سەد ساڵە لە کوردستان بە چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت

کوردستان سەد ساڵە بە چەکی کیمیایی بۆردومان دەکرێت و بە بەر چاوی هەموو جیهانەوە تاوانی جەنگی تیادا ئەنجام دەدرێت.

مێژوو پڕە لە کردار و تاوانی دڕندانەی دەوڵەتەکان لە دژی گەلانی بێ بەرگری. گەورەترین هەڕەشە لە ناو کارە دڕندانەکاندا لە دژی گەلان، بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان و کۆکوژەکانە.

چەکی کیمیایی لەگەڵ پیشەسازیی کیمیایدا پەرەی سەندووە و لەلایەن دەوڵەتەکانەوە دژی گەلان بەکاردەهێنرێت.

بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی یاسای نێونەتەوەیی و میکانیزم و شێوازی رێگریکردن لێی، نووسراون و پەسەند کراون، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی ئەو یاسا و میکانیزم و رێوشوێنانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن، هێشتا بە چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت. بە تایبەتی لە دژی کورد...

سەد ساڵ 'کۆمەڵکوژیی کیمیایی' لە کوردستان

یەکێک لەو ناوچانە، کە کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتانی تیادا ئەنجامدەدرێت خاکی کوردستانە. کوردستان کراوە بە چوار پارچە و  سیاسەتی هەڕەمەکی و میزاجیانەى دەوڵەتەکانی تیادا بەڕێوەدەچێت. لە ساڵی ١٩٢٠ەوە کۆمەڵکوژی بە چەکی کیمیایی و تاوانی جەنگی تیادا ئەنجام دەدەن.

لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠دا بەریتانییەکان لە دژی بەرەنگاریی شێخ مەحمود بەرزنجی لە سلێمانی بە فڕۆکە گازی ژەهراوییان کرد بەسەر سلێمانیدا و و ٥ هەزار تاوەکو ١٠ هەزار کوردیان کوشت. لە ساڵانی ١٩٣٧-١٩٣٨ دا لە کاتی کۆمەڵکوژیی دێرسیم ٧٠ هەزار کەس کۆمەڵکوژکران، چونکە دەوڵەتی تورک لەو کۆمەڵکوژییەدا گازی کیمیایی بە چڕی لە دژی گەلی کورد لە دێرسیم بەکارهێنا. لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ دا ڕژێمی سەدام بە گازی ژەهراوی هێرشی کردە سەر شاری هەڵەبجەی باشووری کوردستان لە نزیک سنووری ئێران و بەلانیکەمەوە ٥ هەزار کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون کۆمەڵکوژکران. هێرشەکە لە مێژوودا بە 'کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە' دەناسرێت.

بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە / ÎHD) لە ٢٦ی ئابی ٢٠١١ دا راپۆتی خۆی بە ناونیشانی "لە تورکیا بانگەشەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی لە کاتی شەڕدا" بڵاو کردەوە و تیایدا رایگەیاندووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ – ٢٠١١دا و لە شەڕدا بەلانیکەمەوە ٤٦ جار چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە و بەو هۆیەوە ٤٣٧ پەکەکەیی گیانیان لە دەستداوە.

لە ساڵانی ٢٠١٨ – ٢٠١٩دا دەوڵەتی تورک لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا لە دژی هەرێمی عەفرین چەکی کیمیایی بەکارهێنا و بەو هۆیەوە دەیان کەس بریندار بوون، کە منداڵیشیان لە ناودا بوو. هێرش بە چەکی کیمیایی بۆ سەر عەفرین لە راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باسیان لێوەکراوە.

ئێستاش جارێکیتر ئاشکرا بوو، کە سوپای تورک لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، کە لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ەوە دەستی پێکردووە، چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. ڕۆژنامەی "مۆرنینگ"ی بەریتانی ئەو بابەتەى بە وێنەى ئەو ئەندامانەى پەکەکە، کە لە هێرشی کیمیاییدا گیانیان لەدەستداوە و بە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە / KCK)دا بڵاوکردووەتەوە.

هەروەها بە گوێرەی ناوەندی راگەیاندن و پاراستنی هەپەگە، سوپای تورک لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ٣٨٣ جار بە چەکی کیمیایی هێرشی ئەنجامداوە و بەو هۆیەوە تا ئێستا ٣٤ ئەندامی هەپەگە گیانیان لە دەستداوە.

 ڕۆژی ٤ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە گوندی هرۆر لە هێرشێکی کیمیایی سوپای تورکی داگیرکەردا زیانێکی زۆر بە خێزانێک گەیشت و تووشی تەنگەنەفەسی و سووربوونەوەى پێست بوون. تیمی ئاشتیی مەسیحی لە عێراق لەو بارەیەوە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، کێشەی تەندروستی ئەو خێزانە بەهۆی هێرشی چەکی کیمیاییەوە بووە.

زۆرێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە سوپای تورک لەم ڕۆژانەدا چەکی قەدەغەکراوی لە ناوچە نێونەتەوەییە قەدەغەکراوەکاندا بەکار دەهێنێت.

ڕێکخراوەکانی ژنان، سیاسەتمەداران، نوسەران و پارێزەران کاردانەوەیان بەرامبەر بەو دۆخە هەبوو، بۆیە نامەیەکیان ئاراستەی رێکخراوی رێگریکردن و قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان (ئۆ پی سی دەبیلو - OPCW) کرد و داوایان لێکردن، کە هەڵوێست وەربگرن. لە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکاندا لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە لە زۆڕێک لە ناوچەکانی جیهاندا چالاکیی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەچێت.

بۆچی ئۆ پی سی دەبیلو بێدەنگە؟

گەورەترین رێگا بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکدانان جێبەجێکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە. بەتایبەتیش ئەوانەى پەیوەندییان بە کورد و کێشەى کوردەوە هەیە...

لەم ڕۆژانەی دواییدا هەپەگە و کەجەکە و چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داوای "لێکۆڵینەوەیان لە شوێنی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەکاندا" کرد، بەڵام سەرنجڕاکێشە، کە تا ئێستاش ئۆ پی سی دەبیلو بێدەنگە.

ئۆ پی سی دەبیلو ناوەندەکەى لە شاری دێنهاگ (لاهای) هۆڵەندایە. لە کاتی هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گرێ سپی و سەرێکانی لە ساڵی ٢٠١٩دا رەخنە لە پەیوەندیی ئەو رێکخراوە لەگەڵ دەوڵەتی تورک دا گیرابوو. کاتێک ڕاگەیەندراو بڵاوکرایەوە، کە سوپای تورک لە هێرشەکانیدا چەکی کیمیایی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکاردەهێنێت، شەعبان دیشلی باڵیۆزی تورکیا لە لاهای بڕی ٣٠ هەزار یۆرۆی دابوو بە ئۆ پی سی دەبیلو.

بەپێی ئۆ پی سی دەبیلو ئەو گازانەی چاو دەسوتێننەوە، کە لەلایەن پۆلیسەوە بۆ سەرکوتکردنی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێن، یان هەر جۆرێک لە ماددەیی کیمیایی لەو شێوەیە قەدەغەیە بۆ مەبەستی سەربازی لە شوێنە داخراوەکانی وەک ئەشکەوتەکاندا بەکاربهێنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، دوای هێرشی داگیرکاریی سوپای تورک لە ١٠-١٣ی شوباتی ٢٠٢١ بۆ سەر گارە، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی نەتەوەیی تورک دانی بەوەدا نا، کە "گازی سوتانەوەى چاویان بەکارهێناوە"، بەڵام سەرباری ئەوەش ئۆ پی سی دەبیلو بە پێویستی نەزانی لێکۆڵینەوەیەک لە سەر ئەو دانپیادانە بکات.

ژ.ت