ژنانی کەرکوک: لەئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ژنان دەبنە قوربانیی یەکەم

ژنانی شاری کەرکوک، هۆشیاری دەدەن لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناخۆ، ئەوە ژنان و منداڵان بە پلەی یەکەم دەبنە قوربانی.

ئەحمەد کەرکوکی - کەرکوک

کوردستان بە دۆخێکی زۆر هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕێت، لە کاتێکدا کە داگیرکەرانی کوردستان بەردەوامن لە پیلانگێری دژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازەکەی، دێۆزمەی شەڕێکی نێوخۆیی جارێکیتر بەرۆکی ئەم گەلەی گرتووە.

شەڕی نێوخۆیی لە کوردستان مێژوویەکی درێژ و خوێناوی هەیە، هەموو جارێک دوای ماڵوێرانی و خوێنڕشتن، پەشیمانی بەدواوە بووە، بە دڵنیاییەوە پەشیمانی ناتوانێ برینەکانی شەڕ ساڕێژ بکا و خەسارەکانی بسڕێتەوە.

لە ئێستاشدا دەوڵەتی تورک بەهاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دەکات.

ژنانی شاری کەرکوکیش بەتوندی ئیدانەی ئەو هەوڵانە دەکەن کە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ ئەنجام دەردرێت و دەڵێن، لە ئەگەری هەڵگیرسانی ئەم شەڕە دەبێتە مایەی ماڵوێرانی بۆ تەواوی گەلی کورد و بەتایبەتی ژنان و منداڵان دەبنە قوربانیی یەکەمی ئەم شەڕە و دوژمنانی کورد تەنها براوە دەبن لەم شەڕە.

هەوڵدەدەن شەڕی کورد بە کورد بکەن بۆ لاوازکردنی تەواوی کورد

مامۆستا دلڤان ئەکرەم بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان لەشاری کەرکوک، سەبارەت بەو لایەنانە، کە هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ دەکەن بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی پارێزەری ژنان بەناوی تەواوی ژنانی کۆمەڵگاکەمان لە شاری کەرکەوە بەتوندی ئیدانەی هەر هەوڵێک دەکەین بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا، روودانی شەڕی ناوخۆ تەنها دەبێتە مایەی ماڵوێرانی بۆ گەلی کورد و تەنها براوەی ئەم شەڕە دوژمنانی کورد دەبن، روونە کە دوژمنانی کورد لەپشتی ئەم پلانگێرییەن، چونکە دوژمنانی کورد نەیانتوانیوە سەرکەوتووبن لەشەڕ دژی گەلی کورد، بۆیە هەوڵدەدەن شەڕی کورد بە کورد بکەن بۆ لاوازکردنی تەواوی کورد."

دووبەرەکی لەنێوان کوردان دروست بوو

هەروەها دلڤان ئەکرەم ووتیشی: "ئێمە وەکو ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) بەتوەندی ئیدانەی هەموو جۆرە شەڕێکی ناوخۆ دەکەین، چونکە پێشتر شەڕی ناوخۆمان دیوە و ئەزموونمان هەبووە، کە ئەو شەڕە بووەتە چ نەهامەتییەک بۆ گەلی کورد بەگشتی و ژنان بەتایبەتی، چونکە لە شەڕی ناوخۆ قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دووبەرەکی لە نێوان کوردان دا دروست بوو، هەروەها کاریگەریی دەرونی زۆری هەبوو لەسەر تەواوی خەڵک."

دەبێتە هۆی ئەوەی قەیرانەکان گەورەتربن کێشەی کۆمەڵایەتی روو لە هەڵکشان بکات

لە کۆتایدا ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان وتیشی: "لەکاتی شەڕی ناوخۆ ژنان دەبنە قوربانیی یەکەم، چونکە ژنانێکی زۆر بێوەژن دەکەون و منداڵێکی زۆر بێ باوک دەبن و تەواوی ئەرکی منداڵ دەکەوێتە سەر شانی دایک. هەروەها دایکێکی زۆر لەشەڕی ناوخۆ جەرگ سووتاو ئەبن، لەم دۆخە خراپەی ئابوریدا شەڕی ناوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی قەیرانەکان گەورەتربن و کێشەی کۆمەڵایەتی روو لە هەڵکشان بکات و توندوتیژی زیاد دەکات."

هەمووان دەبنە قوربانی بەتایبەتی ژنان

بەهیە ئەنوەر هاوژینی پێشمەرگەیە و دایکی گەریلایە و سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "من وەکو دایکی گەریلایەک و هاوژینی پێشمەرگەیەک بەهەموو شێوەیەک دژی شەڕی ناوخۆین لە کوردستان، لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ هەمووان دەبنە قوربانی بەتایبەتی ژنان دەبنە قوربانی یەکەمی ئەم شەڕە، چونکە منداڵێکی زۆر بێ باوک دەبن و ئەرکی سەر شانی ژنان قورستر دەبێت، لەئێستاشدا دەبینین قەیرانی ئابوری باری خەڵکی قورسکردووە و لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ قەیرانەکان قوول تر زیاتر دەبن."

تا ئێستا خەڵکی باجی شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەتەکان دەداتەوە

ووتیشی: "هیچ کەسێک ناخوازێت شەڕی ناوخۆ رووبدات جگە لە دوژمنانی کورد، چونکە ئێمە پێشتر ئەزمونی شەڕی ناوخۆمان بینوە، کە خەڵکی تووشی چ نەهامەتییەک کردووە کە تا ئێستا خەڵکی باجی ئەو شەڕە دەداتەوە، کە بریندارێکی زۆری ئەو سەردەمە تا ئێستا ئازار دەکێشنن و کەم ئەندامبوون و منداڵێکی زۆری بێ نازی باوک گەرورە بوون".

"دوژمن براوەی یەکەمی شەڕی ناوخۆ دەبێت"

لە کۆتایدا بەهیە ئەنوەر مەحمود ئەوەشی ووت: "ئەم هەوڵانە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لایەنێکی دوژمنی کوردی لەپشتەوەیە، لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دوژمن براوەی یەکەمی ئەم شەڕە دەبێت."

ژ.ت