لە ئێوارەی دوێنێوە دوو پەیامنێری ڕۆژنیوز بێسەروشوێنن

دوای ئەوەی تیمی ئاژانسی ڕۆژ نیوز پیشەییانە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستانی کرد، تیمێکی ئاژانسەکە لە سلێمانی لە ئێوارەی دوێنێوە لە ناو خۆپیشاندانەکانەوە چارەنوسیان دیار نییە.

هەریەکە لە بڕوا ئەسعەد و بەرهەم لەتیف، تیمی ئاژانسی ڕۆژ نیوز لە سلێمانی، ڕوماڵی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد و لە ئێوارەوە هیچ پەیوەندیەکیان نەماوە و چارەنوسیان نادیارە.

بە گوێرەی وتەی چەند شاهید حاڵێک هێزە ئەمنیەکان دەستگیریان کردوون، بەڵام هیچ لایەنێکی بەرپرس دەستگیرکردنی ئەو دوو رۆژنامەوانەی پشتڕاست نەکردوەتەوە.

دوینێش بڕوا ئەسعەد لە بەردەم مەڵبەندی ڕێکخستنی یەنەکە لە سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کامێرا و ناسنامەی ڕۆژنامەوانیی لێسەندرابوو، بەڵام دواتر بە هەوڵی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژانامەنوسان کامێراکە وەرگیرایەوە و کەرەسەتەکانی دیکە تا ئێستا لای هێزە ئەمنیەکان ماونەتەوە.

ڕۆژ نیوز بۆ بەدواداچونی چارەنوسی ڕۆژنامەوانەکانی سەنتەری میترۆ و لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی ئاگادار کردووەتەوە بە زووترین کاتیش ڕێکخراوە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان ئاگادار دەکاتەوە.

رۆژنیوز سەلامەتی و پاراستنی ژیانی تیمەکەی دەخاتە ئەستۆی لیژنەی ئەمنی سلێمانی و داوایان لێدەکات، هەرچی زووە چارەنوسی ڕۆژنامەوانەکانی دیاری بکەن.

ژ.ت