خەڵکی ئاگری: لەم هەڵبژاردنەدا زوڵم کۆتایی پێ دێت

خەڵکی ئاگری ڕایانگەیاند، بەم هەڵبژاردنە زوڵم و ستەمی سەد ساڵەی سەر گەلی کورد کۆتایی پێ دێت و ئاکەپەش دەستبەتاڵ دەگەڕێننەوە.

خەڵکی ئاگری، کە شاری بەرخۆدانی مێژووی کوردە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بکەنە حیزبی سەر کاغەز. ئاگری ٥١٠ دانیشتووی هەیە و جۆش و خرۆشی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە. خەڵکی ئاگری ٤ پەرلەمانتاریان دەبێت و دڵنیان لەوەی، کە هەدەپە هەر چوار پەرلەمانتارەکە دەباتەوە.

گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا لە سندوقەکاندا شکست بە ئاکەپە دەهێنێت

هاوڵاتییەک بەناوی تونجەر تاشدەمیر ئاماژەی بەوەدا، زوڵم و ستەمی سەر گەلی کورد شتێکی نوێ نییە و وتی: ماوەی سەد ساڵە ئەم زوڵم و ستەمە بەردەوامە و کورد لە ژێر گوشار و یەخسیریدایە و وتیشی: "ئاکەپە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە، تا ئێستا هیچ  خزمەتێکی بە گەلی کورد نەکردووە. سەرۆک شارەوانیی ئاکەپە تا ئێستا هیچ خزمەتێکی ئاگریی نەکردووە، ئەمڕۆ بۆ ئەوەی ببێتە پەرلەمانتاری دەستی سەرۆک شارەوانی کێشایەوە، ئەو سەرۆک شارەوانییەی ئاکەپە لە ئاگری هیچ خزمەتێکی بە خەڵکی ئاگری نەکردووە، تەنیا سووکایەتیی بە ئێمە کردووە و ناوی ئێمەی پیس کردووە. ئاگری بەهۆیەوە ئەوەوە وێران بووە، هیچ ژێرخانێکی شارەکە نەماوە. بەهۆی خۆڵ و خاشاکەوە مرۆڤ ناتوانێت بەناو شەقامەکاندا بڕوات، هەموو ڕێگا و شەقامەکان پڕ بوون لە چاڵ و خاشاک. هەموو ئەوانەی، کە دەێڵێت، درۆ و ساختەکارییە. لە جیهاندا هیچ کەسێکی وەک ئەو خۆنوێن، فێڵباز و ساختەکار نییە، هەتا ئەمڕۆ تەنیا سووکایەتی و هەڕەشەی لە خەڵکی ئاگری کردووە. ماوەی ٤ ساڵە هەوڵی داوە شارەکە بە شێوەیەکی دیکتاتۆریانە بەڕێوەببات و ئەو بوێرییەی لە ئاکەپەوە وەردەگرت، لە سایەی ئەوەوە، گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا ئاکەپە لە سندوقەکاندا تێکدەشکێنن  و چیتر ئاکەپە نابێتە ڕۆژەڤ و بەرنامەی تورکیا و پەرلەمانیش".

ئێمە خاوەنی هێزی بەڕێوەبەریین

تاشدەمیر راشیگەیاند، ئەوان ئەم هەڵبژاردنە دەبەنەوە و ٤ پەرلەمانتاری هەدەپە دەنێرنە پەرلەمان و وتی: "هەدەپە نەک تەنها لە ئاگری، بەڵکو پشت بە خوا لە سەرتاسەری تورکیادا دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنێت. ئێمە هێزی بەڕێوەبەریمان هەیە. ئێمە پشتیوانی لەو پاڵێوراوەی سەرۆکایەتیی کۆماری دەکەین، کە هەدەپە دەستنیشان دەکات. لێرەوەش هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو گەلی کورد دەخوازم. ئەوەی من دەمەوێت ئەوەیە، کە هەموو کورد یەکبگرن، ئەگەر کورد یەکبگرن، ئەوا بە یەکدەنگی و کۆی دەنگی لەم هەڵبژاردنەدا دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنین".

ئاکەپە لە ئاگری دەستبەتاڵ دەگەڕێنینەوە

هاوڵاتییەک بەناوی ئەنوەر ئیلبۆگا ڕایگەیاند، هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا لە ئاگری سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت و وتی: "شاری ئاگری شارێکی گەورەیە. خۆ ئەگەر خەڵکی ئاگری خۆیان بناسن، هیچ شتێک نییە لە دەستی بدەن، سەرۆکی شارەوانیی ئاکەپە خەڵکی ئاگریی شەرمەزارکرد، بۆ ئەوەش پێویستە هەدەپە لە ئاگری کارێکی زۆر باش بکات. ئاکەپە و سەرۆک شارەوانی، خەڵکی ئاگری-یان موحتاجی نانی وشک کردووە. بارودۆخی خەڵکی ئاگری ڕوون و ئاشکرایە. ئێمە لەهەڵبژاردندا وانەیەکی باشیان پێ دەدەین و ٤ پەرلەمانتاریش دەنێرینە پەرلەمان. ئێمە ئەمساڵ ئاکەپە لە ئاگری دەستبەتاڵ دەنێرینەوە، چونکە ئاکەپە جگە لە زوڵم و چەوساندنەوەی دژ بە گەلی کورد هیچی نەکردووە، بۆیە دەبێت ئێمە خەباتێکی زۆر باش بکەین. دەبێت ئیدی خەڵکەکەمان ئاگایان لەخۆیان بێت و هۆشیار بن، هەموو کەس هەوڵ دەدات لەسەر ئێمە حسابات بۆ خۆی بکات. لەبەر ئەوە، دەبێت بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوت بکەین".

هیچ شوێنێک بۆ هەڵە نییە

نورەدین یەڵماز هاووڵاتییەکی تری ئاگری-یە و وتی، هەر ٤ پەرلەمانتارەکەی خۆیان لە ئاگری هەڵدەبژێرن و وتیشی: "ئەمجارە هەر ٤ پەرلەمانتارەکە دەنێرینە پەرلەمان. نابێت هەدەپە ئەو هەڵانە دووبارە بکاتەوە، کە پێشتر لە ئاگری کردبوونی، چونکا هیچ شوێنێک بۆ هەڵە نییە. بۆیە دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا لەهەڵبژاردنەکانی پێشوو وانە وەربگرین و کاری لەسەر بکەین".

ژ.ت