هێرشی نەژادپەرستان لە جۆلەمێرگ ئیدانە کرا

رێکخستنی هەدەپەی جۆلەمێرگ ڕایگەیاند، کە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بەرپرسیارە لە هێرشی نەژادپەرستانەی دژ بە کوردان و داوای لە ڕای گشتیی دیموکراتی کرد تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوەببەن.

رێکخستنی هەدەپەی جۆلەمێرگ دەربارەی هێرشی نەژادپەرستانەی سەر کوردان لە ئافیۆن، ئەنقەرە و کۆنیا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. ئەندامانی هەدەپە لە بەردەم باڵەخانەی حیزب کۆبونەوە و سەعید دەدە پەرلەمانتاری هەدەپە، کۆمەڵەی دایکانی ئاشتی، هاوسەرۆکی ناوچە و چەندین ئەندامی پارتی بەشدارییان کرد.

'حکومەت تەنها بەرپرسە لە هێرشەکان'

هاوسەرۆکی ناوچەی ناوەندی سینەم سەڤەن ڕایگەیاند، حکوومەتی ئاکەپە - مەهەپە تەنیا بەرپرسیارە لە هێرشەکان و وتی:" حکومەتی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست کورد و هەدەپە بە ئامانج دەگرێت، کە بەربەستی بۆ دروست دەکات. ئەوانەی ناتوانن لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە هێرشمان بکەنەسەر، هێرشی نەژادپەرستانە ئەنجام دەدەن. سیاسەتەکانی دژبەری حکومەتی هاوپەیمانیی ئاکەپە – مەهەپە زەمینەی ژیانی هاوبەش لەناودەبات"

سەڤەن بەبیری هێنایەوە کە هێرشی نەژادپەرستانە لە یاسای جیهانیدا بە مانای تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و وتی "دەسەڵات ڕێگە لە هێرشی نەژادپەرستانە دەکاتەوە و ئەمە نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر کورد، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو کەسێک لە تورکیا. ئەگەر هێرشی هاوشێوە بڵاوببیتەوە، بێگومان تورکیا بەرەو هەڵدێر دەڕوات و پێویستە دەسەڵاتداران واز لەو زمان و سیاسەتە بهێنن کە وڵات دەخاتە بەر ئاگر"

بانگەوازێک بۆ رای گشتی

سەڤەن بانگی لە ڕای گشتیی دیموکراتیک کرد و وتی "ئەم هێرشە نەژادپەرستانە لە دژی کوردان و پارتەکەمان تەنها بە تێکۆشانێکی هاوبەش دەتوانرێت رێگری لێبکرێت. توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی لە تورکیا تەنیا بە خەباتی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، سەندیکا ، گروپە باوەڕەکان ، ڕۆشنبیران ، نووسەران ، هونەرمەندان ، لایەنە سیاسییەکان ، ژنان و لاوان کۆتایی دێت."

ف.ق