نوسەر عەلی کەریمی: هەوڵ هەیە بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی -٢-

عەلی کەریمی باس لە چۆنییەتی بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێران، سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و لۆبیی ئێران لەو وڵاتانە، هەوڵەکان بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ئێستای 'ژن، ژیان، ئازادی' دەکات.

عەلی کەریمی نووسەر و کەسایەتیی سیاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران (شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی)، هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەو شۆڕشە و تێڕوانین و دونیا بینیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگیریی ناڕاستەوخۆی ئەو وڵاتانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەی کرد. ئەو وتوووێژەی عەلی کەریمی بە دوو بەش بڵاو دەکەینەوە.

لە بەشی دووەم و کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا عەلی کەریمی نوسەر تیشکی خستە سەر هەوڵی چەواشەوکردنی کۆمەڵگا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەناوی هێنانەپێشەوەی ئیسڵاحتەڵەبەکان (ڕیفۆرمخوازەکان)، بەسەرچوونی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و پێشیوایە ئێستا حزبە سیاسییە کلاسیکەکان نابنە وڵام بۆ ئەو جیلە گەنجە ئەنارکیەی شەقامەکانی ڕۆژهەڵات.

عەلی کەریمی لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی: "لە ڕاستیدا هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر ئێران ڕوون نییە و گومانی زۆری لەسەرە، بە تایبەتیش ئیسرائیل، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوازێکی شکڵی چەند کردەوەیەکی کرد و چەند ڕاوێژکارێکی ئێرانی کوشت، بەڵام لە ڕاستیدا ئیسرائیل تێروانینی وایە هێشتا تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی نەهاتوە و جارێک پێویستیان پێیەتی، بۆیە نە ئیسرائیل و نە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئێستادا هیچ جوڵەیەکیان بەرامبەر ئێران نەکردووە، بێگومان ئەوە تێروانینی ئەوانە، کە پێیانوایە کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا تەمەنی ماوە، بەڵام لای گەل ئەو کۆمارە تەمەنی کۆتایی هاتووە، لە ئێستادا تێڕوانینێکی باو هەیە و دەڵین، ئەگەر لە سەدا ٤ بۆ ٥ی گەل لە دژی هەر حکومەتێک هەستێت ئەو حکومەتە کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئەوەی ئێران لەوە دەرچوە ڕێژەکە زۆر لەوە گەورەترە، ئەو گەنجانەی، کە لە شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' (شۆڕشی ژینا)دا بەشدارییان کردوە ڕێژەکەیان زۆر لەوە زیاترە، هاوکات ئەو گەنجانە قوڵ نەبوونەتەوە لە سیاسەتی دەولی و موئامەرەی ڕووسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بەوە نییە و ئامانجی خۆیان دیارە و چاوەڕێ لە دەوڵەتانی تر ناکەن بۆ ئەوەی شۆڕشەکەیان سەربخەن، بەڵکو بە هەوڵی خۆیان شۆڕش دەکەن، لەو پەڕی ئازادی، لەوپەڕی مێشک کراوەیی و سادەیدا دەزانن چییان دەوێت".

"هێزی پشتیوانی شۆڕش درووشمی موقەدەسی ( ژن، ژیان، ئازادی)-ە"

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئۆپزسیۆنی ساختەی ئیرانی کرد، کە ئێستا لە ئەورپا و ئەمریکا دانیشتوون و وتی: "هەتا دوومانگ پێش ئێستا هەموو ڕۆژێک کوڕی شا (کوڕی حەمە ڕەزا شا) لەسەر شاشەی تەلەفزێۆنەکان قسەی دەکرد و درووشمی دەگوت، بەڵام لەوەتەی ئەو شۆڕشە دەستیپێکردوە، کوڕی شا ناوی لە قتوی عەتاریشدا نییە و هیچ دەنگێکی لێوە نایەت، بەهەمان شێوەیە ئەمریکاش هیچ دەنگێکی نییە بۆ ئەوە شۆڕشە، لە کاتێکدایە ئەمریکا خۆی پێ دووژمنی سەر سەختی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەڵام ئەوەی ئێستا بوەتە پاڵپشتی شۆڕش و هاندانی گەنجان بۆ شۆڕش درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی)یە، پێمخۆشە ناوی بنێم درووشمی موقەدەس و درووشمی ئاسمانی، چونکە زۆر بەهێزە، بەرگەی هەموو جۆرە موئامەرە و پلانێک دەگرێت و دەتوانێ بگاتە ئامانجەکانی خۆی و گەنجان لە دەوری کۆبوونەتەوە و هەموو پیلانەکانی دژی شۆڕش زەربی سفر دەکەنەوە."

ئەو نوسەرە سەرنجی ڕاکێشایە سەر پەیامە سەختەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ گەلانی ئیران و وتی: "ئەگەر بیرتان بێتەوە سێ مانگ پێش ئێستا وڵاتانی ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوەدەکرد، ئینتەرنێت بۆ ئێران دابین دەکەین. ئەی کوا ئینتەرنێتەکەیان؟ ئەرێ بەڕاست بۆ نەیان کرد. ئەگەر ئێستا لە شار و گوندەکانی ئێران ئینتەرنێت هەبێت، ئەو ڕژێمە بە هەفتەیک هەڵدەوەشێت، ئێستا کێشەی سەرەکیی خەڵکی ئێران نان، دەرمان و ئینتەرنێتە، لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا دەتوانن بە ئاسانی ئەوانە بۆ خەڵک دابین بکەن، بەڵام بۆ نایکەن؟ بەڵام گەنجانی خوار تەمن سی ساڵی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران منەتیان بەوەش نییە و تا ئێستا بە خوێنی خۆیان کردویانە و درێژەی پێ دەدەن. لە ڕاستیدا ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەو گەنجانەی ئێستا شۆڕشێان بە دەستەوەیە زۆربەیان یاخین و بە هیچ دەوڵەتێک ڕام ناکرێن و بگرە زۆربەشیان هەر ئەنارکین و هەر باوەڕیشیان بە دەوڵەت نەتەوە نییە، ئەوەی، کە ئێمە پێشتر خۆمان بۆ دەدا بەکوشت".

"بەسیج و جاشەکان دەبێت بیر لە پاشە ڕۆژی خۆیان بکەنەوە"

عەلی کەریمی وتیشی: "پەیامم بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەوەیە، کە دەبێت باوەڕ بە مەلا و ئاخوندەکان نەکەن، چونکە خۆیان هەموو منداڵەکانیان لە خۆشترین وڵات و باشترین زانکۆکانی جیهان دا خەریکی خوێندن و کەیف و سەفان، مەلاکانیش عەمامەیان لەسەر کردووە و خەریکی هەڵخەڵتاندنی خەڵکن لە ئێران، لە ڕاستیدا خەڵکی ئێران و گەنجانی ژینایی ئێستا هۆشیار بوونەتەوە، کە ڕێژەی لە سەدا ٧٠ خەڵکی ئێرانە، بەڵام ئەوەی دەبێت هۆشیار بێتەوە ئەو جاش و بەسیجانەیە، کە ئێستا دەستیان بە شاقەلی مەلاوە گرتوە، دڵنیا بن شۆڕش سەرکەوی مەلاکان هەموو ڕادەکەن بۆ دەرەوی وڵات، بەس تۆ دەمێنیتەوە، کەس ناتپارێزێت، بۆیە دەبێت باوەڕ بە مەلا نەکەن و شاقەلی مەلا بەردەن و بێنە رێزی گەل".

"ئیران دەیەوێت بە ئیسلاحتەڵەب کۆمەڵگا چەواشە بکات"

عەلی کەریمی لەبەردەوامیی نرخاندنەکانی دا سەرنجی ڕاکێشایە سەر پلانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چەواشەکردنی کۆمەڵگا و وتی: "تازە بە تازە خامنەیی باسی ئیسلاحتەڵەبەکان دەکات و دەیەوێت جارێکی دیکە بیانهێنێتە پێشەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە خۆیان هەموویان هەر پیاوی ڕژێمەکەن و هەوڵی درێژکردنەوەی تەمەنی ڕژێمەکە دەدەن، ئەگەر ئەو بەناو ئەو ئیسلاحتەڵەبانە نەبونایە ڕەنگە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران هەر نەمابا، دەمێک بوو گەل شۆڕشی کردبوو، بۆیە ئێستا گەل بە قسەی ئەو ئیسلاحتەڵەبانە ناکات و هەوڵەکانی خامنەیی بەتاڵە بۆ هێنانە پێشەوەی ئیسلاحتەڵەبەکان و ناتوانێت توڕەی خەڵک بەوانە دامرکێنێتەوە، ئەوانەی ئەمڕۆش لە کەناڵی بی بی سی و ڕێکخراوی نایاک قسە و شت دەکەن بەهەمان شێوە ڕۆڵی ئیسلاحتەڵەبەکانیان هەیە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا لەو کارەدا سەرکەوتوو نابن، چونکە تەرەفی بەرامبەریان نەوەیەکە، کە بەڕاستی لە هەموو شت بێزارە".

"گەل باوەڕی بە حیزبە کلاسیکەکان نەماوە"

ئەو نوسەرە باسی هەوڵی بەشێک لە حیزبە کلاسیکەکان کرد و وتی:"من بیستومە هەندێک لە کۆنە حیزبە کلاسیک و سیاسییە کلاسیەکەکان هەوڵ دەدەن بەرە درووست بکەن و موداخەلەی خۆپێشاندانەکان بکەن، هەم لە باشوری کوردستان و هەم لە ئەورپاش هەوڵێکی بەم شێوەیە هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا من پێموایە هیچ هەوڵێکی بەم شێوەیە سەرکەتوو نابێت، چونکە گەنجانی ژینایی ئێمە کۆنە سیاسی و کلاسیەکەکانیان تێپەڕاندووە، ئێمە نابینە وەڵام بۆ داخوازی و داواکاریەکانیان، بەڵکوو ڕێبەرەکانیان هەر لە ناو خۆیان و لە ناو خۆپێشاندانەکان و مەراسیم و سەرقەبرانەکاندا دەردەکەون و دێنە پێشەوە، کۆمەڵانی خەڵک پێشەنگ و ڕێبەری خۆیان دیاری دەکەن لە نەوەی نوێ نەک حیزبی کلاسیک و سیاسیی کلاسیک، بۆیە واباشترە لێیانگەڕێین خۆیان پێشەنگی خۆیان هەڵبژێرن".

نووسەر عەلی کەریمی وتیشی، "بە ڕوون ئاشکرا دەڵێم، کۆمەڵە و دیموکرات و یەکێتی و پارتی مۆدیلی حزبایەتیان بەسەر چووە، خەڵک ناتوانێ قەبووڵیان بکات، ٤٥ ساڵە ئەوانە هەمان شت دووبارە دەکەنەوە، دەبێت ئەو خەونەیان لە بیر بکەن، کە ببنە پێشەنگ و ڕابەری گەلانی ئێران و ڕؤژهەڵاتی کوردستان، دەزانم ئەوە زەحمەتە بۆتان، بەڵام تەمەنتان تەواو بووە، ئەگەر هەر دەتەوێت بەشداری بکەی وەک منداڵەکانت بچۆ بۆ لەندەن و ڕۆژانی شەمە بەشداری خۆپێشاندانەکان بکەن، نەفەرێک زیاد بکەن، لەوە زیاتر چاوەڕی مەکە. داواش لە دایک و باوکی گەنجەکان دەکەم هاوکاری گەنجەکان بن، بەشداری لە خۆپێشاندانەکان دا بکەن، لە سنە لە سابڵاغ، لە مەریوان، لە مەهاباد و هەموو شارەکانی ئێران، هاوکاریی گەنجەکان بن و دووکانەکان دابخەن، ئەوە دەبێتە گەورەترین هاوکاری بۆ گەنجە شۆڕشگێڕەکان".

عەلی کەریمی لە کۆتایی وتەکانیدا ئەوەشی وت:"لە کۆتایدا دەبێت هەموو لایەک ئاگادار بین لە هەموو هەوڵێکی بەلاڕێدا بردنی شۆڕش لەلایەن لۆبیی ئێران، ئاخوندەکان، حیزبە کلاسیکەکان و هەژموونی وڵاتانی ڕۆژئاوا، من دڵنیام ئەو شۆڕشە سەر دەکەوێت، تا ئێستاش هەنگاوی باشی بڕیەوە، وەک یەکەم دەستکەوت کچان ئازادانە لە پێش چاوی مەلاکان لەچکەکانی سەریان لێدەدەن و بە بازاڕەکاندا دەسوڕێنەوە، ئێران جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە پێش شۆڕشی ژینا".

ژ.ت