زانای ئایینی ئەڵکان: ئەوەی بەرامبەر بە تەرمەکان دەکرێت ستەمە

زانای ئایینی عەبدوڵا ئاڵکان ڕایگەیاند، کاتێک تەرمی گەریلاکان ڕادەستی کەسوکاریان ناکرێت، مامەڵەی خراپ دەرهەق بە تەرمەکان و بنەماڵەکانیان دەکرێت، ئەمە خودی ستەمە.

دەوڵەتی تورک چەندین کاری نامرۆڤانە دەکات دەرهەق بە تەرمی گەریلا و ئەو کەسانەی بەرامبەر دڕندایەتی دەوڵەتی تورک شەهیدبوون.  

زۆرجار پاش چەندین مانگ و ساڵ تەرمەکان ڕادەست دەکرێن. ئەوکاتەی ڕادەست دەکرێن، مامەڵەیەکی خراپ دەکرێت، هەروەها هەمان زیهنیەت لەکاتی بەخاکسپاردنی تەرمەکان بەڕێوەدەچێت، زۆرجار بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان تەرمەکان بەخاک دەسپێردرێن، فشارێکی گەورەش دەکرێتە سەر ئەوانەی تەرمەکان وەردەگرنەوە.

لە ٢ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، قەدەغەی هاتوچۆ لە شارۆچکەی سوری سەر بە ئامەد ڕاگەیەندرا، هاکان ئەرسەلان لەکاتی بەرخۆدان دژی تیرۆری دەوڵەتی تورک شەهیدکرا، پاش ٧ ساڵ، لەنێو تورەکەیەک تەرمی هاکان ئەرسەلان ڕادەستی باوکی کرایەوە.

لەکاتێکدا تەرمی ئەندامی یەژاستار، هامیەت یاڵچین کایا (لەیلا ئامەد) کە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە پێکدادانی هەرێمی بەستا لە شەرناخ شەهیدبوو، پاش مانگێک ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

«ئەمە ستەمە»

ئەندامی کۆمەڵەی هاریکاری و پشتیوانی زانایانی ئایینی (DÎAYDER)، عەبدوڵا ئاڵکان، لەم بارەیەوە هەڵوێستی دەربڕی و گوتی: «ئەمە بەگوێرەی ئایینی ئیسلام و مرۆڤایەتی هەڵە و تاوانە».

ئەڵکان ڕوونی کردەوە و گوتی: «ستەمکاران ڕێگە نادەن بەگوێرەی باوەڕی خۆمان تەرمی ڕۆڵەکانمان بەخاک بسپێرین، ئەمە ستەمە، ئەم کارە لە ئایینی ئیسلام جێگەی نابێتەوە، لەڕووی مرۆڤایەتیشەوە هەڵەیە. ئەوانەی ئێستە بەناوی ئیسلامەوە دەوڵەت بەڕێوەدەبەن، ڕێز لە نەژادی خۆیان و نەژادی ئەوانیتر ناگرن».

«وەزارەتی ئەوقاف_ئایین بەگوێرەی نەریتی فاشیستی ڕەفتاردەکات»

ئەڵکان ئاماژە بەوە دەکات، مەلاکان گوێڕایەڵی وەزارەتی ئەوقاف_ئایینی دەکەن نەوەک قسەی خودا، گوتی: «وەزارەتی ئەوقاف_ئایین باوەڕ و بەهاکانی خۆی لەبیرکردووە، بەگوێرەی نەریتی فاشیستی ڕەفتاردەکات».

مەلا ئەڵکان گوتی: «ئەگەر ئایین نەبێتە دەرمانی ژێردەستەکان و لە ڕیزی ئەوان نەبێت، ئەمە واتە ناوەڕۆکی ئەم زیهنیەتە ئایینییە خاڵیکراوەتەوە و لە ڕاستییەکەی دوورخراوەتەوە، چونکە ئایین هەمیشە دژی ستەمکارە فیرعەون‌ئاساکان بووە».

ف.ق