ئەمڕۆ ٩هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەسە

شێرکۆ بێکەس شاعیری گەورە و بە هەڵوێستی گەلی کورد ٩ ساڵ لەوە پێش و بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

لە دوای کۆچی دواییان، تەرمەکەى شێرکۆ بێکەس هێنرایەوە بۆ کوردستان و بە رێکخستنی مەراسیمێکی شایستە و لەسەر وەسیەتی خۆی، لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی بە خاکسپێردرا.

ئەمڕۆ بە بۆنەى کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەسەوە لە پارکی ئازادی مەراسیمێک بەڕێوەدەچێت.

شێرکۆ بێکەس کوڕى شاعیرى ناودار فایق بێکەس لە ڕۆژى ٢ى ئایارى ١٩٤٠ لە شارى سلێمانى لە دایکبووە و لە دواى ٧٣ ساڵ تەمەن لە ڕۆژى ٤ى ئابى ٢٠١٥ لەشارى ستۆکهۆلمى پایتەختى سوید بەهۆى نەخۆشییەوە ماڵئاوایى لە ژیان کرد.

شێرکۆ بێکەس خاوەنى دەیان بەرهەمى چاپکراوە، کە لە ساڵى ٢٠٠٩ کۆ بەرهەمەکانى لە هەشت هەزار لاپەڕەدا چاپکرا. زۆرێک لە شێعرەکانى وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانى عەرەبى، فارسى، تورکى، ئینگلیزى، فەڕەنسى، ئیتالى و ڕوسى و چەند زمانى تر. خەڵاتى ئەدەبیى تۆخۆڵسکیى لە ساڵى ١٩٨٧ لە وڵاتى سوید وەرگرتووە. لە ساڵى ١٩٩٢ و لە دواى ڕاپەڕین خەڵکى کوردستان لەدژى دەسەڵاتى ڕژێمى بەعس بووە بە یەکەم وەزیرى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان. لەساڵى ١٩٩٨ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەمى دامەزراندووە.

شێرکۆ بێکەس شاعیرێکى گەورەى کوردە و یەکێک لە دامەزرێنەرانى شێعرى نوێى کوردی، کە بۆ نیشتیمان، پێشمەرگە، بەشەکانى تری کوردستان، ئازادى، خۆشەویستى، سروشت، ژنان، بۆنەکان، جوانى و خاک و ئاو دەیان شێعر و قەسیدە شێعرى بێ هاوتاى خوڵقاندووە.

ئەمانەش بەشێکن لە بەرهەمە چاپکراوەکانى شاعیرى گەورەى کورد شێرکۆ بێکەس: تریفەى هەڵبەست، سوتماک، دەربەندى پەپوولە، خاچ و مار و ڕۆژمێرى شاعیرێک، بۆننامە، نسێ، گۆڕستانى چراکان، کورسى، ٧٢ پەنجەرى گەڕۆک، ئێستا کچێک نیشتیمانمە، خێراکە مردن خەریکە بگات، ئەسپێک لە پەڕەى گوڵاڵە، ملوانکە، زێ و زنە، یادەوەریى پاسکیلێکى کەرکوکى...هتد

هەروەها کتێبى "پیرەمێرد و زەریا"ى ئێرنست هەمەنگواى لە زمانى عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى. کتێبى بیروەرییەکانیشى لە دوو بەرگدا بە ناوى "نووسین بە ئاوى خۆڵەمێش" چاپکردووە.

شێرکۆ بێکەس پێش ئەوەى کۆچى دوایى بکات وەسیەتى کردبوو لە پارکى ئازادى لە شارى سلێمانى و لە تەنیشت مۆنۆمێتنى شەهیدانى ٩ى حوزەیرانى ١٩٦٣ بەخاک بسپێردرێت. لە وەسیەتەکەیدا داواشى کردبوو ماڵەکەى بکرێت بە مۆزەخانە و لەسەر گڵکۆکەشى کافتریایەک و کتێبخانەیەک بکرێتەوە بۆ ئەوەى شەیدایانى ژیان سەردانى بکەن و لە داهاتەکەشى ساڵانە نووسەرێک خەڵات بکرێت.

ژ.ت