لەسەرتاسەری کەرکوک بەجۆش و خرۆشەوە گەل ئاگری نەورۆزی کردەوە

بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە تەواوی گەڕەک و شەقام و کۆڵانەکانی شاری کەرکوک ئاگری نەورۆز کرایەوە، هاووڵاتیانی شارەکە بەجۆش خرۆشەوە جلی کوردیان پۆشی و ئاڵا و هێما کوردستانیەکانیان بەرزکردەوە و نەورۆزیان پیرزۆ کرد.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە بەبۆنەی رۆژی نەورۆز و سەری ساڵی کوردییەوە، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی نەورۆز، نەورۆز لە شاری کەرکوک واتایەکی جیاوازی هەیە بەراورد بە شارەکانی دیکەی تەواوی کوردستان، چونکە لە ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی باشوری کوردستان لە بەهاری ١٩٩١دا شاری کەرکوک لە نەورۆزدا لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازادکراوە، دوای ئازادکردنی شاری کەرکوک لە ٢٠ی ئاداری ١٩٩١ بۆ یەکەم جار لەماوەی سەدان ساڵدا ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکوک کراوەتەوە و گەلی کورد بە ئازادانە نەورۆزیان پیرۆز کردووە.

سەرەڕای خراپی دۆخی کەشوهەوا دوێنێ لە تەواوی شەقام و گەڕەکەکانی شارەکە هاووڵاتیان جلی ڕەنگاو ڕەنگی کوردییان پۆشی و ئاڵای کوردستانیان هەڵگرت بەکردنەوەی ئاگری نەورۆز سەری ساڵی کوردییان پیرۆز کرد، سەرەڕای ئەوەی لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە هەڵکردن و هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک قەدەغەکراوە، بەڵام هاووڵاتیانی کەرکوک بێ گؤیدانە بڕیارەکانی هێزە سەربازییەکانی عێڕاق بە ئاڵای کوردستانەوە بە شەقامەکاندا دەگەڕان و جەژنی نەورۆزیان پیرۆز دەکرد.

چێنەر رۆژبەیانی نووسەرێکی شاری کەرکوکە، کە لە ئاهەنگی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە یەکێک لە گەڕەکە کوردنیشینەکانی شاری کەرکوک بەشداربوو.

چێنەر رۆژبەیانی سەبارەت بە ئەنجامدانی ئاهەنگی نەورۆز سەرەڕای دۆخی کورد لەشارەکە و هەروەها خراپی کەشوهەوا، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "وێڕای خراپیی کەشوهەوا خەڵکی شاری کەرکوک هەمیشە لە نەورۆز و ساڵیادی کوردیدا خەڵکی ئامادەبوونە بەجۆش و خۆرۆشێکی زۆرەوە ئەم جەژنە نەتەوەییە پیرۆز بکەن بە پۆشینی پۆشاکی کوردەواری، ئەمساڵ لەساڵی ٢٧٢٣ی کوردیدا بەهیوام ئەمساڵ ببێتە ساڵێکی پر خۆشی بۆ گەلی کەرکوک و هیوادارین دۆخی کەرکوک ئاسایی ببێتەوە".

لە کۆتایدا چێنەر ڕۆژبەیانی نووسەر ووتی: "لەئێستادا لەم گەڕەکە ئاگری نەورۆزمان کردووەتەوە ژمارەیەک لە کەسانی پێشەنگ و هەروەها منداڵانی گەڕەک بەجل و بەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگەوە بەشدارییان لەم ئاهەنگە کردووە، ئەم شارە شارێکی پڕ لە نەهامەتی بووە بۆ گەلی کورد، خەڵکی کەرکوک جیاوازن لە خەڵکی شارەکانی هەرچوار پارچەی دیکەی کوردستان، کە سەڕەڕای هەموو ئاستەنگی و زەحمەتییەکان جەژنی نەتەوەییەکان بەرز ڕادەگرن، هیوادارم جەژنی نەورۆز ببێتە مایەکی خێر و خۆشی بۆ کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان".

ژ.ت