هێزی پاراستنى جەوهەریی باشووری کوردستان ڕاگەیەندرا

هێزی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان بە مەراسیمێکی سەربازی لە چیاکانی کوردستان  بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەك دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەکەن: "پێگەی هێزە داگیرکەرەکان لە باشووری کوردستان دەکەینە ئامانج".

بەیاننامەکە لەلایەن یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو هێزە خوێندرایەوە و ئاماژە بەوە دەکات: لە تەواوی  ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی تەعریب کردن و تاڵانکردن و کوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییان مەدەنی دەستی پێکردووە. لە هەمان کاتدا دەوەڵەتی عوسمانیی نوێ داگیرکارییەکی نوێ لەسەر گشتی کوردستان و بە تایبەتی هەرێمەکانی برادۆست و کەرکووک و بادینان بەڕێوە دەبات، بەداخەوە چەند هێزیکی باشووری کوردستان بۆ ئەم داگیرکارییە نوێیە هاوکارن و بێ هەڵوێستن،  بۆ تاڵانکردنی بەها و کلتور و فەرهەنگ و لەسەروی هەموویانەوە ئابوری و جوگرافیای باشووری کوردستان .

ئەو هێزە لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن دروستکردنی هێزەکەیان لەبەرامبەر ئەو بێدەنگییە کە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان هەیانە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، ‌هێزەکانی پاراستنی جەوهەری تەواوی پێگەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکەنە ئامانجی خۆیان. هاوکات داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەن شان بە شانی هێزەکانیان؛ کوردستان لە داگیرکاران پاک بکەنەوە.   

تەواوی بەیاننامەکە وەك خۆی بەم شێوەییە:

 بۆ ڕای گشتی

وەک دیارە  لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە ناویدا بە تایبەت کوردستان ڕۆژانە بە چەندین گۆڕانکاری نوێدا تێپەڕ دەبێت و تا دێت شەڕ و ململانێ سیاسییەکانی هێزە جیهانی و هەرێمییەکان بە هێزتر و قوڵتر دەبێتەوە.

لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا وەک هەموولایەک ئاگادارن، لە تەواوی  ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی تەعریب کردن و تاڵانکردن و کوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییان مەدەنی دەستی پێکردووە. لە هەمان کاتدا دەوڵەتی عوسمانیی نوێ، داگیرکارییەکی نوێ لەسەر گشت کوردستان و بە تایبەتی هەرێمەکانی برادۆست و کەرکووک و بادینان بەڕێوە دەبات. بەداخەوە چەند هێزیکی باشووری کوردستان بۆ ئەم داگیرکارییە نوێیە هاوکارن و بێ هەڵوێستن،  بۆ تاڵانکردنی بەها و کلتور و فەرهەنگ و لەسەروی هەموویانەوە ئابووری و جوگرافیای باشووری کوردستان .

لەم چورچێوەیەدا ئێمە وەک (هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان) لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسی و سەربازییەدا دروست بووین، کە لە هەرێمەکەدا هەیە و ئامانجمان پاراستنی بەها و کولتور و دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بە تەواوی پێکهاتە و ئایین و باوەڕە جیاوازەکانەوەیە.

گەلی ئێمە ئەم ڕاستییە باش دەزانێت، کە ئەم دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بە دەست هاتوون لە ئەنجامی شەهیدبوون و گیان بە ختکردنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم خاکەیە، بۆیە پاراستنی ئەم دەسکەوتانە ئەرکە لە سەر تاک بە تاکی گەنجان  و ژنان و تەواوی چین توێژە جیاوازەکانی کوردستان بەتەواوی پێکهاتەکانەوە.

بەو مەبەستەش داوا دەکەین لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییە نوێیەدا بێدەنگ نەمێنن و هەوڵبدەن پاراستنی سەرەوەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بدەن، پێوستە باش بزانن ئێمە لە بێ هەڵوێستی ئەوان دروست بووین.

لێرەشەوە داوا لە هیزەکانی پێشمەرگە دەکەین لەسەر ڕێبازی شەهید مامە ریشە، شەهید ئارام و لەیلا قاسم و تەواوی شەهیدانی گەلەکەمان بێن شان بە شانی یەکتر کوردستان لە دەستی داگیرکەران بپارێزین. داواش لە دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین چیتر ڕێگە بۆ داگیرکاری خۆش نەکەن و دووبارە توانایان بخەنە خزمەتی گەل.

لە کۆتایدا بە ناوی هەموو هێزەکانمان لە تەواوی باشووری کوردستان داوا لە گەنجان و ژنان سەرجەم چین توێژەکان دەکەین لە هەرێمە جیاوازەکان لە ئاستی خۆیان هەڵویستی ڕوون لە بەرامبەر داگیرکەران نیشان بدەن. لە هەمان کاتدا بێن بە شداری هێزەکانی پاراستنی جەوهەری باشووری کوردستان بکەن و وەک ئەو چالاکییەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانمان لە زاخۆ ئەنجامدرا، کە تیایدا توانرا بێ زەرەر و زیان هێزەکانمان گورزی کوشندە لە سوپای داگیر کەری تورکیا بدەین، ئەم چالاکییە پێشکەش بە ڕوحی شەهیدانی گەلەکەمان دەکەین و لە بەردەم  روحی پاکیان پەیمان و بەڵێنی بەردەوامی و درێژە پێدانی ئامانجەکانی ئەوان دووپات دەکەینەوە.

ڕایدەگەیەنین لە ئەمڕۆ بەدواوە درێژە  بەم شێوازە چالاکییانە دەدەین لە هەر جێگایەکی  باشووری کوردستان تەواو پێگەکانی سوپای داگیرکەران دەبنە ئامانجی سەرەکی هێزەکانمان.

هێزەکانی پاراستنی جەوهەری

سڵاو ڕێزی شۆرشگێڕی

ر.م