قەسەدە: ٢٣ سەربازی تورک کوژران

هێزەکانی قەسەدە لە بەرانبەر هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک، لەسەر سنوری شاری مێردینی باکوری کوردستان چالاکی تۆڵەیان ئەنجامدا و ٢٣ سەربازی تورک کوژران.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) راگەیەنراوێکی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکردەوە کە ریزەچالاکیان لەبەرانبەر سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامداوە و ئاماژەی بەوەکرد، لەم دواییانەدا هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر خاکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا زیادی کردووەتە و وتی، " سوپای داگیرکەری تورک هەموو رۆژێک ناوچەکە تۆپباران دەکات و لەم دواییانەدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش ئەنجام دەدات. لە هێرشەکاندا هەم گەلەکەمان و هەم هێزە سەربایەکەمان شەهید دەبن. بە تەنها لە سەرەتای مانگی ئابدا، ٧ هاوڵاتی شەهید بوون کە دووانیان منداڵان، بە گشتیش ١٧ کەس بریندار بوون."

قەسەدە ئەم زانیاریانەی لەبارەی ریزەچالاکیەکانی لەەدژی سوپای داگیرکەری تورک بڵاوکردەوە:

" بۆ وڵامدانەوەی شەهیدەکانمان لە چوارچێوەی وڵامدانەوەدا، لە ٨ی ئابی ٢٠٢٢دا لەسەر سنوری شاری مێردین، ٣ چالاکی لەلایەن هێزەکانمانەوە ئەنجامدران.

لە یەکەم چالاکیدا، ئۆتۆمبێڵێکی زرێپۆشی سوپای داگیرکەری تورک کرایە ئامانج. لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ٧ سەربازی داگیرکەری تورک کوژران و ٢ داگیرکەریش بریندار بوون. ئۆتۆمبێڵەکەش تێکشکێنرا.

لە دووەم چالاکیدا، ئۆتۆمبێڵێکی دیکەی سوپای داگیرکەری تورک کرایە ئامانج. لە ئەنجامی چالاکیەکەدا ١٠ سەربازی داگیرکەری تورک لەنێو ئۆتۆمبێڵەکەدا کوژران.

لە سێیەم چالاکیدا ئۆتۆمبێڵێکی دیکەی داگیرکەری تورک کرایە ئامانج. لە ئەنجامدا ٦ داگیرکەر سزادران و ئۆتۆمبێڵەکە تێکشکێنرا.

لە هەرسێ چالاکیەکەدا ٢٣ داگیرکەری سوپای تورک کوژران و لانیکەم ٢ داگیرکەریش بریندار بوون.

قەسەدە بەڵێنیدا کە لە بەرانبەر هەموو هێرشەکان گەلەکەی بپارێزێت.

ف.ق