"بەڕێوبەرێکی کوردی کەرکوک هاوکارە لە بەعەرەب کردنی شارەکەدا"

پەرلەمانتارێکی شاری کەرکوک ئاشکرای کرد: بەرێوبەرێکی کورد لە شارەوانیی کەرکوک هاوکاریی پارێزگاری سەپێندراوی شاری کەرکوکی کردووە لە بەعەرەب کردنی شارەکەدا.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ١٨ی ئایار ئومێد محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، چەند دۆسەیەکی گەندەڵی و دزیکردن لەلایەن بەرپرسانەوە و چەند پرسێکی دیکەی وەکو بەعەرەب کردنی شاری کەرکوک لەلایەن پارێزگاری سەپێنداراوی شارەکە و هاوکاریکردنی لەلایەن بەڕێوبەرێکی کوردەوە لە پرۆسەی بە عەرەب کردنی شارەکەدا خستەڕوو.

ڕاکان جبوری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک لە نەتەوەی عەرەبە و لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە وەکو پارێزگارێکی سەپێندراو بەردەوام کاری بۆ بەعەرەبکردنی شارەکە کردووە، بەپێی ئەو بەڵگانە پەرلەمانتار ئۆمێد محەمەد ئاشکرای کرد، بەرێوەبەری شارەوانی شاری کەرکوک کە بەڕێوەبەرێکی کوردە و لە پشکی یەکێتیی نشتیمانی کوردستانە رۆڵێکی سەرەکی بینوە لە هاوکاریکردن لە بەخشینی زەوەی بۆ عەرەبی هاوردەی شاری کەرکوک.

هەروەها سەبارەت بەناوەڕۆکی بەڵگەکانی تایبەت بە نیشتەجێکردنی عەرەبی  هاوردەی دەروەی کەرکوک بۆ شاری کەرکوک، ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد: "تەنها لەناوچەی نزیک پردی لەیلان لەشاری کەرکوک زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ پارچەی زەوەی بەنرخێکی زۆر کەم کە ٣ بۆ ٥ ملێۆن دینار دراوە بە خێزانی دەرەوەی شاری کەرکوک (عەرەبی هاوردە)، بەداخەوە لەکاتێکدا گەڕەکە ڕەسەنە کورد نشینەکانی شاری کەرکوک بێ بەشن لەتەواوی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەڵام تەواوی ئەو زەوییانەی، کە دراوە بەعەرەبی هاوردە تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین کراوە و لە بودجەی ساڵی نوێ پارەیان بۆ تەرخانکرداوە، تەواوی ئەم بەڵگانەم داوەتە دەستی لیژنەی دەستپاکی عێراق".

ئومید محەمەد ووتیشی: "ئەو لایەنە کوردیانەی کە لەکاتی هەڵبژاردن لەڕێگەی میدیاکانەوە دژی بەعەرەبکردنی شاری کەرکوک قسەیان دەکرد (یەکێتی نشتیمانی کوردستان)، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرێکی ئەو لایەنە کوردییە هاوکارێکی سەرەکییە لە پرۆسەی بەعەرەب کردنی شارەکە".

هەروەها سەبارەت بە دۆسییەی گەندەڵی ودزی، ئەو پەرلەمانتارەی شاری کەرکوک "چەند دۆسییەیەكی گەندەڵی" ئیدارەی كەركوك ئاشكرادەكرد و جەختیكردەوە، کە "مانگانە ٦٠ ملیۆن دینار لە كرێكارانی شارەوانی وەردەگیرێت و دەچێتە گیرفانی بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوكەوە، ئەوەش بە ئاگاداری پارێزگار".

سەبارەت بەو ٦٠ ملێۆنە ئومێد محەمەد ووتی: "رۆژانە ٢ بۆ ٣ هەزار دینار لە تەواوی کارمەندانی شارەوانی کەرکوک وەرگیراوە و ئەم پارانە دەچنە گیرفانی بەڕێوبەری شارەوانی کەرکوکەوە، وە تەواوی ئەم بەڵگانەمان داوەتە دەستی دەستەی دەستپاکی عیراق لەم نزیکانەش لیژنەیەکی مەیدانی سەردانی شارەکە دەکەن بۆ ڵێکۆڵینەوەی لە تەواوی ئە دۆسیەی گەندەڵیانەی کە ئاشکرامان کردووە".

ژ.ت