دانیشتوانی منبج لە دژی هێرشی داگیرکاری ڕێپێوانیان ئەنجامدا

هاوڵاتیانی منبج لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ڕێپێوانیان ئەنجامدا. خەڵکی منبج رایانگەیاند کرد کە بەرخۆدانی خۆیان فراوانتر دەکەن.

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتی ژنانی گەنج لە منبج ڕێپێوانیان ڕێکخست. دەیان کەس لە دانیشتوانی شاری منبج بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی میزان دەستیپێکرد.

ڕێپێوانەکە بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆردومانکردن و بەئامانجگرتنی گوندەکانی منبج، تل ڕیفەت، گرێ سپی و تل تەمر و هەروەها هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی باشووری کوردستان رێکخرابوو.

چالاکییەکە لە گۆڕەپانی مێسبێ بوو بە گردبوونەوە. لە گردبوونەوەکەدا، لەلایەن هاوسەرۆکی کۆمیتەی منبجی گەنجان و وەرزش محەمەد ئەلحەسەن، بەیاننامەیەک خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە گشتی و بەتایبەت شاری منبج و باشووری کوردستان ئاڤاشین، زاپ و میتینا شەرمەزارکرا و باسی ئەوەکرا:"ئەمە بەردەوامیی جێبەجێکردنی ئەو پلانانەی گۆڕینی دیمۆگرافییە کە دەوڵەتی تورک چەند ساڵێک پێش ئێستا لەسەر حسابی خەڵکی ناوچەکە ئەنجامیان دەدات"

لە لێدوانەکەدا ئەوەش هاتووە: لەو کاتەوەی شاری منبج لە تاریکی و زۆرداری چەتەکانی داعش ڕزگارکراوە لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدەوە، دەوڵەتی تورک بە قورسی بۆردوومانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات و ئامانجی دروستکردنی سەرلێشێواوی و مەترسیە لە ناو هاوڵاتیاندا.

باسی ئەوەکرا: دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکە و هەرێمەکانی باشوری کوردستان داگیرکاری خۆی بەرفراوانتر دەکات، دەیەوێت پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری شکست پێبهێنێ، چونکە پرۆژەی ئازادی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ لە بەیاننەکەی خۆیدا دووپاتی کردەوە، کە ئاستی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی لە دژی هەر هێرشێک بۆسەر خاک، شەرەف و ئازادیی دانیشتوان بەرز دەکاتەوە و ئەو دەسکەوتانەی کە لە ڕێگەی شەهیدانەوە بەدەستهاتووە دەپارێزێت.

لە کۆتاییدا وترا، کە لە دژی هێرشەکانی دوژمن بێ وەڵام نامێن و بۆ پاراستنی دانیشتوان لەگەڵ هێزی سەربازی هاوکار دەبن.

ف.ق