بەرپرسیاری کۆمەڵکوژی جندرێس دەوڵەتی تورکە

٣٢ ڕێكخراو و لایەنی سیاسی لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوای كۆتاییهێنانیان بە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك كرد و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورك و گروپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی، بەرپرسیارن لە كۆمەڵكوژی جندرێس، كە لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی بوونە قوربانی.

٣٢  ڕێكخراو و لایەنی سیاسی لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قامیشلۆ، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیان، لەبارەی كۆمەڵكوژییەكەی جندرێس ئەنجامدا.

لە كۆنگرەكەدا تەڵال محەمەد، هاوسەرۆكی پارتی ئاشتیی دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیەندراوێكی خوێندەوە، کە تێیدا هاتووە، دەوڵەتی داگیركەری تورك و هاوپەیمانەكانی بەرپرسیارن لە تاوانەكەی جندرێس.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بە دوژمنکارییەکی دڕندانە، کۆمەڵێک چەکداری ئەحرار شەرقیەی تیرۆریستی سەر بە سوپای نیشتمانی سوریا، دەسترێژی گولـلەیان لە گروپێک هاوڵاتی کوردمان کردووە، کە لە جندرێسی عەفرینی داگیرکراو ئاگری نەورۆزیان کردبووەوە، لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی شەهیدبوون و ژمارەیەکیش برینداربوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم تاوانە ڕاستییەكان لە ناوچەكانی داگیركراو لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتی تورك و بەكرێگیراوانی بەتایبەت لە ناوچەی عەفرین ئاشكرا دەكات، ماوەی ٥ ساڵە عەفرین بەدەست كوشتن، دەستگیركردن، ئەشكەنجەدان و تاڵانكاری چەتەكانی پاشماوەی داعش و بەرەی نوسرە و گروپە تیرۆریستییەكانی دیكە دەناڵێنێت، كە دەوڵەتی تورك بۆ ئەو ناوچانە بردوونی، جگە لەوەش بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە بنەماڵەی ئەو گرووپە چەكدارانەشی هێناوەتە ناوچەكە و لە شوێنە كوردنشینەكاندا نیشتەجێی كردوون.

جەختیشكراوەتەوە، دەوڵەتی تورك، كە دەوڵەتێكی داگیركەرە و هاوپەیمانی، كە لایەنگری سیاسی داگیركارییە، هەردووكیان بەرپرسیارن لەم تاوانە، هەروەها هەوڵەكانیان بۆ تۆمەتباركردنی گروپێكی چەكدار تەنها پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكان و بارودۆخی دڵتەزێنی ناوچەی عەفرین و ناوچە داگیركراوەكانی دیكەیە لە باكووری سوریایە.

ئەو ٣٢ ڕێكخراو و لایەنە سیاسییە هەروەها داوایان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمریكا و ڕوسیا كردووە، كە بە خێرایی هەنگاو بۆ كۆتاییهێنان بە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە ناوچەكانی عەفرین، سەرێكانی، گرێسپی و هەموو ناوچەكانی باكووری سووریا بهێنن.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، داوا لە هەموو خەڵكی سوریا دەكەین، كە خەبات بۆ كۆتاییهێنان بە داگیركاری خاكی سوریا، لە لایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە بەرز بكەنەوە و پاڵپشتی سەرهەڵدانی دانیشتوانی عەفرین بكەن و پشتیوانی لە داواكارییە ڕەواكانیان و گەڕانەوەی كۆچبەران بكەن.

ف.ق