یەکێتی ئەوروپا لەبارەی سزادراوانی بادینان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

یەكێتیی ئەوروپا، نیگەرانە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووس ‌و چالاكوانانی بادینان ‌و داوایش لە حكومەتی هەریم دەكات، پابەند بێت بە مافەكانی مرۆڤەوە.

 ئەمڕۆ شاندی یەكێتیی ئەوروپا ‌و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، بەیاننامەیەكیان لەبارەی دۆسیەی سزادراوانی بادینان، بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەكەیاندا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی لە بڕیاری دادگا لە دژی سزادراوانی بادینان، دەڵێن: “ئازادیی ڕادەربڕین ‌و ڕۆژنامەگەری‌ و مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە، پێكهاتەی بنەڕەتی كۆمەڵگە دیموكراتییەكانن‌ و ئەم حوكمەی دادگای هەرێم، كاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر دەنگی ناڕەزایەتی لە هەرێمی كوردستان‌ و توانای ڕۆژنامەنووسان لە بڵاوكردنەوە بەبێ ترسی تۆڵەكردنەوە یاخود كۆتوبەندی هەڕەمەكییانە”.

شاندی یەكێتیی ئەوروپا‌ و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق، ئاماژەیان بەوەیش كردووە: “بەنیگەرانییەوە تێبینیی ئاماژەكانی ناو ئەو حوكمە دەكەن سەبارەت بە پەیوەندیی تۆمەتباران لەگەڵ باڵیۆزخانە بیانییەكان، لەناویشیاندا كونسوڵگەریی ئەڵمانیا لە هەولێر، لەكاتێكدا ئاڵوگۆڕی ڕێكخراو لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێكی جیانەكراوەیە لە كاری نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لەسەرتاسەری جیهان”.

هەروەها داوایش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە تەواوەتی پابەند بێت بە مافەكانی مرۆڤەوە، لەناویشیاندا مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە ‌و گەرەنتیكردنی تەواوەتی ئازادیی ڕادەبڕین ‌و ڕۆژنامەگەریی.

ئەوەیش لەكاتێدایە ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای ٦ ساڵ زیندانیكردن بۆ ٥ ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان كە بریتین لە شیراون شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم و شڤان سەعید  پەسەند كرد.

ف.ق