بکوژانی یاسین بولوت دەستگیرنەکراون

راگەیەنرا کە ئەو کەسانەی یاسین بوڵوتیان شەهید کرد کە سەر بە دەوڵەتی تورکن، دەستگیر نەکراون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوای ئەوەی لە بەرانبەر بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان تێکشکاوە، لە شارەکان دەستی بە کاری تیرۆرکردن کرد. دوای ئەوەی ١٦ی ئەیلول هاوڵاتیەکی پەنابەری باکوری کوردستان رووبەرووی هێرشی چەکداری بووەوە، دوێنێ شۆڕشگێری کوردی یاسین بوڵوت کرایە ئامانج.

یاسین بوڵوت ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە بە نازناو شوکری سەرحەد، کە بەهۆی کێشەی تەندروستیەوە لە سلێمانی بوو، دوێنێ کاتژمێر ٠٩:٠٠ لە گەڕەکی چوارچرا لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە درایە بەر دەستڕێژ. لە ئەنجامدا شوکری سەرحەد شەهید بوو.

لەبارەی هێرشەکە دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی راگەیەنراویان بڵاوکردەوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری یەنەکە لەمبارەیەوە روونکردنەوەیاندا.

دژە تیرۆر رایگەیاند کە لەبارەی رووداوەکانی دوو رۆژی رابردووی سلێمانی زانیاری گرنگیان بەدەستهێناوە و وتی، "ئێمە هەموو زانیاریەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین."

ئەمڕۆ ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری یەنەکە لەبارەی دەستگیرکردنی تاوانباران لە فەیسبوکە تایبەتەکەی راگەیەنراوێکی بلاوکردەوە.

ئەژی ئەمین وتی، " تاوانباران دەستگیرکراون. بە زوترین کات زانیاری بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین."

بەڵام ئاشکرا بوو کە ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، ئەو کەسەیە کە هێرشی کردووەتە سەر فەرهاد بارش کۆدو، بەڵام بکوژی ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە و ئەنجامدەرانی پشتی کارە قێزەونەکە دەستگیر و ئاشکرا نەکراون.

ژمارەیەک سەرچاوە کە نەیانویست ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن رایانگەیاند، زۆر کەس لەنێو پلانەکەدان. سەرچاوەکان رایانگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، ئەو کەسەیە کە هێرشی کردووەتە سەر فەرهاد بارس کۆدو. بەڵام ئەو کەس یان کەسانەی شوکری سەرحەدیان شەهید کردووە، دەستگیرنەکراون.

بەپێی سەرچاوەکان، ٤ کەس هێرشیان کردووەتە سەر یاسین بوڵوت (شوکری سەرحەد). کەسێک تەقەی کردووە و ئەوانەی دیکە لە شوێنی رووداوەکە چاودێریان کردووە. تاوانباران سواری پیکابێکی جۆری تۆیۆتا بوون و هەڵهاتوون.

ف.ق