لە شاری سلێمانی یادی سێ ژنی شۆڕشگێڕ کرایەوە

ژنانی شۆڕشگێڕ ئامینە وەیسی، زەهرا بەرکل و هەبوون مەلا خەلیل دوو ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژئاوا لە ئەنجامی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهید بوون و لە شاری سلێمانی بە سیمینارێک یادیان کرایەوە.

ژنانی شۆڕشگێڕ ئامینە وەیسی، زەهرا بەرکل و هەبوون مەلا خەلیل دوو ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژئاوا لە ئەنجامی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهید بوون و لە شاری سلێمانی بە رێکخستنی سیمینارێک یادیان کرایەوە. چەندین ژنی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان ئامادەی سیمیناری یادکردنەوەکە بوون.

"بۆ ئازادیی ژنان لە سەنگەرەکانی پێشەوە شەڕیان کرد"

لەیمان شوێش نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشوری کوردستان لە سیمینارەکەدا یادی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕەی کردەوە و وتی: "بەبێ دوودڵی ژیان و بەشداری شەڕی بێ پچڕان و بێ ئەمانی دژ بە چەتەکانی داعش بوون. بە تایبەتی لە سەنگەرەکانی پێشەوەدا بۆ ئازادیی ژنان و کۆمەڵگا شەڕیان کرد. تا دوا هەناسەیان لە دژی سیستمی باوسالاری و کۆلۆنیالیزمدا بوون و بۆ بنیاتنانی ژیانێکی جێگرەوە و ئەڵتەرناتیڤ لە ریزی پێشەوەى جەنگ و تێکۆشاندا بوون. ئەرکی ئێمەیە، کە درێژە بە رێگاکەیان بدەین و میراتەکانیان بپارێزین".

دوای پێشکەشکردنی وتەکان و وتارەکان دایکانی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم وێنەی هەر سێ ژنە شۆڕشگێڕەکەدا مۆمیان داگیرساند. پاشان فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانیان نمایش کرا.

لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا لە ئەنجامی بۆردومانی ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە، سێ ژنی شۆڕشگێڕ بە ناوەکانی ئامینە وەیسی، زەهرا بەرکل و هەبوون مەلا خەلیل شەهید بوون.

ژ.ت