قەسەدە: ٤ چەتەی داعش دەستگیرکران کە لە کامپی هول کۆمەڵکوژییان دەکرد

قەسەدە رایگەیاند، ٤ چەتەی داعشیان دەستگیرکردووە، کە لە کامپی هول کۆمەڵکوژییان دەکرد.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) راگەیاندراوێکی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوکردووەتەوە و تیادا هاتووە، ٤ چەتەی داعشی خەڵکی عێراق، کە لە کامپی هول دەستگیران، کە پلانی کۆمەڵکوژییان دادەنا و کۆمەڵکوژییان ئەنجام دەدات.

لە راگەیاندراوەکەى قەسەدەدا هاتووە:

هێزەکانمان لە کامپی هول لە رۆژئاوای حەسەکە ٤ چەتەی داعشیان دەستگیرکرد و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا کرد. ئەو چەتانە پلانی کوشتنی ٣ کەسی مەدەنییان دانابوو، کە یەکێکیان ژن بوو.

هەر ٤ چەتەکە خەڵکی عیراقن و دوای تێکشکاندنی داعش لە باغۆز لە ناو هاووڵاتییاندا خۆیان گەیاندبووە کامپی هول و دەستیان بە رێکخستنی خۆیان کردبوو.

بەپێی دانپیادانانی چەتەکان، ئەوان رێنمایی کارەکانیان لە سەرەک چەتەیەک لە دەرەوە وەردەگرت و سەرەک چەتەکان لە رێگەى ژمارە تەلەفونی تورکیاوە پەیوەندییان بە شانە نهێنییەکانەوە لە ناو کامپەکەدا دەکرد. سەرەک چەتەکان رێنمایی ئەوەیان پێداون، کە دانیشتوانی کامپەکە بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژیانە و تیرۆریستییانە هان بدەن و ئەو کەسانەى رێنماییەکان جێبەجێ نەکەن دەبێت سزا بدرێن.

چەتە دەستگیرکراوەکان باسی ئەوەشیانکرد، چەندین سزا بۆ کەسە ناڕازییەکان هەبوو، بەڵام سزای باوەکان، کوشتن و سەربڕین بوو.

چەتەکان رایانگەیاند، هەڵمەتی ئەمدواییەى هیزەکانی ئاسایش و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رێگریی لە زۆرێک لە هەوڵ و پلانە تیرۆریستییەکان کرد، کە دەیانخواست لە رێگەى شانە نهێنییەکانەوە بە هاوکاریی ژنانی داعش ئەنجامی بدەن"

ژ.ت