"لەسەر وێرانكردنی ژینگەی كوردستان لای نەتەوە یەكگرتوەكان سکاڵاکانمان لەسەر توركیا تۆماركردووە"

پارتی سەوزی کوردستان ڕایدەگەیەنێت لەسەر وێرانكردنی ژینگەی كوردستان لەلایەن توركیاوە، سكاڵایان لە نەتەوە یەکگرتووەكان تۆمار كردووە و چاوەرێی هەنگاوی كردارین.

سەرباری بڕینەوەی داری چیاکان و ئەو وێرانکارییە ژینگەیەی کە تورکیا لە باشووی کوردستان دەستی داوەتێ، کەچی حکومەتی هەرێم و وڵاتانی پەیوەندیدار نەک هەر بێدەنگن بەڵکو ڕێگە خۆشکەرن لەبەردەم ئەو وێرانکارییانەدا، بەرپرسی ڕێکخراوی پارتی سەوزی کوردستانیش دەڵێت، سکاڵاکانمان هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ملکۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی کوردستان، سەبارەت سکاڵا و داواکارییەکانیان بۆ ڕێگری کردن لە بڕینەوەی دار و وێرانکارییە ژینگەییەکانی باشووری کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە بە فەرمی چوینە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا و وێرانکردنی سروشتی کوردستان، بە فەرمی سکاڵامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان پاشان لە حکومەت و پەرلەمان.

سەرۆكی پارتی سەوزی کوردستان وتیشی: لەگەڵ تۆماركردنی سكاڵادا، چەندین بانگەوازمان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤ و کوردانی دەرەوە کردووە دژی تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان بێنە دەنگ.

لە بارەی ئەنجامی سكاڵاكانیانەوە وتی: پێویست بوو نەتەوە یەکگرتوەکان وەڵامی ئێمەیان بدایەتەوە بەڵام هەتاکو ئێستا سکاڵاکانمان بێ ئەنجام بووە، چ نەتەوە یەکگرتووەکان و چ حکومەتی هەرێم هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە.

ف.ق