دەوڵەتی تورک ڕۆژنامەوان چەتین کورشونی بە ١٣ ساڵ زیندان سزا دا

چەتین کورشون خەباتکاری رۆژنامەی ئازادیا وڵات لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە سزای ١٣ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

چەتین کورشون خەباتکاری ڕۆژنامەی ئازادیا وڵات، کە ڕۆژنامەکە بە بڕیاری سەردەمی حکومەتی باری نائاسایی لەلایەن ئاکەپەوە داخرا، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە، دامەزرێنەری ماڵپەڕی 'جوان نیوز' بوو، دەستگیرکرا.

کورشون ڕەوانەى دادگا کرا و  بەتۆمەتی 'پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخستن' سزای ٣ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراو، بەڵام ئەو سزایە  لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە پووچەڵکرایەوە.

دوای ئەوە داوکاری گشتیی دەوڵەتی تورک داوای لە لقی سێیەمی دادگای هەرێمی دیلۆک کرد، کە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ رێکخستن" و "ئەندامبوون لە رێکخستن دا" دادگایی چەتین کورشون بکات، دانیشتنی دادگاکە لە لقی دووی دادگای سزا قورسەکانی مێردین بە بەشداریی کورشون و پارێزەرەکەى بەڕێوەچوو.

داواکاری گشتی داوای کرد، قورسترین سزای بەسەر چەتین کورشون دا بسەپێنرێت

دەستەی دادگاش بە تۆمەتی "ئەندامبوونی ڕێکخستن دا" سزای ٨ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخستن"، سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر چەتین کورشون دا سەپاند.

هاوکات بڕیاری ئەوەشی دەرکرد، چەتین دەستگیر بکرێت و ڕەوانەى زیندان بکرێت.

ژ.ت