قەرەیلان: شەهید فازل بۆتان فەرماندەیەکی نەتەوەیی بوو

فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە موراد قەرەیلان یادی فازل بۆتانی بەرزڕاگرت و وتی، "ئەو فەرماندەیەکی نەتەوەیی بوو. لەپێناو هەرچوارپارچەی کوردستاندا تێکۆشا. فەرماندە فازل لەبیرناکرێت".

فەرماندەی فازل بۆتان (ئەحمەد شەکەر) لە هەرێمی بۆتان لە دایکبوو کە وڵاتپارێزیی کوردستان لەو هەرێمە زۆر بەهێزە. فازل بۆتان لە گوندی چالشکانی ناوچەی سلۆپی شڕنەخ لەدایکبوو. لە ناو هەلومەرجی زۆر دژواردا لە ناو ریزەکانی گەریلا بۆ ماوەیەکی زۆر شەڕی کرد. لە ئەوروپا چووە کاروانی شەهیدانەوە.

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان باسی ژیان و تێکۆشانی شەهید فازل بۆتانی کرد. هەڵسەنگاندنەکانی قەرەیلان بەم شێوەیە".

"ئاڵای شەهیدان بە شەکاوەیی رادەگرین"

بە رێز و پێزانینەوە یادی فەرماندەی بەنرخ فازل بۆتان دەکەمەوە و لە بەردەم یادی ئەودا سەری خۆم دادەنەوێنم. ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانمان داوە دووبارەی دەکەینەوە و ناهێڵین چەکی ئەوان لەسەر زەوی بکەوێت و ئاڵای ئەوان بە شەکاوەیی رادەگرین.

ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە مرۆڤی کورددا بەئیرادەبوون، گیانبازی و بوێری گەورەی ساز کرد

لە کۆمەڵگای گەلی کورددا لە خوگرافیای کوردستاندا، زۆرترین گوشار، توندوتیژی و ستەم هەبوو. لەبەرامبەر ئەوەشدا لەناو مرۆڤی کورددا تا ئاستێک بوێری و گیانبازی هەبوو، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا شکست و ترس هەبوو. ئەو ئایدۆلۆژی و فەلسەفەیەی رێبەر ئاپۆ لە کوردستان هێنایە ئاراوە لەگەڵ ئەو کەسایەتیانەی کورددا کاتێک یەکیگرت، لە مرۆڤی کورد، گەنجانی کورد، کچ و کوڕانی کورددا بەئیرادەبوون، گیانبازی و بوێرەی گەورەی ساز کرد. ئەو راستییە زیاتر بۆ هەرێمی بۆتان راستە. لە مێژووەکەیدا جوامێری و ئازایەتی هەبوو، کاتێکی گەنجانی بۆتان لە رێگەی هزر و رامان و ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆوە جیهانیان ناسی، بە ئیرادەبوون و بوێریەکی زۆر بەهێز هاتە ئاراوە و بە دەیان فەرماندەی ئازا و گیانباز لەناو خەڵکی بۆتانەوە هاتنە ریزەکانی تێکۆشانەوە. لەناویاندا هەڤاڵ فازیل وەک پێشەنگ بوو. ساڵی ١٩٨٨ کە ئەو تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو، کاتی ئەوەبوو کە بچێتە سەربازی زۆرەملێی تورک، بەڵام لە بری ئەوە دێت و دەبێتە سەربازی کوردستان، لەناخی دڵەوە بەشدار دەبێت و هەر زوو لە ساڵی ١٩٨٩ دا دەبێت بە فەرماندەی یەکینە و لە هەلومەرجی دژواردا بە بڕیاربوونی خۆی، لێهاتووبوونی خۆی بەهێز دەکات و ساڵی ٩٣ بەمەبەستی پەروەردە دەچێتە لای رێبەر ئاپۆ. رێبەر ئاپۆ لەوێ پەروەردەی دەکات و هەر لەو ساڵەدا دیسان دەگەڕێتەوە بۆ بۆتان.

مەتر بە مەتری هەرێمی بۆتانی دەناسی

هەڤاڵ فازڵ لە هەرێمی بۆتان مابووە و هەموو جوگرافیاکەی مەتر بەمەتر دەناسی. ساڵی ٩٤ دوژمن هێرشێکی قورسی کردە سەر بۆتان، هەڤاڵ فازل فەرماندەی تابوری گەڕۆک بوو، ماوەی ٤٥ رۆژ خۆڕاگری کرد و دواتر لەسەر بڕیاری بزوتنەوە کشایەوە بە بێ ئەوەی زیانێکی گیانی ئەوتۆ هەبێت. بزوتنەوە چی بوتایە ئەوەی بە بنەما دەگرت، بەم جۆرە مامەڵەی دەکرد.

لە شەڕدا زۆرجار هەڵە و کەموکورتی روودەدەن، بەهۆی ئەوەشەوە لێپرسینەوە دێتە ئاراوە، لە پراتیکی هەڤاڵ فازلدا بە درێژایی ٢٨ ساڵ شەڕ رەنگە هەندێک رەخنەی لێگیرابێت بەڵام هەرگیز رووبەڕووی لێپرسینەوە نەبووەتەوە، چوونکە هەوڵی دەدا پڕاوپڕ و بە تەواوەتی ئەرکەکانی راپەڕێنێت.

ساڵی ٢٠٠٦ رێکخستن بڕیاریدا سەنگەری ژێر زەوی پەرەپێبدات، ئەو کاتە هەڤاڵ فازل لە زاپ فەرماندە بوو، بە راستی هەندێک لەسەری راوەستەی کرد، نەک وەک ئێستا و وەک تونێل، بەڵکوو سەنگەری ژێر زەوی، واتە ئەگەر فەرماندەیەکی دیکە بووایە بەو رادەیە بە جدییەتەوە راوەستەی لەسەر نەدەکرد، هەر بۆیە بینیتان ساڵی ٢٠٠٨ و دوای ئەوەی لە ٢١ی شوباتدا دوژمن بە شێوەی کتوپڕ هێرشی کردە سەر زاپ لەسایەی ئامادەکارییەکانی هەڤاڵ فازل کە خۆی فەرماندەی ئەو بەرخودانەش بوو، دەوڵەتی تورک شکستێکی گەورەی خوارد. لێکەوتەی ئەو شکستە لەناو سیستمی تورکیادا گۆڕانکاری گەورەی بەدواوەبوو، چینی سەربازو ژەنەڕاڵەکان تووشی شکست بوون.

جارێکیتر و ئەو کاتەی کە دەوڵەتانی تورکیا، سوریا و ئێران رێککەوتنێکی چەپەڵیان لە دژی کورد واژۆکرد و مەترسی هێرش بۆ سەر قەندیل لەئارادابوو، هەڤاڵ فازڵ بۆ فەرماندەیی قەندیل دەستنیشان کرا و ساڵی ٢٠١١ هێرشی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر قەندیل دەستیپێکرد، هەندێک جار راگیرا، بەڵام بە گشتی دوو مانگ بەردەوامبوو. جارێکیتر لەوێ ئامادەکارییەکانی هەڤاڵ فازل، ئەو سیستمەی لەوێ دروستی کردبوو لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی ئێراندا بووە ئاستەنگ و بەربەست، لەگەڵ ئەودا هەڤاڵ سمکۆ هەبوو، فەرماندەی یەرەکە، واتە ئەوان هەردووکیان پێکەوە بەرخودانیان بەرەوپێش برد، بەتایبەتی تەپەی جاسوسان هەبوو، ئێران هەرچییەکی کرد، هێزە تایبەتەکانی لە تارانەوە هێنا و هەموو جۆرە تەکنەلۆژیایەکیشی بەکارهێنا نەیتوانی بیگرێت. دواتر وەستا، یەنەکە و پەدەکە کردە نێوبژیوان و شەڕ راگیرا. ئەو سیستمی سەنگەرانە هێزەکانی ئێرانی تووشی شۆک کردبوو. هەڤاڵ فازل سەربازێک بوو، فەرماندەیەک بوو، لە کارەکانیدا زۆر وردبین بوو، بە هەستیاریەوە راوەستەی دەکرد. بۆیەش ئەو شوێنە هەستیارانەی دەبوایە سیستمی بەرگرییەکەی بەهێز بکرایە، رێکخستن هەڤاڵ فازلی رەوانە دەکرد. فەرماندەیەکی بەو جۆرە بوو.

لە شکستپێهێنان بە هێرشەکانی داعشدا رۆڵێکی گرنگی هەبوو

کاتێک لە رۆژئاوای کوردستان لە گوندی حسێنی نێوان تل بەراک و تل حەمیسدا تەنیا لە یەک شەودا ١٠١ فەرماندە و شەڕڤانی یەپەگە شەهیدبوون، ئەمە گورزێک بوو بۆ مانەوەی یەپەگە. ئەو کاتە بەرەی نوسرە، سوپای ئازاد کە دواتر هەرهەموویان بوونە داعش هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی جزیرە چڕکردبووەوە.  رێک لەو کاتەدا هەڤاڵ فازیل چوو بۆ رۆژئاوا. ئەمەش بۆ رۆژئاوا بەخت و شانسێک بوو بەو پێییە ئەزمونی لە شەڕ و دروستکردنی سیستمی پاراستندا هەبوو. لەوکاتەدا کە میت داعشی خستەپێشەوە و روویکردنە رۆژئاوا و شەنگال و کۆبانێ، هەڤاڵ فازل لە رۆژئاوابوو لە سەر دروستکردنی سەنگەر و بەڕێوەبردنی شەڕ و تێکشاندنی داعش رۆڵی گەورەی گێڕا. دواتر لە ئاداری ٢٠١٥ بەهۆی رووداوێکەوە بەسەختی برینداربوو. ئەو کاتە بۆ ئەوەی چارەسەربکرێت هەم فەرماندەیی یەپەگە و هەم بەڕێوەبەرایەتی پەیەدە کەوتنە ناو هەوڵی زۆرەوە. بۆ ئێمەش مایەی خەم و پەژارەی زۆربوو. دواتر رەوانەی هەولێر کرا. ماوەیەک لە نەخۆشخانە مایەوە و لەوێ بەڕێز کۆسرەت رەسوڵ هەستی پێدەکات کە فەرماندەیەکی بەو جۆرە خاوەن بەرهەمە، تێچووی نەخۆشخانە دەگرێتە ئەستۆ. دواتریش لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسیەکان کاربەدەستانی فەرەنسا زانیبوویان و هاوکارییان کرد کە رەوانەی پاریس بکرێت بەمەبەستی چارەسەری . سپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە لەو کاتەدا بوونە هاوکار و یارمەتیدەر لەوەی هەڤاڵ فازل چارەسەری بۆ بکرێت. لە فەرەنسا مایەوە و چارەسەری وەرگرت. بەڵام بە تەواوەتی تەندروستی ئەو باش نەبووەوە و دواتریش هەر لە ئەنجامی ئەو برینانەداهەڤاڵ فازڵ شەهید ببوو.

فەرماندەیەکی نەتەوەیی بوو

هەڤاڵ فازڵ بە گشتی ماوەی ٣٤ ساڵ لەپێناو شۆڕشدا خۆی بەخت کرد، لە کۆی ئەو ماویە ٢٨ ساڵی لە چیاکانی کوردستاندا بە بەردەوامی لە شەڕدابوو، جگە لەو شەش حەوت مانگەی لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتیدا کە لەلای سەرۆکایەتی مابووەوە، بەردەوام لە چیاکانی کوردستان، لە هەرێمی بۆتان، لە بەهدینان، سۆران لە زۆر ناوچەی کوردستان زەحمەتیکێشا. بە ئەزمونی خۆی، بوێری خۆی، بە راستی و دروستی و بێگەردی خۆی خەباتێکی گرنگی بەڕێوەبرد. فەرماندەیەکی نەتەوەیی بوو کە لە پێناو هەر چوار پارچەی کوردستاندا تێکۆشا. لەهەمان کاتدا لە دژی داعش بووە قەڵغانێک. هەڤاڵ فازل لە ئەوروپا شەهید بوو، بۆ کادرەکانی ئەوروپاش نمونەیە. واتە دروستی، بێگەردی، لەدڵەوە بەشداربوون، پەیوەستبوون، ئەمانە پێودانگی زۆر گرنگن، ئەو بەردەوام بۆ ئێمە نمونەیە. ئەو تایبەتمەندییە ئاپۆگەرییانە لەکەسایەتی هاوڕێی بەنرخ فازلدا هاتە بوون بە کردار. نمونەیەکی زیندووە لە بەرچاومان. رێبازی ئەو دەگرینە بەر. پەیوەستی دۆزەکەی دەبین. تایبەتمەندی مێژوویی بەم جۆرە بە زیندوویی رادەگرین، لە بەرەوپێشبردنی شەڕی ئازادیی کوردستان، ئازادی رێبەر ئاپۆ، یادی ئەو شەهیدانە بە زیندوویی رادەگرین. قارەمانانی وەک فازل بۆتان و سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی کوردستان بە زیندوویی رادەگرین. بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان، یادی ئەوان بە زیندوویی دەهێڵینەوە، لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێین شەهید نامرن، شەهید نامرن، شەهید نامرن".

هـ . ب