پەدەکە لە ژێر ئاڵای کوردستاندا بنکەی سەربازی بۆ سوپای تورک دروست ده‌كات

هێزەکانی گەریلا ماوەیەک بەرلەئێستا لە شاخی ئامێدی چالاکییان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر ئەنجامدا، ئێستا پەدەکە لە شوێنی چالاکییەکە ئاڵای کوردستانی هەڵکردووە و لە ژێر ئەو ئاڵایەدا بنکەی سەربازی بۆ داگیرکەران دروست دەکات.

بەپێی ئەو دیمەنانەی بە دەست ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) گەیشتووە لە هەرێمی ئامێدیی باشووری کوردستان بارەگایەکی سەربازی دروست دەکرێت.

ئەو بارەگایە لە گۆڕەپانی کۆماندوو لە شاخی ئامێدی دروست دەکرێت کە گەریلا لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی چالاک شەڕ دەکات.

لە دیمەنەکاندا دەبینرێت کە پەدەکە ئاڵای هەرێمی کوردستانی لەسەر ئەو شاخە چەقاندووە و لە ژێر سێبەری ئاڵاکەدا بارەگای سەربازی دروست دەکات.

لە سەر زۆر گرد و تەپۆڵکە ئاڵاکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێن و چەندین دیوار سازکراون.

رۆژنامەوان کورتای سەرحەد لەکاتی وێنەگرتندا قسەدەکات و دەڵێت: "پەدەکە لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا  بنکەی سەربازی بۆ سوپای تورک دروست دەکات".

لە ٥ی تەمموزدا لەو شوێنەی پەدەکە بارەگا بۆ سوپات تورک دروست دەکات هێزەکانی گەریلا گورزیان لە داگیرکەران وەشاندبوو، لەوبارەوە رۆژنامەوان سەرحەد دەڵێت: "لە چالاکی گەریلادا سەربازێکی داگیرکەر سزادرابوو و سەربازێکی دیکەش بریندار ببوو".

پەدەکە ماوەی چەند مانگە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک لە شوێنە داگیرکراوەکان بارەگای سەربازی دروست بکات، لە ئامادەباشیدایە. هەروەها زۆرجار بەهانای ئەو سەربازانەی تورکەوە دەچوو کە گورزی گەریلایان بەردەکەوت.

قەرەیلان: وەرن بۆ ئامێدی بە چاوی خۆتان بنکە سەربازییەکانی سوپای تورک ببینن

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رۆژی 22ی ئەیلول لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەوڵی فورات (ANF) رایگەیاندبوو: کە هاوکاری پەدەکە لەگەڵ سوپای تورک لە باشوری کوردستان رێگرە لە چارەسەری پرسی کورد لە باکوری کوردستان.

قەرەیلان باسی لەوەشکردبوو: "ئەگەر دەوڵەتی تورک بتوانێت گەریلا لەناو ببات، لەسەرتاسەری کوردستان دەست بە کۆمەڵکوژی دەکات. پەدەکە نابێت بەم جۆرە مامەڵە بکات. بۆچی وادەکات؟ نازانین. لەراستیدا دەبێت ئەم پرسیارە لەوان بکرێت. دەبێت وەڵامی گەل بدەنەوە، بۆچی ئەم رێگەیان گرتووەتەبەر".

قەرەیلان جەختیشی کردەوە کە پەدەکە دەبێت لەو بارەوە وەڵام بداتەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ ستەمێکی گەورە لە سەر گەلە، ئێمە دژی ستەم وەستاوینەتەوە. ئایا هاوکاری لۆجستی، هەواڵگری، گەمارۆدان، بۆسەدانان، داخستنی رێگە و هەر چەشنە هاوکاری کردنێک لەگەڵ داگیرکەران بە چ واتایەکە؟ چاوەڕوانی ئەو ئاستە لە هاوکاری و پشتیوانی لە داگیرکەران نەبووین. هەر بۆیە دەبێت روونکردنەوە بدەن".

قەرەیلان راشیگەیاند: " پەدەکە هاتووە و لەوێ ئاڵای هەرێمی کوردستانی داناوە، دەبێت ئەوە ئاوا نەبێت، نابێت ئەوان ئەوەندە ئێمە ناچاری هەندێک شت بکەن. ئەگەر دەڵێت، ئەمە ڕاست نییە، تکایە خۆی کێ دەڵێت، با بێت و بڕوات بۆ ئامێدی، لە بەرامبەر ئامێدی گوندی مژێ هەیە، لەوێ وەک ئاوێنە هەموو شتێک دیارە. بە دوربینێک دەتوانێت هەموو شتێک ببینێت، لەم لاوە سوپای تورک هەیە، لە لایەکی دیکەوە دیسانەوە سەربازی تورک هەیە، لە ناوەڕاستیاندا و لە ناوەندیاندا خانوو دروست دەکرێن. واتە سەربازگە لەلایەن پەدەکەوە دروست دەکرێت،  باشە تەواو شوێنی تۆیە، هەمووی بۆ تۆ، بەڵام ئێمە ئێستا لەگەڵ یەک لە شەڕداین تۆش مەیەنە و خۆت مەخە ئەو ناوە و نێوانمان. تاوەکو بزانین ئێمە دەتوانین ئەوان تێکبشکێنین، یان نا، هێشتا ئەنجامەکان ڕوون نین. کوا دەوڵەتی تورک کام شوێنی گرتوە؟ ئێستا هەڤاڵانمان لە ئاڤاشینن، ئەوە دوو ساڵە دەیانەوێت ئاڤاشین بگرن، بەڵام ناتوانن".

هـ . ب