پەدەکە بووەتە دوژمنی شۆڕشگێڕانی کورد

لەساڵی ١٩٩٦ پەدەکە سەرۆکی هۆزی سورچیان حوسێن ئاغای سورچی کەسایەتی ناسراوی ناوچەی بەهدینان و سادق عومەر و عەلی شەعبانیان کوشت. ئێستاش بە دەستی میتی تورک، بە شێوازی جیاواز شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەران دەکوژێت.

لە مێژووی گەلی کورددا هەمیشە خیانەت لە سەرکەوتن و دەستکەوتە گەورەکانی گەلی کورد کراوە. یەکێک لە هێڵەکانی خیانەت و نۆکەری پەدەکەیە.

پەدەکە خەڵکێکی زۆری بۆ بەرژەوەندییەکان و دەسەڵاتی خۆی کردووەتە قوربانی. لە ماوەی شەڕی نێوان یەکێتی نەتەوەیی کوردستان (یەنەکە) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا لە ساڵی ١٩٩٢دا، پەدەکە تانک و زرێپۆشەکانی ڕژێمی بەعسی هێنایە هەولێر کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەنەکەدا بوو.

یەکێک لە کردەوەکانی پەدەکە لەو کاتەدا لە ناوچەی سورچیەکان ڕوویدا. لە هێرشێکدا بۆ سەر گوندی ککەڵەکین، پێشەنگ و کەسایەتیەکانی هۆزی سورچییە، حسێن ئاغا سورچی، و چەندین کەسیان کوشت. ٢٦ ساڵ بەسەر رووداوەکە تێدەپەڕێت.

لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٩٦ لە کاتێکدا کە شەڕێکی گەرم لە نێوان پەدەکە و یەنەکەدا هەبوو، چەکدارەکانی پەدەکە هەڵیکوتایە سەر ماڵی حسێن ئاغای سورچی لە گوندی کەلەکین کە عومەر ئاغا لەو کاتەدا سەرۆکی حزبی پارێزگاران بوو. لەو هێرشەدا گوندی سورچیان سووتا. حسێن ئاغا و چەندین هاوڵاتی سورچی لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە کوژران و دەستگیرکران.

گوندی کەلەکین کەوتووەتە ناحیەی سپیلک، لەسەر ڕێگای نێوان حاجی ئۆمەران و سنووری ئێران، ئاکرێ کە قەزایەکی بەهدینانە. تا ڕادەیەک ناوچەیەکی ستراتیژییە. ناوچەیەک کە بەهدینان و حاجی ئۆمەران بەیەکەوە دەبەستێتەوە. زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ بوون سورچیەکان لەو گوندەدا دەژیان کە موڵکی باوک و باپیریانە.

حزبی پارێزگاران نێوەنگیریان دەکرد کە شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت

حزبی پارێزگاران یەکێک بوو لەو هەشت حزبەی کە نێوەندگیری پەدەکە و یەنەکەیان دەکرد. بەڕێوەبەرانی پەکەکە وەک محەمەد قەرەسونگوریش لەنێویاندا بوو. هەر هەشت پارتەکە بە دەستەی هاوکاری نیشتیمانی دەناسران و ئەرکیشیان کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ بوو. زۆربەی جار کۆبونەوەی نێوان پەدەکە و یەنەکە لە ناوەندی مەکتەبی سیاسی حزبی پارێزگاران لە هەولێر بەڕێوەدەچوو.

لەو کاتەدا گەورەی گوندەکە حوسێن ئاغا سورچی بوو و سەرۆکی پارتەکەش عومەر ئاغا سورچی بوو. سەرجەم کۆبوونەوە و پەیوەندیەکانی ئەوان و پەدەکە لە ماڵی حسێن ئاغا بەڕێوەدەچوو.

گوندەکەیان هاوەن باران کرد

بەپێی هەندێک ڕاپۆرت لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦دا حوسێن ئاغای سورچی وەک تاوانبارێک لە بنکەیەکی سەربازی لە سپیلک کە ناوەندێکی سەربازیە ڕاگیرا. لە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٩٦ مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە نامەیەکی ئاراستەی پارتی پارێزگاران کرد و گوتی: ئێوە برای ئێمەن، ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵتان نییە، سبەینێ دەبینە میوانی ئێوە. ئەو کاتە شەڕی نێوان پەدەکە و یەنەکە گەرم بوو و یەنەکەش لە زۆر ڕووەوە شەڕی سەر پەدەکە چڕتر کردبوو. یەنەکە سیدەکان و دۆڵی بالیسان و تەنانەت هەولێریشی کۆنترۆڵ کردبوو.

حوسێن سورچی لەبەردەم ماڵەکەیدا کوژرا

بەرەبەیانی ١٦ی حوزەیرانی ١٩٩٦ بە هاوەن هێرشکرایە سەر گوندەکە. پەدەکە کاتژمێر ٠٤:٣٠30 پاش شەڕێکی قورس هێرشێکی دەستپێکرد و گوندەکەی دوای کاتژمێر ١١:٣٠ داگیرکرد. حوسێن ئاغا سورچی سێ کەسی دیکە و ژنێک  لە بەردەم ماڵەکەیدا کوژران. چەند کەسێک برینداربوون. چەندین کەسی تر دەستگیرکران و بۆ ئاکرێ بران. ئەو کاتە ٥٠٠ ماڵ لە گوندەکە بوون.

ئەوانەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بینی، شەهیدکران

تا ئێستا نە بەیاننامەیەک و نە هۆکاری هێرشەکە لەلایەن پەدەکەوە ئاشکرا نەکران.

پەدەکە لە هەرێمی بەهدینان چەندین کەسی کردە ئامانج و کوشت. یەکێک لەوانە کەسایەتییەکی سیاسی ناسراوی هەرێمی بەهدینان سادق عومەر و هەروەها عەلی شەعبانی نیشتمانپەروەری کورد بوو. یەکێک لە تایبەتمەندییە هاوبەشەکانی ئەو کەسانە ئەوەبوو کە لە پەکەکەوە نزیک بوون و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بینیبوو. پێش ئەم ڕووداوانە لە ٢ی ئایاری ١٩٨٣ محەمەد قەرەسونگور و ئیبراهیم بیلگین دوو کادری پێشەنگی پەکەکە، بەهۆی شەڕی ناوخۆی نێوان پەدەکە و یەکێتیەوە شەهید بوون. دکتۆر سیروان کە خەڵکی باشوری کوردستان بوو، لەلایەن پەدەکەوە شەهید کرا.

ڕۆژنامەنووسان کە دەنگی گەل بوون کوژران

هەروەها لەکات و شوێنی جیاوازدا ڕۆژنامەنووسانیان کردۆتە ئامانج. دوای ڕاپەڕینیش پەدەکە ڕەئووف ئاکرێی کوشت. بۆ ئەوەی دەنگی ئازادی ببڕێت. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە کەرکوک عەبدولستار شەریف، لە ساڵی ٢٠١٠ لە هەولێر سەردەشت عوسمان و شوکری زەینەدین و وەدات حسێن لە دهۆک لە ساڵی ٢٠١٦دا شەهید کرد. لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕۆژنامەنووس نوژیان ئایهان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە لە شەنگال کرایە ئامانج و شەهید کرا.

'پەدەکە هەرێمی بادینان لە هۆزەکان چۆڵ دەکات، بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکی تێدا جێگیر بکات'

لەبارەی سیاسەتی پەدەکە لە هەرێمی برادۆست و هۆزەکانی ئەو دەڤەرە، دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەدەکە هەڵسەنگاندنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە و دەڵێت، " پێویستە دۆخی پەدەکە بە باشی شیبکرێتەوە. پێشتر هەڵوێستی لە هەڵوێستی ئێستای جیاواز بوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی هێڵ و بەرخۆدانی ئازادی وەک پەکەکە نەبوو، پەدەکە وەک تەڤگەرێکی نەتەوەیی کوردی، وەک پێشەنگی نەتەوەیی دەبینرا. کورد هەڵدەخەڵەتێنرا، بەم شێوەیە پەدەکە بەرەو خیانەت دەڕۆیشت. ئەوەش یاریەک بوو. پەکەکە و رێبەر ئاپۆ ئەو یاریەیان تێکدا. راستیان ئاشکرا کرد، هەموو رۆپووشەکانیان لێکردەوە، راستیان خستە بەرچاو. رووی راستەقینەی هەموو کەسێک ئاشکرا بوو. رووی راستەقینەی پەدەکە لەسەر ئەم بناغەیە ئاشکرا بوو. لە راستیدا پەدەکە پێشتریش تەڤگەرێکی جیاواز نەبوو. ئەو بەڕێوەبەریەی خۆی بەسەر پەدەکەدا سەپاندووە بەم شێوەیەیە. شەڕێ پەدەکە شەڕێکی عەشایەری بوو. شەڕی دەسەڵاتی بارزانیەکان لە باشور بوو. ئێستاش بە هەمان شێوە شەڕ دەکات. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە باش ببینێت. بۆیەش هەندێک هۆز شەڕیان کرد. نمونە، برادۆست، ڕێکانی، زێباری. ئێستاش پەدەکە لەدژیان شەڕ دەکات. پەدەکە چی دەکات؟ هەرێمی برادۆست، هەرێمی رێکانیەکان، هەرێمی نێرڤەیی، هەرێمی بەرواری پێشکەشی دەوڵەتی تورک دەکات، واتە دەفڕۆشێت. فشارێکی زۆر لەسەر زێباریەکانە. بەم شێوەیە سوپای تورک سنوری بارزان، هەرێمی بارزان و گوندی بارزان رادەستی سوپای تورک دەکات. لە گۆڤەندێوە، لە تەپێ خودێوە، هەروەها لە کورەژارۆوە دێن، لە شێلادزێ و بالنداوە دێن، بارزان کۆنتڕۆڵ دەکەن. گەردی بارزان ئێدی لە دەستی سوپای تورکدا دەبێت. رێکانیەکان و هۆزەکانی دیکە لە شارەکان کۆدەکەنەوە. لە راستیدا لە دەرەوەی ئامێدی، شێلادزێ، دێرەلۆک و چەند شار و کەمپی دیکە کە لە سەردەمی سەدامدا دروستکران بوون. گوندەکانیان چۆڵ کرد و کۆیان کردنەوە. ئێستاش پەدەکە گوندەکان چۆڵ دەکات و کۆیان دەکاتەوە. وەک زیندانێک ئەندامانی ئەو هۆزانە لەوێ دەستگیر دەکەن. هەرێمەکانیان دەدەنە دەوڵەتی تورک، دەیەوێت لە پراکتیکدا ئاسایشێ خۆی رادەستی سوپای تورک بکات.  دەیەوێت هەموو هەرێمەکان رادەستی دەوڵەتی تورک بکات و ئاسایشی خۆی بپارێزێت. هیچ شتێک بە ناوی بەڕێوەبەری باشوری کوردستان نییە. بەڵکو کێشەی ئاسایشی ماڵی بارزانی هەیە. بەم هێرشەی دوایی زیاتر دەیەوێت ئەم کارە بکات. واتە لە برادۆست تاوەکو حەفتانین (هەرێمی هۆزی گوڵی) هەرێمەکەی بە تەواوی فرۆشتووە. لەلایەکی دیکەوە تاڵانکاری هەیە. لەبەرانبەر داگیرکەر بێدەنگە، پشتگیری لە داگیرکەری دەکات. لەبەرئەوەی لەگەڵ داگیرکەران قاچاخچیەتی دەکەن، پارە بەدەست دەهێنن. بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن. ئەمە زۆر ئاشکرایە. پێویستە حەقیقەتی پەدەکە باش ببینرێت."

شەهیدکردنی شۆڕشگێران ئەم جارە بە دەستی میت ئەنجام دەدات

لەم دواییانەدا بە هاوکاری پەدەکە و میتی تورک و پاراستن، لە هەرێمەکانی باشوری کوردستان دەست بە شەهیدکردنی وڵاتپارێز و شۆڕشگێرانی تەڤگەری ئازادی کورد کراوە. لە سلێمانی شوکری سەرحەد (یاسین بوڵوت) و محەمەد زەکی چەلەبی شەهیدکران.
ف.ق