ماوەی ٥٠ ڕۆژە تەرمی گەریلایەکی هەپەگە بە بنەماڵەکەى نادەنەوە

گەریلا سانییە تۆپراک لە شەڕی چیای گابار لە باکووری کوردستان لە مانگی ئابدا شەهید بوو. نزیکەی دوو مانگە تەرمی سانییە تۆپراک لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە راگیراوە و نەیانداوەتەوە بە بنەماڵەکەى.

گەریلای یەژا ستار سانییە تۆپراک (دلژین ماریا دێرسیم) لە ٢٣ی ئابدا لە شەڕدا لە چیای گابار لە باکووری کوردستان شەهید بوو.

بەرپرسانی دەوڵەتى تورک بەبێ ئەوەى بنەماڵەکەى ئاگادار بکەنەوە و پێش ئەوەی چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی بکەن تەرمی تۆپراک-یان لە گۆڕستانی بێکەسەکاندا لە گەڕەکی باهچەئەلیڤلەری بەخاک سپارد. تا ئێستا ٥٠ ڕۆژە تەرمی گەریلای تۆپراک نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکەى.

دوای ئەوەی داواکاری گشتیی شرنەخ بنەماڵەکەى لە تەرمی رۆڵەکەیان ئاگادار کردەوە، بنەماڵە لە مانگی ئەیلولدا نمونەی خوێنیان دا. بنەماڵەى ئەو گەریلا شەهیدە لە ١٥ی ئەیلولدا چوونە شرنەخ و لەگەڵ داواکاری گشتی کۆبوونەوە و داواکارەکەى دەوڵەتى تورک بە بنەماڵەى تۆپراکی وت: "کچەکەتان بەخاک سپێردراوە. دۆسیەى بە خاکسپاردنەکەیمان لەبەردەستدایە، بەڵام تا ئەنجامی تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی ئاشکرا نەبێت، تەرمەکەتان پێ نادەینەوە".

بنەماڵەکە وتیان، پێیان وتراوە، تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی زۆری پێ بچێت لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئێستا ٢٨ ڕۆژ تێپەڕیوە و هێشتا تەرمی رۆڵە شەهیدەکەمان پێنادەنەوە.

ژ.ت