کەژەکە: دەبێت ٣ی ئاب وەک' ڕۆژی قڕکردنی ژنان' بناسرێت

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی قرکردنی ٣ی ئابی/١٣ی گەلاوێژ ٢٠١٤وە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە دەبێت " ٣ی ئاب وەک ڕۆژی قڕکردنی ژنان بناسرێت."

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی قرکردنی ٣ی ئابی/١٣ی گەلاوێژ ٢٠١٤وە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەژەکە وەبیری هێنایەوە کە ئیستاکەس هەزاران ژنی ئیزەدی بەدیل گیراون و بۆ ژنانی ئیزەدی کە ئیستاکە وەک کۆیلە لە وەڵاتاندا فرۆشراون و چارەنووسیان نادیارە بانگەوازی  خۆپیشاندانی هەمەلایەنەی کرد.

کەژەکە ڕایگەیاندووە، کە کۆمەڵگای ئێزدی سەرەڕای هەمووی کۆمەڵکوژییەکان و فەرمانەکان و هەروەها سیاسەتی تواندنەوە کە لە دژی ئەنجامدراوە، خۆی پاراستووە و هیچ کام لەو سیاسەتانەی قبوڵ نەکردووە.

کەژەکە هەروەها ئاماژەی بە بەجێهێشتنی شەنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەی پارتییەوە داوە و ڕایگەیاندوە، کە لەو فەرمانەدا هەزاران ئێزدی کوژران و هەزاران ژن وەک غەنیمەی شەڕ ڕفێندراون و هەزارانی دیکەش ناچاربوون خاکی خۆیان بەجێبهێڵن.

لە بەردەوامیدا هێرش بۆ سەر ژنانی ئێزدیی بە هێرش بۆ سەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوناوە و ڕایگەیاندووە: پێشەنگیی ئێمە بۆ ئازادیی ژن بۆ هەمووان ئاشکرابووە، سیستمی باوکسالاری خستووەتە ناو ترس و نیگەرانییەوە، بەو کۆمەڵکوژییەی لەدژی ژنانی ئێزدی ئەنجامیاندا هەوڵیان دا، هێڵی ئازادیی ژن لاواز بکەن و ژنان چاوترسێن بکەن.

کەژەکە جەختیشی کردووەتە سەر گرنگیی ڕۆژی ٣ی ئاب و ڕایگەیاندووە: گرنگە کە ڕۆژی ٣ی ئاب ببێتە ڕۆژی بەرفراونکردنەوەی بەرگریی لە خۆ، خۆڕێکخستن و تێکۆشانی هاوبەشی هەموو ژنانی جیهان بۆ ژنانی ئێزدی.

لە کۆتاییشدا بانگەوازی کردووە، کە فەرمانی ٧٤ هەمینی سەر ئێزدییەکان وەک جنیۆساید بناسرێت.