لە پەرلەمانی باشوری کوردستان دوژمنایەتی کورد دەکرێت

لەناو پایتەختی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانتارێکی بەرەی تورکمانیی هێرش دەکاتە سەر کورد و پەکەکە بە تیرۆرست ناودەبات، لەکاتێکدا نە لە پەرلەمانی هەرێم و نە پەرلەمانی عێراق، پەکەکە ڕێکخستنێکی قەدەغەکراو نییە و لەکاتی تەنگانەدا داوای بەهاناوەچوونی لێدەکرێت.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هیمداد سەباح، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیی لە پەرلەمانی هەرێم، هێرشی کردە سەر گەلی کورد.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشووری کوردستان، هیمداد ڕێگای بەخۆی دا بەناوی گەلی کوردەوە قسە بکات و وتی”پەکەکە و کورد دوو شتی جیاوازن و دەبێت جیای بکەینەوە”.

ئەو پەرلەمانتارەی بەرەی تورکمانیی، بەبێ ئەوەی حساب بۆ ئەوە بکات، کە ئەو پەرلەمانتارە و نە پەرلەمانی هەرێم و نە پەرلەمانی عێراق پەکەکەی ڕێکخستنێکی قەدەغەکراو نییە، پەکەکە بە “تیرۆرست” ناودەبات و دەڵێت:”پەکەکە بە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپا وەکو دەزگایەکی تیرۆست ناسراوە”.

هەروەها، ڕەوایەتیی دەدات بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و دەڵێت، ئەو دەستوەردانانە بەڕێککەوتنی تورکیایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیەتی.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی ئاماری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، باشووری کوردستان لەناو ڕیزەکانی گەریلادا زیاتر لە هەزار شەهیدی داوە و بەردەوامیش لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستانەوە بەشداربوون لەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەدا زیاد دەکات.

هەروەها، پەکەکە لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە باشووری کوردستان بەشداریی کردووە و چەندین ناوچە لەسەر دەستی پەکەکە لە داعش پاککراونەتەوە و پارێزراون، تەنانەت خودی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای بەهاناوەچوونیان لە پەکەکە کردووە.

ف.ق