەڵاتدارانی هەرێم و ئیدارەی شار.

خۆپیشاندانەکانی حەوت ساڵ پێش ئێستا لە سەرەتای ساڵدا بوو، جگە لە گیانبەختکردنی بڕیار حەسەن، بە دەیان خۆپیشاندەری دیکە برینداربوون، لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووش خەڵک بە هەمان داخوازییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەمجارەش لە سەیدسادق دوو هاوڵاتی گیانیان بەختکرد و بە دەیانی دیکە برینداربوون، بەرهەم حەسەن، دەڵێت:”هەموو ساڵێك لەسەرەتای ساڵدا ماتەممان دەگێڕا، بەڵام ئێستا لەكۆتایی ساڵیشدا ماتەم دەگیڕین، چونكە بۆ هەمان داواكاریی، ئەمساڵ دوو گەنجی دیكە شەهیدبوون، بەدەستی دەسەڵات شارەكەمان سوركرایەوە بەخوێن”.

سەبارەت بە دۆسیەکەی شەهید بڕیاریش، بەرهەم حەسەن، نیگەرانە لەوەی، دۆسیەکە دیزەبەدەرۆخۆنە کرا و هیچ کەسی لەسەر دادگایی نەکرا، “ئەو كەسانەشی دەستگیركرابوون، ماددەكەیان لە ٤٠٦وە گۆڕا بۆ ٤٠٥ و بەكەفالەت ئازادكران، تائێستا تاوانبارەكان نەچونەتەوە بەردەم دادگا”، داواش دەکات کەیسی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردوو، وەکو کەیسی براکەی ئەویان بەسەر نەهێندرێت.

ف.ق