وەزیری دەرەوەی عێراق: دەوڵەتی تورک هێرشەکەی ئەنجامداوە

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر زاخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دراوە. ڕاشیگەیاند، ڕووداوەکە دەبنە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شارەزایانی ئاسایش و بەرپرسانی سەربازی لێکۆڵینەوەیان لەهێرشەکەی زاخۆ کرد، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە، کە دەوڵەتی تورکیا ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئامادەبوونی شاندێکی سەربازی لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک لە زاخۆ ئەنجامیداوە، قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد.

فوئاد حسێن ئاماژەی بەوە کرد، شارەزایانی سەربازی و بەرپرسانیش لێکۆڵینەوەیان لە کۆمەڵکوژییەکەی زاخۆ کردووە و وتی: "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە ڕوون بووەتەوە، کە بۆردوومانەکە لەلایەن سوپای تورکەوە ئەنجام دراوە".

فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی تورکیا لەسەر خاکی عێراق قبوڵ ناکرێت و وتی: "ئەوە ڕوون بوو، کە شەڕی دەوڵەتی تورک لەگەڵ پەکەکەدا نییە، بەڵکو تورکیا دەیان گوندی کوردستانی عێراقی داگیرکردووە و هاوڵاتیانی مەدەنیش دەکوژێت".

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وت، ڕووداوەکە دەبنە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ژ.ت