"کەرکوک خۆڵ و خاشاک دایپۆشیوە"

هاوڵاتیانی شاری کەرکوک ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە دژی ئەوەی نوقمی خۆڵ و خاشاک بوونە و حکومەت ئاوڕیان لێناداتەوە و شارەکەیان بۆ پاکناکاتەوە و دەڵێن: "کەرکوک خۆڵ و خاشاک دایپۆشیوە".

گەڕەکەکانی شاری کەرکوک، خۆڵ و خاشاکێکی زۆری تیایدا کۆبووەتەوە و بۆنی ناخۆش دانیشتووانەکەی بێزار کردووە، ئەو دیمەنە لە سەرجەم گەڕەک و شوێنە گشتییەکانی شارەکەدا دەبینرێت و شارەوانیش دەڵێت، "توانای پاككردنەوەی شارەكەی نەماوە".

"خراپترین شارە لەڕووی دابینکردنی خزمەتگوزاری"

هیوا ئەنوەر هاووڵاتیەکی شاری کەرکوکە سەبارەت بە خزمەتگوازریی لەشارەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "دەتوانین بلین شاری کەرکوک خراپترین شارە لە ڕووی دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە، ئەم شوێنەی کە ئێمە لیەوە قسە ئەکەین ئامانج لە دروستکرنی بۆ کەرتی گەشتوگوزری بووە، بەڵام دەبینین لە ئێستادا بەهۆی کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاکەوە ناتوانین بەئاسانی تێپەربین لەم شوێنە، سەڕەرای پێدانی سیمایەکی ناشرین بە شارەکە بۆنەکەشی شاری تەنیوە و خەڵکی بێزار کردووە."

"خاشاک بۆتە دیاردە و سیمایەکی ناشرینی بەشارەکە بەخشێوە"

هەروەها هیوا ئەنوەر ووتیشی: "بەداخەوە هیچ کەس و لایەنێک خۆی بەخاوەنی کەرکوک نازانێت، لەئێستادا کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک بۆتە دیاردە و سیمایەکی ناشرینی بەشارەکە بەخشێوە لە تەواوی عێراق تەنها پارێزگای کەرکوک کارمەندانی خزمەتگوزاریی نییە، وە داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەین بەخۆیاندت بچنەوە، چونکە ئەم خۆڵ و خاشاکە کاریگەریی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان هەیە بەتایبەتی لە وەرزی هاوینەدا کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەڕێگەی مێش و مێشولەوە."

"بەرپرسان بەرامبەر هاووڵاتیان کەمتەرخەمن"

بێکەس محەمەد هاووڵاتیەکی دیکەی شاری کەرکوکە و خراپیی دۆخی خزمەتگوزاری لەشارەکە دەخاتە ئەستۆی بەرپرسەکانی شارەکە و دەڵێت: "خەڵکی کەرکوک زۆر بێزارە لە بەرپرسانی شارەکە چونکە کەمتەرخەمن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوازری بە هاووڵاتیانی کەرکوک لە ئێستادا خۆڵ و خاشاک شاری تەنیوە و شارداپۆشراوە بە خۆڵ و خاشاک."

"بەرپرسان تەنها بۆ دزینی سەروەت و سامانی شاری کەرکوک دێنەوە"

هەروەها ئەو هاووڵاتیەی شاری کەرکوک پەیامێکی ئاڕاستەی بەرپرسانی شارەکە کرد و ووتی: "داواکارییەکەم هەیە لەو بەرپرسانەی کەرکوک، کە لە ئێستادا لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی دەژێن و تەنها بۆ دزینی سەروەت و سامانی شاری کەرکوک دێنەوە، داواکارم لەخەمی خەڵکی شارەکە بن و شارەکە پاکبکەنەوە چونکە ژیان لەم شارە زۆر ئەستەم بووە، ڕاستە خەڵکیش کەمتەرخەمە لە پاك ڕاگرتنی شارەکە بەڵام لە٩٠٪ حکومەت تاوانبارە بە کەمتەرخەمی."

"ئیدارەی شارەکە زۆر کەمتەرخەمە"

ئیبراهیم ئەحمەد گەنجێکی شاری کەرکوکە سەبارەت بە خراپیی بارودۆخی خزمەتگوزاری لە کەرکوک ووتی: "خزمەتگوزاری لە ئێستادا لە شاری کەرکوک لە خراپترین ئاستدایە، وەکو دەبینین خۆڵ و خاشاک لە تەواوی شار بڵاوبۆتەوەو شاری داپۆشیوە، شارەوانیی کەرکوک بەهیچ شیوەیەک سەردانی نێو کۆڵانەکانی گەڕەکەکان ناکات بۆ پاککردنەوەی، بۆیە لە هەر سوچ و کۆڵانێک دەبینین خۆڵ و خاشاک تیدا کەڵەکە بووە و شارەکە بۆتە زبڵخانەیەکی گەورە، ئیدارەی شارەکە زۆر خراپە و کەمتەرخەمە بەرامبەر شارەکە بەگشتی و بەرامبەر گەڕەکە کوردییەکان بەتایبەتی."

جێگای باسە لە رۆژی ١٥ی نیسانی ئەم ساڵ، وەستاندنی پاککردنەوەی شار لەلایەن شارەوانی کەرکوکەوە ڕاگەیاندرا و بەهۆی ڕاگرتنی كارەكانی پاككردنەوەی شار لە زبڵ و خاشاك بەشیوەی نیمچە تەواوەتی، سەرۆكی شارەوانیی كەركوك، داوای لێبوردنی لە هاووڵاتیانی شارەكە کرد و ووتی" هۆکاری کێشەکە ئەوان نین، بەڵکو بەهۆی نەناردنی بودجەی تەواو لە حکومەتی عێراقەوە ناتوانن بەردەوام بن لە پاککردنەوەی شارەکە"، بەگوێرەی ئامارەکانیش، ڕۆژانە لە هەزار و ٢٠٠ تۆن زبڵ و خاشاک تەنها ٢٠٠ تۆنیان فڕێدەدرێت و هەزار تۆنی لە شارەکەدا دەمێنێتەوە.

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی شارەوانی کەرکوک کەمتەرخەمیی لە پاککردنەوەی شار، ئەندازیار فەرەیدون عادل بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

"دوو ساڵە پارەی پێویست تەرخان نەکراوە بۆ پاککردنەوەی کەرکوک"

فەرەیدون عادل بەڕێوبەری شاروانیی کەرکوک ووتی: "نزیکەی دوو ساڵە دەناڵێنین بەدەست نەبوونی پارەی پێویست بۆ پاکكردنەوەی شار و نەبوونی پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی بۆ شارەوانیی كەركوك، تا كۆتایی ٢٠١٩ وەزارەتی شارەوانیی عێراق مانگانە ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ پاككردنەوەی شار تەرخان دەكرد، بەڵام ئەوە نزیکەی دوو ساڵە بڕەكەی بۆ ٢٠٠ ملیۆن دینار كەمكردووەتەوە. ئەو بڕە كەمە بەشی پاككردنەوەی تەنیا یەك كەرتی كەركوك دەكات لە كۆی شەش كەرت، ئەوەش بووەتە هۆی كەڵەكەبوونی زبڵ و خاشاك لەناو شار و كۆڵان و شەقامەكان."

"هەوڵەكانمان بێ ئەنجام بووە"

سەرۆکی شارەوانیی کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد، "من وەك خۆم و ستافی شارەوانی داوای لێبوردن لە خەڵکی کەرکوک دەکەین، ئێمە هۆکارنین بۆ ئەو بابەتە، بەڵکو ئەوە حكومەتی فیدراڵییە بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا دەكات، هەوڵەكانیشمان لە بەغدا بۆ چەندین جار بێ ئەنجام بووە، هەموو شارەوانییەكانی عیراق پارەی پاككردنەوە لە پارێزگاكەی خۆیانەوە وەردەگرن، تەنیا ئێمە نەبێت كە دەبێت تەنیا پەیوەست بین بە وەزارەتی شارەوانییەوە، ئەوەش بڕێكی زۆر كەمە و بەشی پاككردنەوەی شار ناكات. هیوادارین لەگەڵ دانانی بودجەی نوێ بتوانرێت بڕی پارەی پێویست بۆ پاککردنەوەی شاری کەرکوک تەرخان بکرێت."

بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ کۆکردنەوەی هەر تۆنێک خوڵ و خاشاک بڕی ٣٠ دۆلار دیاری دەکرێت، بەڵام بۆ شارەوانیی کەرکوک بۆ کۆکردنەوەى هەر تۆنێک خۆڵ و خاشاک تەنها ٧ دۆلار دیاریکراوە. ئەمەش بە ووتەی بەرپرسی میلاکاتی شارەوانی کەرکوک.

جێگای باسە مانگانە لە ڕێگای مۆلیدە ئەهلیەکانەوە پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت و مانگانە بڕی هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێڕ وەردەگیرێت، واتا ئەگەر ماڵێک شەش ئەمێری هەبێت بڕی شەش هەزاری بۆ کۆکردنەوەى خوڵ و خاشاکیش لێوەردەگیرێت.

بەپی لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، لەسەرتاسەری کەرکوک نزیکەی ٨۰۰ مۆلیدەی ئەهلی هەیە و هەر مۆلیدەیەک مانگان بڕی ٥۰۰ هەزار بۆ ملێۆنێک دەداتە شارەوانی، ئەگەر تێکڕای ئەو پارەیە وەربگرین ئەوا مانگانە بڕی ٥۰۰ ملێۆن دینار لەلایەن شارەوانیی کەرکوکەوە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت و هیچ چارەنووسێکی ئەو پارەیەش دیار نییە، شارەوانیی شارەکەش گلەیی لە ئیدارەی شارەکە دەکات، کە پارەکە نادرێت بەوان، بە ووتەی چالاکوانانی شارەکە دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیەی مانگانە وەردەگیرێت لەڕێگەی مۆلیدە ئەهلیەکانەوە گەندەڵییەکی گەوەرە لە پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک هەیە و پارەکە ناخرێتە خزمەتی شارەکەوە.

ژ.ت