ژنان لە ناوچەی سلۆپی بۆ یەکێتی نەتەوەیی گرد بوونەوە

بۆ بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد ژنانی ناوچەی سلۆپی گردبوونەوەیەکیان ساز کرد و بە یەک دەنگ بانگەوازیان بۆ بونیادنانی یەکڕیزی گەلی کورد کرد و جەختیشیان کردەوە، "ئەگەر نەبین بە یەک هەموومان لەناو دەچین."

 

بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، لە بەردەم ناوەندی رێکخستنی هەدەپەی ناوچەی سلۆپی-ی شاری شرنەخ ژنان گردبوونەوەیەکیان ساز کرد و داوای بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردیان کرد.

لە گردبوونەوەکەدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرا و هەر یەک لە سالیحا ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیمۆکراتەکان-دەبەپە و ئایشە ئاجار باشاران، ئایشە سوروجو، رەمزیە توسون، سەمیرە گوزەل، شەڤین جوشکون، فاتما کورتالان و گوڵستان کلچ کوچ یگت پەرلەمانتارانی هەدەپە و ئایشە گوککان وتەبێژی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و دایکانی ئاشتی شارەکانی مێردین، سێرت، ئێلح و ئامەد بەشداریان تێدا کرد.

بەر لە سازکردنی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە، هێزەکانی پۆلیس بە ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکانیان ناوەندی رێکخستنی هەدەپەیان لە ناوچەکە گەمارۆدا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا سەرەتا ئایشە گوککان وتەبێژی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد قسەی کرد و گەمارۆی هێزەکانی پۆلیسی ئیدانە کرد و وتی:"ئەم گەمارۆیە هێمای رژێمی ئاکەپە-مەهەپەیە. ئێمە ئەمڕۆ بۆ یەکێتی و یەکڕیزی گرد بووینەتەوە. گەلی کورد لە هەر جێگایەک بێت لە خۆڕاگریدایە. بەم گەمارۆدانە، نایانەوێت کورد بە دەوری یەکدیدا کۆببنەوە. ئەو زیهنیەتەی کوردستانی پارچە پارچە کرد، ئەمڕۆش ئێمەی گەمارۆ داوە. بانگەوازیمان بۆ گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستان ئەوەیە، کوردستان ئەمڕۆ کە کراوە بە ٤ پارچە، ئێمە قبوڵی ناکەین. کاتێک سەدام هێرشی دەکردە سەر باشوری کوردستان، رۆڵەکانی شرنەخ و جۆلەمێرگ هەموویان بوون بە پێشمەرگە و لە دژی رژێمەکەی سەدام خۆڕاگریان کرد. کاتێک لە قامشلۆ کۆمەڵکوژی کرا، نیوەی خەڵکی نسێبین چوون بۆ هاوکاریان. کاتێک داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەموو ژنانی کوردستان بوون بە یەک و لە کۆبانێ بوون بە قەلغان. ئێمە ئەمڕۆ بەم رۆحە لە سلۆپی گرد بووینەتەوە. سوپای ٦٠ دەوڵەت لەگەڵ سوپای ناتۆ لەوێ کۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی کۆتایی بە داعش بهێنن. ژنانی کورد بە هەل هەلە و چەپڵە لە دژی داعش تێکۆشان."

گوککان بانگەوازیەکی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی کرد و جەختی کردەوە کە یەکێتی کورد یەکسانە بە ئازادی کورد و وتی:" ئێمە بانگەوازی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی دەکەین. ئەگەر پێشەنگ و زاناکانمان لەگەڵ یەک دانەنیشن، ئەوا هەموو دەستکەوتەکانی گەل لەدەست دەچن. گەلی کورد لە هەموو شوێنێک داوای یەکڕیزی دەکات. کاتی بونیادنانی یەکێتی کوردە. ئەگەر نەبین بە یەک، گەلی کورد لەناو دەچێت."

گوککان لە بەردەوام قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رایگەیاند، ئوجالان دوای ماوەیەکی دوور و درێژ توانی لەگەڵ خانەوادەکەی بە تەلەفۆن قسە بکات، هاوکات تیشکیشی خستە سەر سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر لەیلا گوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە و وتی:" لەیلا گوڤەن بە هۆی کاروخەباتی کەجەدە زیندانی کرا. ئەمڕۆ زیندانیانی سیاسی دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە. هێرشی هێزە دەسەڵاتدارەکان لە دژی گەلی کورد بەردەوامە. ئەمڕۆ هێرشەکانی دژی عەین عیسا بەردەوامن. لە هەر جێگایەک کوردێک هەیە، دەیانەوێت بێکاریگەری بکەن، بەڵام ئێمە وەکو ژنانی کورد قبوڵی ناکەین دوژمن دەستمان بۆ درێژ بکات."

دوای گوککان، نەفیسە یگت ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی-ی شاری ئامەد قسەی کرد و وتی:"دەبێت گشت گەلی کورد و دایکانی ئاشتی بەرپرسیارێتی هەڵگرن. دەبێت ببین بە رێگر بۆ رشتنی خوێن. بۆ بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بانگەوازی ئاراستەی مەسعود بارزانی دەکەین کە بەرپرسیارێتی سەر شانی خۆی جێبەجێ بکات."

کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە بە وتنەوەی دروشم بۆ بەدیهاتنی یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی گەلی کورد، کۆتایی پێهات.

ز.ش