ئەمنستی داوای ئازادكردنی بەپەلەی سزادراوانی بادینان دەكات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بڕیاری دادگا لە دژی سزادراوانی بادینان، نادادپەوەرانەیە ‌و داوای بەپەلە ئازادكردنیان دەكات.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) بڵاوی کردەوە: “بڕیاری دادگای پێداچوونەوە بۆ سزادانی پێنج سزادراوەكەی بادینان، ڕەت دەکەینەوە ‌و دادگاییكردنیان دادپەروەرانە نەبووە.”

ڕێكخراوەكە، داواشی لە حكومەتی هەرێم كردووە: “پێویستە بەپەلە و بەبێ مەرج، هەر پێنج سزادراوەكە، ئازاد بکرێن”.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت پێویستە، لێکۆڵینەوە بکرێت لە دەنگۆی ئەشکەنجەدانی دەستگیركراوانی بادینان.

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای ٦ ساڵ زیندانیكردن بۆ ٥ ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان كە بریتین لە شیراون شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم و شڤان سەعید  پەسەند كرد.

ف.ق