بەدران چیا کورد: فاشیزمی دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی مێژوویی تێکدەشکێنرێت

بەدران چیا کورد ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی مێژوویی بەرامبەر بە خۆڕاگری ئەوان تێکدەشکێنرێت و وتی، "ئەم ڕژێمە فاشیستە کە هەوڵدەدات لەسەر خوێنی گەلەکەمان لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، دەبێت زۆر باش بزانێت کە هیچ شانسێکی نییە."

هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەدران چیا کورد، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی  فورات (ANF) قسەی کرد.

چیا کورد ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات ئەو هێرشە دڕندانەیە دژی هەمووان وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئەستەنبوڵ پیشان بدات و وتی، "هەموو کەس دەزانێت کە هێرشەکەی تەقسیم لەلایەن میتەوە پلانی بۆ دانراوە و بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش کراوەتە سەر گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. هەمووان دەبینن دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو هێرشانە فراوانتر بکات و فیتنە لەناو گەلاندا بڵاوبکاتەوە و گەلەکەمان لەناوببات. چونکە هەبوون و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەدژی خۆیان وەک هەڕەشە دەبینن.

حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە، کە بە هێرشە گشتگیرەکەی جارێکی دیکە ڕووی فاشیست و تیرۆریستی خۆی نیشان دا، بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە و درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات، دڕندانە هێرش دەکاتە سەر گەلەکەمان. ئەم دەسەڵاتە فاشیستییە کە هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر خوێنی گەلەکەماندا مسۆگەر بکات، دەبێت زۆر باش بزانێت کە شانسێکی بەو جۆرەی نابێت. هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی شەڕ ڕوونەدات، بەڵام جگە لە بەرەنگاربوونەوە هیچ ڕێگەیەکی تر نییە. جگە لە بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە.

دەوڵەتی تورک ئێستا لە پرۆسەی داڕماندایە. ئەگەر کەمێک زیاتر بەرەنگاری ببینەوە، فاشیزمی تورک بەشێوەیەکی مێژوویی تێکدەشکێت. بۆ شاردنەوەی شکستەکەیان پەنا بۆ هەموو ڕێگایەکی قێزەون دەبەن. بەکارهێنانی گروپەکانی وەک بەرەی نوسرە و داعش، هێرش بە چەکی کیمیایی و رێگەکانی دیکە هەمووی بەکاردەهێنن. پەنابردن بۆ هەموو جۆرە شێوازێکی قێزەون. ئەمە تاوانی جەنگیە. ئەگەر دەسەڵاتێک بەم شێوەیە هێرش بکات، پێویستە بزانرێت کە ئەو دەسەڵاتە شکستی هێناوە”.

'ئەوانەی هەڵوێستیان نییە، هاوبەشی هێرشەکانن'

بەدران چیا کورد وتی، "هێرشەکە تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری هەموو جیهان و هەڵوێستی رای گشتی نێودەوڵەتی بەم شێوەیە هەڵسەنگاند: " تورکی فاشیست چەندین ساڵە لەبەرچاوی جیهان، سەدان جار تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، هەڵوێستی جیهان بەرامبەر بەم کردەوانە لاوازە، لە ئاستی نەبوندایە، ئەم بێدەنگییە هێز و بوێری بە دەوڵەتی تورک دەبەخشێت.

ئەوانەی هەڵوێستی ڕوون لە دژی ئەمە نیشان نادەن، بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە. زلهێزەکانی وەک روسیا و ئەمریکا کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ 'ڕێککەوتنی ئاگربەست'یان ئەنجامدا، پێویستە بەرامبەر ئەو هێرشانە بوەستنەوە و ڕێگرییان لێبکەن. ئەگەر هێرشەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، ناوچەکە رووبەرووی هێرشی بەرفراوان دەبێتەوە. هەروەها بەرخۆدانی گشتی لە دژی ئەمە دەست پێدەکەین. بەرخۆدانی ئێمە تەنها لە هەندێک ناوچەدا نامێنێتەوە. دەستپێکردنی شەڕ لە ناوچەکەدا سوودی بۆ گروپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و ئەلنوسرە دەبێت. دەوڵەتی تورکیا کە هەوڵی پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک داعش دەدات، دەیەوێت بە شکستپێهێنانی ئەو هێزانەی کە داعشیان تێکشکاند، رێگە بە گروپە تیرۆریستییەکان بدات.

'پێویستە هەموو کەسێک هەستێتە سەرپێ'

چیا کورد، ڕایدەگەیەنێت کە هێرشەکە بۆ سەر هەموو سوریایە و دەڵێت "هێرش بۆ سەر سەربازانی حکومەتی دیمەشقیش ئەنجامدراوە، سەربازێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان هەرگیز یەکڕیزی سوریا و گەلیان ناوێت لە سوریا. بۆیە پێویستە گەلی سوریا پێکەوە دژی فاشیزم و داگیرکاری بجووڵێنەوە، گەلانی ناوچەکە، هەموو لایەک لە دژی فاشیزم هەڵوێستیان هەبێت.

گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، جارێکی دیکە، هەڵوێستی خۆیان لە دژی داگیرکاری نیشان دا و لەدژی هێرشەکانی بەرخۆدانیان کرد. ئێمە پێمان وایە گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان لە دژی داگیرکەران. پێویستە گەلانی سوریا لەگەڵ گەلانی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر یەکبگرن و دژی هێرشەکان بوەستنەوە. هێزی بەرگری دەبێت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر لە بەرگیری شەرەفمەندانەدا بەشدار بێت. دەیانەوێت وڵاتمان بکەنە گۆڕەپانی شەڕ و گۆڕەپانی ژیان چۆڵ بکەن. هەموو کەسێک بە رۆحی بەرخۆدان هەڵدەستێتە سەر پێ و فاشیزمی دەوڵەتی تورک لە مێژوودا دەسڕێتەوە."

ف.ق