خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر: دەوڵەتی تورک ڕاستەوخۆ بەشداری پلانی هێرشەکەی حەسەکە بوو

خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، دەوڵەتی تورک ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە هێرشی چەتەکانی داعش  بۆ سەر حەسەکە هەیە و وتی: "هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ ئامانجێکی گەورەیە".

 

خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پێویستە دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لە پلانی هێرشەکە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت و حسابەکەى بدەن.

راگەیاندراوەکەى خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر:

"ئێمە زۆرجار باسمان لە مەترسیی داعش و زیندانیان و بنەماڵەکانیان کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوە لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩دا لە باغوز لە رووی سەربازییەوە تێکشکێنران، بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ئەو دۆسیەیەی پشتگوێ خستووە. زۆرێک لە دەوڵەتەکان دەیانەوێت ئەو دۆسیە سنوردار بکەن بە هەرێمەکەی ئێمەوە. ئەوە هەڵەیە، داعش مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان، ئەو فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنە ڕێگرە لەبەردەم پاراستنی دەستکەوتە سەربازییەکان، کە لەلایەن قەسەدەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بەدەستهاتووە.

هێرشەکانی ڕۆژی ٢٠ی مانگ بۆ سەر زیندانی راگرتنی داعشەکان لە سەناعەی گەڕەکی غوێرانی حەسەکە، پلان بۆ دانراوە و ئامانجەکانیان زۆر گەورەیە. دەوڵەتی تورک دەستێکی ڕاستەوخۆی لەو پلان و هێرشەدا هەیە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییە دۆکۆمێنتکراوەکان، دەوڵەتی تورک ئامانجی لاوازکردنی ئاسایشی هەرێمەکەی هەیە و دەیەوێت داعش بە پلانی چەپەڵ و قێزەن زیندووبکاتەوە، تاوەکو دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و ئاسایشی هەرێمەکە تێکبدات.

پێویستە بەشێوەیەکی بەردەوام هاوکاریی نێونەتەوەیی هەبێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی پێویست بۆ لەناوبردنی داعش. بەتایبەتی بۆ قەسەدە. ئەو پلانەی سەر زیندان، کە لە حەسەکە دروستکراوە، بۆ تێکشاندنی هێزە بەرەنگارەکان بوو، کە تاوەکو ئێستا داستانی قارەمانانەیان بۆ پاراستنی هەرێمەکە و سوریا و جیهان لە دژی تیرۆر تۆمارکردووە و سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بۆیە هێزە سەربازییەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی هەرێمەکە بە وریاییەوە دەجوڵێنەوە.

یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بەرز رادەگرین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. پێویستە جیهان لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک بکات بۆ پشتگیریکردنی ئەو پلانە. ئەگەر نا داعش ڕوو لە هەمووان دەکات و سەرلەنوێ بشێوی و سەرلێشێواویی بڵاودەبێتەوە".

ژ.ت