دادگای تورک سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر رۆژنامەنووس ڕۆژهات دۆغروو سەپاند

دادگایەکی تورکیا سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر ڕۆژنامەنووسێکی کورد-دا سەپاند، کە کامێرامان و پەیامنێری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانی زمانحاڵی یەنەکە بووە.

دوێنێ لە دادگای دەوڵەتی تورک لە ئامەدی باکووری کوردستان، دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی ڕۆژنامەنووس ڕۆژهات دۆغروو، پەیامنێری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بەڕێوەچوو، کە هەشت ساڵ لەمەوبەر لە خۆپیشاندانێکدا بریندارببوو.

هەشت ساڵ لەمەوبەر بە دیاریکراوى لە مانگى ١٠ ى ساڵى ٢٠١٤ لە پێکدادانێکى چەکداریدا لە ئامەد بە فیشەک برینداربووە، دواتر دەستگیرکرا و پاش نزیکەی هەشت ساڵ مانەوەى لە زیندان، دادگاى دەوڵەتی تورک لە ئامەد بە تۆمەتى “هەوڵی کوشتنی بەمەبەست” و “بانگەشە بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستى” سزاى هەتاهەتاىی بەسەردا سەپاند.

ڕەسول تەیمور، پارێزەری ڕۆژهات دۆغروو ڕایگەیاندووە، پاش سێ ساڵ لە دوای پێکدادانەکە، یەکەم سکاڵا لە دژی ڕۆژهات دۆغروو تۆمارکرا و لەکاتی دادگاییکردنەکەدا، “سکاڵاکارەکە بیری نەکەوتەوە، کە ئایا ڕۆژهات دۆغروو کامێرایەکی پێبووە یان دەمانچە”.

پارێزەری ڕۆژنامەنووسەکە دەشڵێت، کە ئەوان داوای تێهەڵچوونەوەی دادگاییکردنەکەیان کردووە و دادگاییەکەیان بە “لایەنگری” ناوبردووە، بڕیارەکەی دادگاش پارێزەرانی ئازادی ڕۆژنامەگەری سەرسام کردووە و پێیان وایە، پێویستە دادگایەکی باڵا لە تیهەڵچوونەوەکەدا حوکمەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ڕۆژهات دۆغروو وەک ڕۆژنامەنووسێکی کورد ڕووداوەکانی ئامەد و ناوچەکەی بۆ کەناڵی گەلی کوردستان دەگواستەوە و تێیدا گرتەی ڤیدیۆیی ئەو خۆپیشاندانانەی دەگواستەوە، کە بۆ کۆبانی بوو لە ساڵی ٢٠١٤دا و بۆ ئەو ڕووماڵکردنانە، خەڵاتی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ساوث ئیسترنی Southeastern Journalists Association پێبەخشرا.

ف.ق