لە سلێمانی تەڤگەری ئازادی و کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان سەردانی مەزاری شەهیدانیان كرد

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد لە شاری سلێمانی و گوڵیان لەسەر مەزارەکانیان دانا.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕێکخستنەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد لە گردی سەیوان و گۆڕستانی شێخ محێدین و گۆڕستانی بەکرەجۆی کۆن له شاری سلێمانی.

لە سەردانەکەدا، گوڵ لەسەر مەزاری شەهید لەیلا والی حسێن ناسراو بە (ڤیان سۆران)، شەهید ئاشتی سەروەر، شەهید ماهر، شەهید د.سیروان، شەهید کارکەر، شەهید دۆغان، شەهید قاسم، شەهید سیروان ڕەئوف، شەهیدانی دۆڵەکۆکێ و شەهید ڕێدوور ئیبراهیم دانران.

لە سەردانەكاندا بۆ مەزاری شەهیدان، پاش خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان، ئازاد محەمەد، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانیی تەڤگەری ئازادیی، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی کردەوە، کە درێژە بە ڕێگە و ڕێبازی شەهیدان دەدەن و وتی: “ئەمڕۆ دوژمن بەهەموو شێوەیەک هێرش بۆ سەر وڵاتەکەمان ئەنجام دەدات، ئێمەش دەبێت درێژە بە ڕێبازی شەهیدان بدەین و ڕووبەڕووی هەموو هێرش و داگیرکارییەکان بوەستینەوە.”

ف.ق