ئەندامێکى هەدەپە لە هەولێر لە دواى دەستگیرکردنییەوە بێسەروشوێنە!

محەمەد ڤەفا (وەفا) کۆچاکلی ئەندامى هەدەپە لەسەر داواى ئاسایشی هەولێر چوو بۆ سەردانى ئاسایش و ماوەی ٥ رۆژە هیچ هەواڵێکى نییە.

محەمەد ڤەفا (وەفا) کۆچاکلی ئەندامى هەدەپە، کە لە هەرێمى کوردستان دەژی، ماوەى ٥ رۆژە لەسەر داواى ئاسایشى هەولێر چووە بۆ سەردانى ئاسایش و تا ئێستا هیچ هەواڵێکى نییە.

ئاژانسى هەواڵى رۆژ نیوز بڵاویکردووەتەوە، لە رۆژی ١ى ئابی ٢٠١٨ەوە هیچ هەواڵێک لەبارەى محەمەد ڤەفا کۆچاکلی ئەندامى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە)، کە لە هەولێر دەژى لە بەردەستدا نییە. کۆچاکلی نوێنەرایەتیى هەدەپەى ئاگادارکردبووە کە ئاسایشى راپەڕینى هەولێر بانگهێشتیان کردووە، بەڵام لەو رۆژەوە کە چووە بۆ ئاسایش هیچ هەواڵێکى نییە.

عابید ئیکە ئەندامى نوێنەرایەتیى هەدەپە لە هەولێر رایگەیاندووە، لەو رۆژەوە کۆچاکلی چووە بۆ ئاسایش هیچ هەواڵێکمان لێ نییە.

'ئاسایش و پەدەکە زانیاریمان پێنادەن'

ئیکە رایگەیاند، تا ئێستا چەند جارێک لە ئاسایشى راپەڕین و ئاسایشی هەولێر هەواڵى ئەندامەکەیان پرسیوە، بەڵام ئەو ٢ ئاسایشە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەندامەکەیانەوە پێنادەن و رەتیدەکەنەوە کە دەستگیریان کردبێت.

عابید ئیکە راشیگەیاند، دوای ئەو وەڵامانەی ئاسایش، دەستیانکردووە بە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) و داواى زانیارییان لەبارەى کۆچاکلی-یەوە کردوە، سەربارى ئەوەى بەرپرسانى پەدەکە پێیان وتون، لەوبارەیەوە ئاگاداریان دەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوانیش هیچ زانیارییەکیان لەبارەى کۆچاکلی-یەوە بە نوێنەرایەتیى هەدەپە نەداوە.

ئیکە باسى ئەوەشیکرد، لەهەولێر، دهۆک و زاخۆ گوشاری ئاسایش بۆ سەر ئەندامەکانیان و هاووڵاتییانى باکوورى کوردستان، کە لەو سنوورانەدا دەژین زۆر زیادیکردووە.

ر.م