پەیامەکانی نەورۆزی قەندیل: پێویستە رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت

بە هەزاران هاووڵاتی لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدارییان لە نەورۆزی قەندیلدا کرد. ئەو پەیامەی لەلایەن بەشداربووانەوە راگەیەندرا ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو.

بە بەشداربوونی هەزاران کەس نەورۆزی ٢٠٢٣ی قەندیل بە دروشمی 'بە گوڕدان بەتێکۆشان پەیماننامەی سەدە لەناو دەبەین و کوردستان دەپارێزین' بە جۆش و خرۆشی گەورەوە سەرباری کەشی باراناوی  پیرۆز کرا.

نەورۆز سەری ساڵی کوردییە و لەلای کورد بە واتای ئەوە دێت کە پێدەنێنە ساڵی نوێوە. پەیامی کورتی بەشداربوانی نەورۆزی قەندیلمان لە بارەی جۆش و خرۆشی نەورۆز و ئاواتەکانیان بۆ ساڵی نوێ وەرگرت. پەیامی هاوبەشی هەموو بەشداربووان ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد و یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد بوو.

لەیلا شەریف: دڵخۆشم بەوەی ئامادەی نەورۆزی قەندیل بووم، کەشێکی زۆر خۆشە. لێرە هەست دەکەم ئازادم. نەورۆزی چوارپارچەی کوردستان پیرۆز دەکەم. لە قەندیل ئازادی هەیە. مرۆڤ ناتوانێت لە شارەکانی دیکە بەشێوەی ئازادانە هەستەکانی خۆی دەربڕێت.

سکاڵا عەلی عەوڵا: باران بێت و بەفریش بێت کورد بەردەوام بە گەرموگوڕی و بە جۆشەوە پێشوازییان لە نەورۆز کردووە. ئاواتەخوازم لەم ساڵەدا رێبەر ئاپۆ ئازاد بکرێت. ئەو جەژنە بۆ ئێمە ببێتە دوو جەژن.

پەیمان عەبدوڵا: بەوهیوایەی ئەم جەژنە ببێتە جەژنی سەرکەوتن. هیوای ئازادی بۆ رێبەرایەتی دەخوازم. ئاگری نەورۆز ببێتە ئاگری سەرهەڵدان. ئێمە داوای ئازادی بۆ گەلەکەمان دەکەین.

سامان ئیبراهیم عوسمان: نەورۆزی قەندیل بووە بە ناوەندێک و هەر چوار پارچەی کوردستان تیایدا کۆدەبنەوە. بەو هیوایەی رێبەر ئاپۆ لە زیندان ئازاد بکرێت. کۆنگرەی نەتەوەیی سازبکرێت. کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکبگرن. ئەمرۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە کۆنگرەی نەتەوەیی هەیە. کۆنگرەی نەتەوەیی نەبێت ناتوانین گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان کۆبکەینەوە.

نوران سەزگین: نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی لەناوبردنی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەیە. ئازادی رێبەر ئاپۆیە. لەبەر ئەوە دەبێت لە هەموو کات زیاتر ئەمساڵ بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێبکەین. ئەگەر یەکێتی گەلان بەهێز بێت، بە دڵنیاییەوە فاشیزم لەناو دەچێت.

هـ . ب