"بێزارن، بەڵام بێ هەڵوێستن"

حافز ئەحمەد تورهالی سەرۆکی جیک و ئەندامی 'شاندی ئاشتی بۆ پاراستنی کوردستان' ڕایگەیاند، هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی سەردانیان کردوون لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک نیگەران بوون.

شاندی ئاشتی بۆ پاراستنی کوردستان لە ٧ کەس پێکدێت و لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە. حافز ئەحمەد تورهالی سەرۆکی کۆمەڵگەى ئیسلامیی کوردستان (جیک / CÎK) و ئەندامی شاندەکە ڕایگەیاند، ئەو نوێنەرە سیاسییانەی کە لەگەڵیان کۆبووینەتەوە وتیان، دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکن.

شاندی ئاشتی بۆ پاراستنی کوردستان پێکهاتوون لە سەرۆکی کۆمەڵگەی ئیسلامیی کوردستان (جیک / CÎK) حافز ئەحمەد تورهالی،  پرۆفیسۆر دکتۆر سالار باسیرە، سەرۆکی یەکێتیی تەندروستکارانی کورد دکتۆر زەینەب بینیجی، ڕاوێژکاری چالاکوانی مافەکانی ژنان و پەنابەران روناک عەزیز، هونەرمەند گلۆریوس جۆن ساتوری لە دامەزراوەی لیناگان  لە (هۆڵەندا)، وتەبێژی ئینتەرناسیۆناڵی پێشکەوتوخواز دانیەل کۆپ و چاودێری سیاسی یڵماز پەشکەڤن کابا بۆ پێشگرتن لە هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا لە هەولێر چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. شاندەکە لە بینای پەرلەمانی باشوری کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی یەکێتی (یەنەکە) و پارتی (پەدەکە) و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

هەموو پارتە سیاسییەکان لە دژی داگیرکاریین

حافز ئەحمەد تورهالی سەرۆکی جیک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، ئەوان هاتوونەتە هەرێم بۆ ئەوەی سەرنج ڕابکێشنە سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هێرشە داگیرکاریەکاندا و بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.

تورهالی ڕایگەیاند، ئەو حزبانەی لە پەرلەمانی باشوری کوردستاندان و چ فراکسیۆنیان هەبێت و فراکسیۆنیان نەبێت لەگەڵیان کۆبوونەتەوە و وتی: "نوێنەرانی پارتی ئازادی و دیموکراسیی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە پەرلەماندا فراکسیۆنیان نییە . ڕاشیگەیاند، لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەیاننامەیەکیان بۆ کۆتایی پێهێنانی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک  کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسییان ئەنجامداوە. ئێمە لەگەڵ وتەبێژانی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان کۆبووینەتەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا وتیان، لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکن. بەتایبەتی و هەرچەندە تێڕوانینی فەرمیی پارتی (پەدەکە) لە ڕای گشتیدا لەبەرژەوەندیی ئەو داگیرکارییەدایە، بەڵام بینیمان وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان لەهەوڵە داگیرکارییەکان نیگەرانە.

 هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی لەگەڵیان کۆبوینەوە ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورک ئەندامی ناتۆیە و ناتۆش پشتگیریی دەوڵەتی تورک  دەکات.

 ئێمە هێشتا کۆبوونەوەکانمان تەواو نەکردووە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان ڕاپۆرتێک لەسەر کۆبوونەوەکان ئامادە و بڵاو دەکەینەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵە مەدەنیەکانمان".

گۆڕان هەڵوێستی ڕوون بوو، یەکێتی ڕوون نییە و پارتیش کێشەى تیادایە

پرۆفیسۆر دکتۆر سالار باسیرە سیاسەتمەداری خەڵکی شاری سلێمانی، کە پێشتر لە زانکۆکانی سلێمانی و ئەڵمانیا مامۆستا بووە لەبارەی  کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەو سێ لایەنەدا، کە فراکسیۆنیان هەیە وتی: ئێمە لەگەڵ سێ لایەن کۆبووینەوە و لەبارەی ئەو هێرشانەی تورکیا پرسیارمان لێکردن، بۆچی پەرلەمان باڵاترین دامەزراوەیە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هەڵوێست وەرناگرێ؟ هەڵوێستی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە دژی هێرشەکان ڕوون بوو، بەڵام هەڵوێستی یەکێتی و پارتی ڕوون نەبوو. تەنانەت پارتی پەکەکەى بە بەرپرسیاری هێرشەکان دەزانی و وتیان: "ئەگەر پەکەکە لە هەرێم نەبێت تورکیا هێرش ناکات!".

بڕیارە ئەمڕۆ شاندەکە بچێتە شاری سلێمانی و لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران کۆببنەوە.

ژ.ت