یەکێک لە بنەماکانی یەکێتی نەتەوەیی حیزبە کوردییەکانن

هاوڵاتی حەسەن بەلەدە کە خەڵکی شاری شاباد گرێدراوی کرماشانە، لە بەر زەخت و زۆری رژێمی داگیرکەری ئێران کۆچبەری باشووری کوردستان بووە و لەسەر ئەو هێرشانەی کە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان لە سەر کورد و کوردستان هەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

حەسەن بەلەدە خەڵکی شاری شاباد گرێدراوی کرماشان بۆ ئەو داگیرکارییەی کە لە کوردستان دا هەیە و کۆنگرەی نەتەوەیی بەمجۆرە لەسەر ئەم بابەتانە هەڵسەنگاندنی کرد:" وڵاتەکەمان کوردستان بە تایبەت لەو سێ  سەدەی دواییدا رووبەڕووی داگیرکاری بووەتەوە. ئەگەر بمانهەوێ وڵاتەکەمان بناسین لەسەرەتادا ئەبێت دۆژمنەکانی کوردستان بناسین. واتا گومانمان لەو دوژمنایەتییەی دژی گەلی کورد بەڕێوەی ئەبەن نەبێت. بۆ نموونە پێویستە سیاسەتەکانی تورکیە بناسین. ئەبێ بزانین کە ئاخۆ ئەو شەڕە دژی گەلی کوردە یان دژی پەکەکەیە؟! ئەگەر ئێمە وەها بیر بکەینەوە کە ئەوە بە تەنیا دژی تەڤگەرە ئەوە دوژمنی خۆمان باش نەناسیوە. ئەگەر ئێمە دوور نەچین و چاوێک لە مێژوو بکەین  ئەبینین دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە بە سەدان جار هێرشی وڵاتی ئێراقی کردووە. ئەو کاتە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان نەبوو، بەڵام ئەبینین کە هەموو کات دژایەتی وڵاتی ئێراقیان بە بیانووی زۆر جیاواز وەکوو سیاسەتەکانی ئێراق لە بەرانبەر تورکمانەکان کردووە".

حەسەن بەلەدە لەبەردەوامی وتەکانی دا ئاماژە بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک و دوژمنایەتی گەلی کورد کرد و گوتی :" لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان دەوڵەتی داگیرکەری تۆرک بە هیچ جۆرێک ئەو ئۆتۆریتەی قەبوڵ نەکردووە. و لەو کاتەدا ئامانج بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و PKK نەبووە. لەو کاتەدا بە تەنیا کورد هەبووە و ئێمە هیچ گۆمانێکمان نییە کە ئەو دۆژمنە دۆژمنی کوردە و مەرجی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان ئەوە بووە کە شەڕێک لە نێوان کورد دا دروست بکەن کە بەداخەوە خەریکە سەرئەکەون ".

بەلەدە بەمجۆرە شیی کردەوە کە چۆن داگیرکەران و نەیارانی کورد، کوردیان کردۆتە ئامانجی خۆیان:" ئەگەر ئێمە چاو لە رۆژئاوای کوردستان بکەین ئەبینین کە تەنانەت هەوڵ ئەدەن لە رێگای داعشەوە کورد لەناو ببەن. لێرەدا مژار حیزب نییە، بۆ نموونە لە باکووری کوردستان زمانی کوردی قەدەغە دەکەن و ئاسمیلاسیۆنی زمانی کوردی پێش ئەخەن و بەهەر شێوەیەک هەبوونی کورد بە ئامانج ئەگرن. بینیمان کە حیزبەکانی سیاسی کوردیان لەناو برد. هەرلەبەر ئەوەش ئێمە هیچ گومانێکمان نییە کە دوژمنی ئێمە دوژمنی کوردە و تەنیا دوژمنی حیزبێکی کوردی نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش وەکوو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی، وەکوو حیزبێک کە بۆ خاکی خۆمان شەڕ ئەکەین ئەرکی ئێمەیە کە یەکێتی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین تا بتوانین لە هەمبەر گەورەترین داگیرکەری کوردستان خۆمان بپارێزین."

حەسەن بەلەدە گوتی ئەگەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان لە ناو بچێت باشووری کوردستانیش نامێنێتەوە و بە مجورە دوا:" بە دڵنیاییەوە ئەگەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان لە ناو بچێت، بە بیانووی جیاواز باشووری کوردستان  داگیرئەکەن. هەر لەبەر ئەوەش پێویستە ئێمە یەکێتی خۆمان بپارێزین. بەتایبەت لەو قۆناغە میژووییەدا کە زۆر چارە نووس سازە. ئەگەر ئێمە کاتێک کە سۆڤیەت رووخا و وڵاتی نوێ  دامەزرا، بمانتوانیایە یەکێتی نەتەوەییمان بپارێزین بێگۆمان زووتر بە ئازادی ئەگەشتین. ئێستاش لە بارودۆخێکی وەهاداین کە گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا دروست ئەبێت، ئەتوانین ئەمجارە بە یەکێتی خۆمان ئەم دەرفتە بە فیڕۆ نەدەین."

حەسەن بەلەدە لە قسەکانیدا داواکاری خۆی لە حیزبە کوردییەکان بەو شێوەیە دەرئەبڕێت:" هیوادارم کە هەمووحیزب و سەرکردەکانی کورد لە گرینگی ئەو مژارە تێبگەن و بەو زێهنیەتەوە لەبەرانبەری داگیرکەری و دژایەتی لە کوردستان بجوڵێنەوە".

حەسەن بەلەدە لە قسەکانی دا بەم جۆرە باسی لە یەکێتی نەتەوەیی کرد:" لە ساڵی ٢٠١٤ لە دوای شەڕی کۆبانێ، ئێدی گەلی کورد راستە وخۆ لەو کاتەدا گەیشتنە ئەو راستییەی کە داگیرکەری لە کوردستان و لە ناوچە و دژی گەلی کورد بەڕێوە ئەچێت. یەکێتییەک لەناو گەلی کورد دروست بوو و ئەویەکێتییە بوو بە هۆکاری ئەوەی کە کورد زۆرتر یەکتر بناسن و بەهێز بن و تەنانەت لە ئەورۆپاش زیاتر لە پێشێ کورد بناسرێت. ئەگەر ئێمە دیسان یەکێتییەک لە نێوان حیزبەکاندا دروست بکەین و ئەو یەکێتییە دووبارە زییندوو بکەینەوە، کورد ئەتوانن هەڵوێستی خۆیان جارێکی دیکە پیشانی گشتی جیهان بدەن. ئێستا گرینگترین کارێک کە بۆ پاراستنی کوردستان بکرێت ئەوەیە کە جارێکی دیکە یەکێتی نەتەوەیی دروست بێت و هەموو حیزبەکان هەوڵی خۆیان بدەن کە جارێکی دیکە پێکەوە کۆ ببنەوە و لە هەمبەری داگیرکەری کوردستان خاوەنی یەک دەنگ و یەک بڕیار بن."

حەسەن بەلەدە بانگەوازی بۆهەموو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت بۆ خەڵکی کرماشان کرد و وتی:" ئەبێ لە ریشەی ئەو بارودۆخە بکۆڵینەوە کە دوژمنانمان بۆ ئێمەیان دروست کردووە. بۆچی ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە جێیەک کە خەریکە هێدی هێدی زمانمان لە ناو ئەچێت؟! بۆ نموونە وڵاتانی هەرە بچوک لە کەنداویش هەر یەکەیان بە سەدان کانالی تەلەڤیزیۆنییان هەیە. بەڵام شارەکانی وەکوو کرماشان، ئیلام کە بەیەک زمان و زاراوە قسە ئەکەن هیچ کاناڵێکی راگەیاندنیان نییە.

لە کاتی قاجاڕەوە تاوەکوو رژێمی کۆماری ئێسلامی هەوڵ ئەدەن کە زمان و کلتووری ئێمە لەناو ببەن. هەر بۆیە پێویستە ئێمەش لەبەرانبەری ئەو بارودۆخە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبین و بتوانین خۆمان بپارێزین. بتوانین چواردەورەی خۆمان ببینین  و تێبگەین هۆکاری ئەوەی ئێستا لە بارودوخێکی وەها داین چیە؟ جگە لە کێشە سیاسی و کلتووریەکان، کێشە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان هەموو پێکەوە گرێدراون و لە کێشەی سیاسی کاریگەر ئەبن. ئەگەر ئێمە بڵێین کە سیاسەت هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نیە ئەوە یەکەمین شکستی ئێمە ئەبێت. پێویستە کە بێ هەڵوێست نەبین، هەڵوێستی خۆمان دیار بکەین و تێبکۆشین و بێ هیوا نەبین."

ف.ق