ئەنجامنامەی کۆنگرەی ئەنجومەنی گەلی کەمپی مەخمور ئاشکراکرا

٢مین کۆنگرەی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتی کەمپی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) دوای حەوت رۆژ کۆتایی هات. لە کۆتاییدا ئەنجامنامەی کۆنگرەی ئەنجومەنی گەلی کەمپی مەخمور ئاشکراکرا.

ئەنجامنامەکە لەلایەن حاجی کاچان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کامپەکەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە: لە کۆنگرەکەدا گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتی، پێشهاتە سیاسییەکان، دۆخی گەلی کورد، تێکۆشانی ئازادی، پیلانگێڕیی دوژمن و ئەرک و بەرپرسیارێتی لە بەرامبەردا بە درێژیی قسەوباسی لەسەر کرا.

 کاچان ئاماژەی بەوەکرد، هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی دوو ساڵی رابردووی ئەنجومەنی گەل کرا لەبوارەکانی ئابووریی، ژن، کۆمەڵایەتیی، ژینگە، گەنجان، هونەریی، دیپلۆماسیی، پەروەردە و تەندروستی باسی لێوەکراوە.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کەمپی شەهید رۆستەم جودی (کەمپی مەخمور) رایگەیاند، بەشداربووان و ئەندامانی کۆنگرەکە بەیەکڕیزیی و بەو ڕۆحییەتەوە پێشەنگایەتیی کۆنگرەکەیان کرد، کە ئەوەی کە ئێمەی پەنابەرانی باکووری کوردستان پەنابەری سیاسیین، بۆ ژیانێکی ئازاد دەستمان بە ڕێپێوانێکی درێژکردووە، هەتا ستاتۆی کوردستان و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەبێت، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان، خاوەنداریی لە ڕێبازی شەهیدەکانمان دەکەین.

لە کۆتایی ئەنجامنامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: دووەمین کۆنگرەی گەل بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست چاوی بە پەیمانی کۆمەڵایەتییدا خشاندەوە، بڕیاری نوێ پەسەندکران، هاوسەرۆکانی نوێی ئەنجومەنی گەل، هاوسەرۆکانی دیوانی ئەنجومەنی گەل هەڵبژێردران و بۆهەر بەشێکیش دەستەی تایبەتمەند هەڵبژێردران.

ف.ق