چالاکی سیمڵکا لە شوێنکی دیکە درێژە پێدەدرێت

ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە دەروازەی سنوری سێماڵکا ڕایگەیاند، کە چالاکی مانگرتنی کەسوکاری شەهیدانی خەلیفان لە سێماڵکا کۆتایی هات و لە شوێنی دیکە بەردەوام دەبن لە چالاکییەکەیان.

ئەمڕۆ سەدان هاوڵاتی لە ناوچەکانی دێریک، گرکێ لەکێ، چلاخا، تل کۆچەر و تربەسپی سەردانی چالاکییەکەیان کرد و ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان ڕایگەیاند، کە لە سێمالکا کۆتایی بە چالاکییەکەی هێناوە و لە شوێنی دیکە چالاکییەکە بەڕێوەدەبرێت.

ڕۆژی 5ی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە دەروازەی سنوری سێمالکا چالاکییەکیان ئەنجامدا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی شەهیدانی کەمینی خەلیفان کە لەلایەن پەدەکەوە شەهید کرابوون.

ئیحسان شبلی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدانی گێرکێ لەکێ لێدوانێکیدا وتی: ماوەی 4 مانگە چالاکیەکانمان ئەنجامداوە بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە، بەڵام بەرپرسانی پەدەکە داواکارییەکانمانیان بێ وەڵام هێشتەوە.

باسی لەوەشکرد پەیام و چالاکیەکانی ئەوان ئاشتی و مرۆڤایەتییە، دایکان مافی ئەوەیان هەیە تەرمی شەهیدەکانیان وەربگرنەوە تا ئەو ئامانجە بەدی نەهێنرێت بەردەوام دەبین لە چالاکی و بەرخۆدانی خۆمان.

ئەو وتیشی: چالاکییەکە لە سێمالکا کۆتایی هات، بەڵام بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوام دەبین لە چالاکییەکەمان سوپاسی سەرجەمی هاوڵاتیان و دامودەزگاکان دەکەین بۆ پشتیوانیکردن لەداواکاریەکانمان.

کەسوکاری دوو گەریلای شەهید کە لەشەوی ٢٨ی ئابدا لە کەمینێکی هێزەکانی پەدەکەدا لە ناوچەی خەلیفان شەهید کراون، ماوەی ١١١ ڕۆژ داوای تەرمی ڕۆڵەکانیان کردەوە بەڵآم پەدەکە هیچ وەڵامێکی نەدانەوە.

ئەو دوو شەهیدەی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوەکانی شەهید تولهەڵدان ڕامان و سەردەم جودی کە سێ گەریلای دیکەشیان لەگەڵدا شەهیدبوون تا ئێستا تەرمەکانیان نازاندرێت لە کوێیە.

بە گوێرەی وتەی چەند چەکدارێکی هێزی ڕۆژ، لەلای کەسوکارەکەیان دانیان بەوەدانا وە کە بە فەرمانی بەرپرسانی پەدەکە ئەوان کەمینیان بۆ ئەو گروپەی گەریلا داناوە.

کەسوکاری ئەو دوو شەهیدەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ٥ی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١وە  لە دەروازەی سنوری نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان لە مانگرتندان و داوای تەرمی شەهیدەکانیان دەکەنەوە.

پەدەکە لەبەرامبەر ناڕازیبوونی چالاکی کەسوکاری شەهیدان لە سێماڵکا لە ڕۆژی ١٦ی مانگی کانونی یەکەم، بە بەرد و دار هێرشی کردە سەر گەنجانی شۆڕشگێڕ و دواتریش لەلایەن گەنجەکانەوە بە بەرد وەڵامیان درایەوە و دوای ئەوەش بڕیاریدا دەروازەکە دابخرێت و رێنادات هاوکاریە مرۆییەکان بە دەروازەکدا تێپەڕ بکات.