کۆبوونەوەی ساڵانەی قەسەدە هێشتا بەردەوامە

قەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە کاری هاوبەشیان بۆ ئاسایشی هەرێمەکە. تاوەکو ئێستاش کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی کامێراکان بەردەوامە.

کۆبوونەوەی ساڵانەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) کە بەیانیی ئەمڕۆ بە درووشمی «قەسەدە زامنکاری دەستکەوتەکانی شۆڕش و ڕزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و پاراستنیانە» دەستیپێکر، بە لێدوان و گفتوگۆ بەردەوامە.

لە کۆبونەوەکەدا ٥٠٠ نوێنەر لە هەموو ئەنجومەنە سەربازییەکانی قەسەدە، شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەروەها کەسایەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ریشسپیانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامادە بوون.

لە کۆبونەوەکەدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی قەسەدە، کە وتاری کردنەوەی پێشکەش کرد، تیشکی خستە سەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و ڕایگەیاند، کە ئامادەن لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دیالۆگ بکەن، بە ئیدارەی دیمەشقیشەوە.

مەزڵوم عەبدی، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، کە پشتگیری گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن بۆ زێدی خۆیان بۆ ئەوەی قەسەدە ئەرکی شکستپێهێنانی چەتەکانی داعش جێبەجێ بکات.

عەبدی هەروەها تیشکی خستە سەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕایگەیاند، کە بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕووبەڕووی زەحمەتی بوونەتەوە؛ بەڵام بە یەکێتی و خاوەنداریکردن لە گەلی هەرێمەکە و هێزە دۆستەکانیان توانیویانە رووبەرووی ئەو زەحمەتیانەی ئێستا ببنەوە"

عەبدی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە مەترسی گەڕانەوەی داعش بۆ ئەو ناوچانە هەیە و داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و جیهان بە گشتی کرد کە بە پێی ئەو ڕاستییە کار بکەن و پاڵپشتی خۆیان بۆ قەسەدە بەهێزتر بکەن بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئارامی پارێزراو بێت .

مەزڵوم عەبدی باسی لە چەتەکانی داعشیش کرد و وتی: "جیهان دەزانێت کە ١٠ هەزار چەتەی داعش لە زیندانەکانی ئێمەدان و باش دەزانن کە دەرفەتەکانی بەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زۆر نین؛ پێویست دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە بدات یارمەتییەکان بێتە ناو هەرێمەکەمان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چارەسەرێک بۆ ئەو دیلانەی داعش بدۆزێتەوە."

کۆبوونەوەی ساڵانەی قەسەدە تاوەکو ئێستاش دوور لە چاوی کامێراکان بەردەوامە.